کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موژگان کاوسی سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

17:38 - 28 گەلاوێژ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا حوکمی موژگان کاوسی، چالاکی کورد و خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران پاش پێڕاگەیشتنی دووبارە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم و گەڕاندنەوەی دۆسییەکەی بۆ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ساری، بۆ یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی کە داخوازیی پێڕاگەیشتنی دووبارە لەلایەن پارێزەرانی موژگانەوە لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ لە دیوانی باڵای ڕێژیم تۆمار کراوە و پاشان کە داخوازییەکە لەلایەن دیوانەوە قەبووڵ کراوە، دۆسییەکەی گەڕاوەتەوە بۆ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ساری و حوکمەکەی کەم کراوەتەوە.

موژگان کاوسی نووسەر، چالاک و بەندکراوی سیاسیی کورد ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ لە "نەوشەهری" مازەندەران پاش ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسبەسەر و لە بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ ئازاد کرا.

ناوبراو لەکاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ جارێکی دیکە دەسبەسەر و لە دادگای ئینقلابی نەوشەهر بە تۆمەتەکانی پڕوپاگاندە بە دژی ڕێژیم، هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم بە ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران سزا درابوو.

موژگان ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ لە دادگای ئینقلابی ساری بە "افساد فی الارض"، بڵاوکردنەوەی درۆ، هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی دوژمنی ڕێژیم تۆمەتبار کرا.

ناوبراو دواتر لەم تۆمەتانەی کە بێدادگاکانی ڕێژیم وەپاڵیان خستبوو بێبەری کرا و ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کوردە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەلاردەشتەوە بانگ کرا و پاشان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی تۆنێ کابۆن کرابوو.

ڕەشەمەی هەمان ساڵ داواکاریی ئازادیی بە پابەندی ئێلێکترۆنیکی لەلایەن دادگای ئینقلابی سارییەوە بۆ ناوبراو ڕەت کرایەوە و پاش سێ مانگ و لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ئەمساڵدا دادگا ڕێگەی بە "ڕای باز"بوونی ناوبراو دابوو.