کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکیان ڕاست دەکات، کوردستان فریوی نەخوارد

12:06 - 29 گەلاوێژ 2724

سمایل شەرەفی

گوایا لە مشتومڕی نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە بۆکان و پزشکیان لە مەجلیسدا، پزشکیان لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی لە پێکهاتەی کابینەی دەوڵەتی پزیشکیاندا پشکی "ئەهلی سووننەت" و "ئەقوام" لەبەرچاو نەگیراوە و بۆ نموونە "کوردێک" وەک وەزیر دەستنیشان نەکراوە، سەرۆک‌کۆماری تازە دەستنیشانکراوی ئێران، مەسعوود پزیشکیان گوتوویەتی؛ "خۆ کوردستان دەنگی نەداوە".

یەکەم ئەوەی کە ئەوانەی بە هیوای دیاریکردنی کوردێک یان هەرکەسێک لە پێکهاتەیەکی دیکەی نەتەوەیی لە کابینەی وەزیرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەشداری لە پرسێکی وەک بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا دەکەن و چالاکی دەنوێنن - ئەگەر چاوپۆشی لە تەماحی شەخسیی خۆی بۆ وەدەستهێنانی پۆستێک و پلە و پایەیەک بکەین - دەکرێ بڵێین نە لە مەسەلەی کورد و داخوازییەکانی تێگەیشتوون و نە ماهییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان ناسیوە. چونکی نە خەڵکی کوردستان پێیان وایە پرسی سیاسی و نەتەوایەتیی ئەوان بە دیاریکردنی وەزیر و چەند وەزیرێک چارەسەر دەبێ و نە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەقڵییەتی ئاوڕدانەوە لە پرسی کوردی بەو ڕێگارە یاساییانە هەیە کە بیهەوێ بیر لە چارەسەری بکاتەوە.

بەڵام بۆ قسەکردن لە سەر وڵامەکەی پزیشکیان لەسەر ئەوەیکە "کوردستان دەنگی نەداوە"، دەبێ بڵێین؛ ئەلحەق پزیشکیان زۆر باش پەیامی خەڵکی کوردستانی وەرگرتوە و زۆر بە ڕوونیش ئێعترافی بەوە کردوە کە کوردستان لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی نەکردوە. ئەگەر واز لەوە بێنین کە پزیشیکیان لە ڕوانگەی "بەشخوازی"یەوە لە پرسی چنین و دیاریکردنی پێکهاتەی کابینەکەی دەڕوانێ و و پاساو بۆ بێ‌دەسەڵاتی خۆی دەهێنێتەوە، دەکڕی ئەم دانپێدانانەی ناوبراو لەسەر "دەنگنەدانی کوردستان" قسەی لەسەر بکرێ و ڕوانگەی دەسەڵات سەبارەت بە پرسی کورد، شەن و کەو بکرێت. دەنا بەتاڵبوونی کابینەی پێشنیاریی پزیشیکیان لە "ئەقوام" و "ئەهلی سوننەت" هیچ پێوەندییەکی بە هەڵوێستی کوردستانەوە نیە. ئەگەر کوردستان بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا نەکرد، خۆ بەرەی توندڕەوی رێژیم جیا لە بەشدارییان، ئەو پەڕی دژایەتییان بۆ هێنانی پزیشکیان هەبوو، ئەی چۆنە نیوەی زیاتری پێکهاتەی کابینەکە لەوان و نزیک لەوانن؟!

کەوابوو مەسەلەکە هەم بۆ پزیشکیان و هەم بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ڕوانینی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێران دژایەتی لەگەڵ پرسی کورد و ئەو پەیامە ڕوون و پڕنێوەڕۆکەیە کە خەڵکی کوردستان بە نەچوونە سەر سندوقەکانی بەناو هەڵبژاردنەکان بە پزیشکیان و کۆی نیزامی سیاسیی لە ئێرانیان دا. چوار مانگ پێش لە هێنانی پزیشکیان، خەڵکی کوردستان و زۆر شار و ناوچەی دیکەی ئێران بە نەچوونەسەر سندووقەکانی هەڵبژرادنەکانی پەرلمان، پەیامی خۆیان گەیاندبوو. بەڵام کوردستان لە نێوان ئەم دوو هەڵبژاردنەدا و لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی نەورۆز‌دا و لە درێژەی ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا – کە پزیشکیان و ڕێژیمەکەی بۆیان لەبیر ناکرێ – پەیامێکی بەهێزتریان بە کۆماری ئیسلامی ئێران‌ دا. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دوای دوو ساڵ سەرکوت و هەڵگرتنی تێچووی قورسی گیانی، بەگوڕتر لە جاران بە کۆماری ئیسلامییان وتەوە کە لە بوونت تێپەڕیوین و بەشداریی لە هیچ شانۆیەکی درۆینت‌دا ناکەین.

پزیشکیان ڕاست دەکات؛ خەڵکی کوردستان دەنگی بە هێنانی ئەو و هیچ کەسێکی دیکە نەدا، چونکی کوردستانی هوشیار و ئاگا فریوی وادە و بەڵێنە درۆیینەکانی ئەو و سناریۆکانی ڕێژیمەکەیان نەخوارد. پزیشکیان زۆری هەوڵ‌ دا لە سەردانەکانیدا بۆ کرماشان، سنە، ورمێ و مهاباد و بە بەکارهێنانی هێندێک "تەرفەند"ی وەک "خۆ لە کورد بە نزیک زانین" و "کوردی قسەکردن" و "لەدایکبوون لە شاری مهاباد" سەرنجی کوردستان بۆ لای خۆی و سندوقەكانی هەڵبژاردن ڕابکێشێ؛ بەڵام وەک خۆی دانی پێ دانا "کوردستان دەنگی نەدا".

کوردستان دەنگی نەدا، بەڵام کوردستان پەیامێکی بەهێزی هەبوو. ئەو پەیامەی کە پزیشکیان و ڕێژیمەکەی لێی تۆقیون. پەیامێک کە ٤٦ ساڵە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان ئاڵاهەڵگریەتی و لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییشدا دەرکەوت کە زۆرینەی خەڵکی ئێران ئێستا پێڕەوی لەو پەیامە دەکەن. پەیامی گەیشتن بە ئازادی، بنیاتنانەوەی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلانی ئێران کە هیچیان نە تەنیا لە چوارچێوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نایەنە دی، بەڵکوو تەواو لە دژایەتیی ماهییەت و نێوەرۆکی ئەم نیزامەدان. پەیامەکە کە ئێستا ماهییەتێکی جەماوەری و گشتیی لە ئاستی ئێراندا پەیدا کردوە، تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواویەتیی خۆی‌دایە.