کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماشاڵڵا کەرەمی، لە دۆسییەیەکی نوێدا سزای زیاتر لە ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

17:40 - 28 گەلاوێژ 2724

ماشاڵڵا کەرەمی، باوکی کۆمار کەرەمی، لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دۆسییەیەکی دیکەدا سزای هەشت ساڵ و دە مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، ماشاڵڵا کەرەمی، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی ڕێژیمەوە لە نەزەرئاباد بە تۆمەتی ''ڕەشکردنەوەی پارە'' و ''بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی'' سزای هەشت ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران، یەک میلیارد و ٩٠٠ ملیۆن تمەن پێبژاردن و دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکەی بەسەردا سەپێندراوە.

ماشەڵڵا کەرەمی پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە کەرەجەوە بە تۆمەتی ''کۆبوونەوە و دژایەتی''، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ''هەوڵدان دژی ئەمنییەتی گشتی'' سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دوای پشکنینی ماڵەکەی و زەوتکرانی مۆبایل و هەندێک کەلوپەلی دیکەی تاکەکەسی، دەسبەسەر کرا و لە ئەنجامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، گواسترایەوە.