کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش

11:32 - 29 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژ، کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش بە بەشەداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئە ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان  دەستی پێ کرد. بەڕێوبەری بەرنامە کاک حوسێن خاڵخاڵ وێڕای پیرۆزبایی و بەخێرهاتنی بەشداربووان درێژەی بە ڕێوڕەسمەکە دا.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن محەممەد فەقێ‌عەلی پێشکەش کرا و دوابەدوای پەیامی کۆمیتە نیکۆلاس کونرات، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری شاری ڤییەن لەسەر لسیتی حیزبی سەوز چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و سپاسی ئەو بانگهێشتنەی کرد.

کونرات وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە بەشداربووان وتی: ''ئێمە لێرە لە وڵاتی ئوتریش دەستمان کردووە بە پڕۆژەی ناودێرکردنی دارێک لە یەکێک لە پارکەکانی شاری ڤییەن بە ناوی دوکتور قاسملوو ڕێبەری ئەو حیزبە  کە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر لێرە تێرۆر کرا، کە هەنگاوەکانی یاسایی خۆی تا ئێستا تێپەڕ کردووە و بەم زووانەش هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی دەهاوێژین.''

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، پەیامی ڕەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا لەلایەن محەممەد شەریف پێشکەش کرا.

هەر یەک لە نوێنەرایەتیی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی سووریە، پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سووریە و پارتی ئازادی کوردستان بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بوون بەو بۆنەوە پەیامی پیرۆزباییان ئاراستە کرد.

بەشی هونەریی ئەم بەرنامەیە لەلایەن هونەرمەندان کاک کامران شێخ محەممەدی، شاهۆ مەولانایی و بزاڤۆ ڕازایەوە و بە موزیک و گۆرانی ڕێورەسمەکەیان شاد و خۆش کرد.