کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، هەنگاوی پێویست

14:52 - 30 گەلاوێژ 2724

شەماڵ تەرغیبی

دوو ساڵ لەمەوپێش لە ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژدا پاش چەند ساڵ هەوڵی بێوچان و سەرباری هەبوونی دەیان گرفتی جۆراوجۆر، حیزبی دێموکرات توانی جارێکی تر شانازییەکی دیکە لە مێژووی خۆیدا تۆمار بکات؛ شانازییەک لە چەشنی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و یەکخستنی هێزەکان بۆ هاوخەباتی لەدژی دوژمنی سەرەکیی کورد واتە کۆماری ئیسلامی.

لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠١دا و تەنیا چەند ڕۆژ پاش جێژنی گەورەی ٢٥ی گەلاوێژ، ڕێبەرایەتیی حیزب ئەو مزگێنییەی بە گەلی کورد دا کە سەردەمی لێکدابڕان کۆتایی پێ هاتوە و وەرزێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان دەست پێ دەکاتەوە. ئەگەرچی زۆری نەخایاند حیزب دوای بزووتنەوەی ژینا و بە هۆی مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی لە لایەن سپای پاسدارانەوە بەرەوڕووی دۆخێکی تایبەت بوویەوە، بەڵام یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات لە ناخی خۆیدا توانی کۆمەڵێک پەیام و کارتێکەری گرینگ بۆ نەسڵی ئێستە و نەسڵەکانی دواتریش بەجێ بهێڵێ.

بێگومان یەکەم کارتێکەریی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، شوێندانەرییەکی سایکۆلۆژییە لەسەر دەوری سێکوچکەی خەبات؛ واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیاسپۆرا و بەشی ئاشکرای حیزبی دێموکرات کە توانی کاریگەریی ڕەوانی لەسەر گەل دابنێ و گڕوتینێکی نوێ ببەخشێتەوە گیانی ئەم حیزبە و لەژێر کاریگەریی ئەویشدا کۆی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەل. لە لایەکی ترەوە توانی ببێتە کاتالیزۆرێک بۆ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کە لێک دابڕاون، بۆ ئەوەی یەک بگرنەوە و دواجار لە بەرەیەکی کوردستانیدا خۆیان ببیننەوە. لە هەمان کاتیشدا توانی شوێندانەرییەکی بەرچاوی هەبێ لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری و هەروەها دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەو مانایە کە لەمەوبەدوا ئیتر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وەک حیزبێکی خاوەن‌مێژوو و شوێندانەر کە نوێنەرایەتیی چەندین میلیۆن کورد دەکا سەیرت دەکا و ئەمە قورساییەکی تایبەتی پێ بەخشی.

بەڵام کە باس لە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دەکرێ، ناکرێ سەرنجمان نەچێتە سەر سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا و ئەو کاریگەرییانەی ڕۆح و پەیامەکانی ئەم یەکگرتنەوەیە لەسەر بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی داینا. مانگێک دوای یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە بزووتنەوەی ژینا سەرهەڵدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران کانگا و ئادرەسی ئەم وەزەبەخشییەی کۆمەڵگەی کوردستانی کردە ئامانج و بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب. ئەگەر ئەوە لە لایەک نیشانەی کاریگەریی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لەسەر سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا بوو، هەڵوێستی سەرکوتکارانەی ڕێژیم و مووشەکبارانی بنکەکانی حێزب لەو کاتدا نیشانەی ترسی ڕێژیم لە وەسەریەکخستنەوەی وزەی خەبات و کاریگەریی ئەم یەکگرتنەوە لەسەر جووڵاندنی کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ژن. ژیان، ئازادی بوو.

پەیامێکی گرینگی دیکە کە دەکرێ لێرەدا تیشک بخرێتە سەری بوونی تۆلێرانس و ڕۆحی پێکەوەهەڵکردنە کە دەبێ لە حیزبێکی دێموکراتدا وەک توخمێکی سەرەکی بوونی هەبێ و بەختەوەرانە لە ڕەوتی یەکگرتنەوە و دواتریشدا بینرا کە ئەمە لە ناخی خۆیدا دەتوانێ وانەیەکی بەپێزیش بێت بۆ گەل .

جیاواز لەم ڕەهەندانە کە هەر کام پێویستییان بە شەنوکەوکردنی ورد هەیە، دەتوانین بڵێین ئەم یەکڕیزییە دەبێتە هۆکارێک بۆ سازکردنی گوتارێکی هاوبەشیش، مەبەست لە گوتاری هاوبەش ئەوەیە گوتارێکی هاوبەش ساز ببێت کە نوێنەرایەتی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بکات و بڕواتە نێوخۆی وڵات، ئەو گوتارە دەبێ بتوانێ بە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە نێوخۆی وڵاتدا هەیە لەسەر بنەمای پوتانسییەلەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی بخەمڵێندرێ و ڕووبەڕووی دەسەڵات بکرێتەوە. دیارە گوتاری بزوتنەوەی نەتەوەیی تایبەتمەندییەکانی خۆی لە دێرزەمانەوە هەبووە و هەیە، بەڵام ئەو گوتارەی کە لێرەدا مەبەستمانە دەبێ بەپێی ئەم دۆخەی کە ئێمە تێیدا دەژین بخەمڵێندرێ. واتە دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیی حیزبی دێموکرات و خەڵک لە نێوخۆی وڵات ڕەچاو بکرێ. لە قۆناغی دواتریشدا دەبێ حیزبی دێموکرات خەباتی سیاسی خۆی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان و مەیدانی خەباتەکەی بەرفراوانتر بکاتەوە.

ڕێک ئەو کارەی کە ڕێبەری گەورەمان شەهید دوکتور قاسملوو لە سەردەمی نەبوونی سۆشیال میدیادا کردی، لەسەردەمی کەمیی میدیا سوننەتییەکان وەک تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆدا کردی. ئەویش ئەوە بوو کە لەگەڵ ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی جیهان دەستی کرد بە وتووێژ بۆ ئەوەی کە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ بە دنیا بناسێنێ، بۆیە ئەوەش پێویستی بە وزەیەکی یەکجار زۆر هەیە و دەبێ تەرکیزی سەرەکی حیزبی دێموکرات لە قۆناغی تێپەڕبوون لەو هەست و سۆز و عاتیفەیە بۆ قۆناغی سازکردنی گوتار یا خەمڵاندنی گوتار و دواجار پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بێ.

هەروەها پێویستە ئەوە وەبیر بهێنینەوە وەک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێی چاوەڕوان دەکەن، حیزبی دێموکرات دەبێ گەورەتر لە حیزبێک خۆ بنوێنێ، واتە ببێتە ڕێبازێک بۆ خەبات، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. ڕاستە حیزبی دێموکرات پەیرەو و پرۆگرامی تایبەت بە خۆی هەیە و بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەو تواناییەی هەیە کە بتوانێ ببێتە چەترێک و هەمووان لە ژێر ئەم چەترەدا کۆ بکاتەوە.

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە لە ڕۆژی ٣٠ گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاویدا ڕووی ‌دا، لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا وەک هەنگاوێکی پێویست سەیری دەکرێ، هەنگاوێک کە گەلێک مانای هیوابەخشی لێ دەکەوێتەوە. ئەم یەکگرتنەوەیە و یادەوەرییەکانی لە هەموو لایەک پیرۆز بێت.