کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی نۆروێژ

12:00 - 28 گەلاوێژ 2724

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بەبۆنەی ٧٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی بەشێكی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات و نوێنەری چەند حیزبی نۆروێژی، بەشێک لە هێز و لایەنە کوردی و ئێرانییەکان لە وڵاتی نۆروێژ ڕێز لە ٧٩ ساڵ تێکۆشان و مێژووی پڕ سەروەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆڕی سروودەوە و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد. لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا گەلاوێژ مێهفەر پێشکەشکاری بەرنامە، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی گشتی بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکەی کرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لەلایەن هاوڕێ ئەنوەر پوویاوە خوێندرایەوە، لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە حیزبی دێموكرات وەرچەرخانێکی گرینگ و مێژوویی لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان پێک ھێنا و بە دانانی گەڵالە و بەرنامەی ڕوونی سیاسی نەتەوەیی، جەوھەری ڕوانین و جیهانبینیی نوێی ھێنایە نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و خەمی چارەسەركردنی كۆی كێشە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی گەلی كوردی وەک ئەركێكی نەتەوەیی خستە سەرشانی لە مەیدانی خەباتدا.

پارتەکانی سۆسیالیستی چەپ، پاری کۆنسەرواتیو، پارتی سوور، پارتی ڕاست و پارتی ئێف ئار پێ، بەو بۆنەوە پەیامیان پێشکەش کرد کە لە پەیامەکانیاندا ئاماژە بە پشتیوانیی گەلی نۆروێژ لە بزووتنەوەی ڕزگارخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی ڕێژێمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی کرابوو.

پاشان پەیامی ڕێکخراوە سێنفیەکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن چاوەڕێ ئابادی پێشکەش کرا کە لە پەیامەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵ و گرینگیی ئەو ڕێکخراوانە لەنێو حیزبی دێموکراتدا کرابوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا نوێنەری چەند حیزب و لایەنی کوردستانی و ئێرانی بەشدار بوون و وێڕای پێشکەشکردنی چەپکە گوڵ، بە خوێندنەوەی پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بەرز نرخاند. 

جێگای ئاماژەیە کە چەند سروودی شۆڕشگێری لەلایەن هونەرمەندان هێدی قادری و شێرکۆ مەریوانی نێوئاخنی بەرنامەکان بوون و دوایین بەشی جێژنەکە بریتی لە گۆرانیی چەند هونەرمەند و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان بوو.