کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی دانمارک

12:15 - 28 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی ھەتاوی، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک، جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٩ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هورسێنس، بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی" ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی گەل و نیشتمان، لەلایەن خاتوو کەژوان یووسفییەوە دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٧٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب، لەلایەن سلێمان کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی میت یوولەند پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەگی دیکەدا پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو هاجەر قادری، خوێندرایەوە.

دوای پێشکەشکردنی سروودی "بژی دێموکرات" لەلایەن هونەرمەند شێرکۆ مەریوانی، پەیامی هێز و لایەنە سیاسییەکان بەم بۆنەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی تایبەتدا و بەو بۆنەوە کە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ هاوکاتە  لەگەڵ یادی لەدایکبوونی شەهید کۆمار دەرئوفتادە، شەهیدی شۆڕشی ژینا، ٧٩ مۆم بە بۆنەی ٧٩مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و ١٨هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی شەهید کۆمار، لەلایەن خاتوو هۆنیا حەسەنزادە و کاک پەیوەست خەلیلی هەڵگیرسان.

 لە نێوئاخنی بەڕێوەچوونی جێژنەکەدا هەر یەک لە هاوڕێیان ئەحمەد ڕەحمانی و ئیبراهیم ڕەسووڵزادە پەخشانێک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا و بە مەبەستی ڕێزگرتن لە کار و تێکۆشانی ئەندامانی حیزب، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دانمارک، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە کۆمەڵێک ئەندامی چالاکی حیزب کرا کە بریتی بوون لە:

ژیان مێحرابی، سەحەر حیسامی، هاجەر قادری  و مەهاباد قاسمی، ئیبراهیم ڕەسووڵزادە، کەماڵ پیرۆتی، دانا ئەلیاسی، کاوە خوسرەوی، حوسێن ئەلیاسی و کەریم محەممەدی.

شایانی باسە ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی ھونەرمەند شێرکۆ مەریوانی و بە هارکاریی دیار کەریم، تا درەنگانی شەو بە شایی و ھەڵپەرکێی بەشداربووان درێژەی کێشا.