حەسەن شەرەفی: دامەزرانی حیزبی دێموکرات خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد بوو
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: بێگومان ٢٥ی گەلاوێژ یەکێک لە گرینگترین ڕۆژە مێژووییەکانی نەتەوە کوردە، چونکە لەم ڕۆژەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەمین حیزبی مۆدێڕنی کورد لەسەر دەستی پێشەوای نەمر دامەزرا. ئەم حیزبە هەم ڕێچکەیەکی نوێی بۆ خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد داڕشت و هەم بووە هۆی هیوا و هۆمێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن لە چوارچێوەی حیزبێکی ئەمڕۆیی و نەتەوەیی وەک حیزبی دێموکراتدا خۆیان ببینەوە و خەبات بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن. لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس لە بایەخمەندی، دەسکەوت و کاریگەرییەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.
کاک حەسەن با بەم پرسیارە دەست پێ بکەم، گرینگی و بایەخمەندییەکانی ٢٥ی گەلاوێژ لە مێژووی سیاسیی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چیدایە؟
هەرکام لە بزووتنەوە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بایەخ و شوێندانەری و گرینگی خۆیان هەبووە. و خاوەن تایبەتی خۆیان بوون، بەڵام گرینگیی ٢٥ی گەلاوێژ کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی تێدا دامەزرا وەک سەرەتایەک لە تێکۆشانی نەتەوەیی و لە لایەک بوونی حیزبێکی مۆدێڕن بۆ خەبات لەپێناو وەدیهاتنی ئامانج و ئاواتە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی نەتەوەی کورد بە ڕادەیەکە کە دەکرێ ناوی وەرچەرخانی گرینگ لە ڕەوتی خەباتی کورد بە گشتیی پێ بدەین. بەو مانایە کە شێوەیەکی تازە لە جۆری خەباتی بە دوا دەهات کە سیمای بزووتنەوەی کوردی بە تەواوی گۆڕی لە خەباتی تەنیا نەتەوەییەوە بەرەو خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیک برد. لە ڕێبەری فەردییەوە خستیە سەر ڕیڵی ڕێبەریی جەمعی و لە دەوری ڕێبەریی کەسایەتی ئایینی و عەشیرەییەوە بەرەو دەوری ڕێبەری سیاسییەوە پێشی خست. لە بزووتنەوەی خێڵەکی و بێ بەرنامەییەوە بەرەو حیزبایەتی و یاسامەندی و خاوەن بەرنامەی ڕوونی سیاسی برد و شکڵی پێدا و لە کۆمەڵگەدا جێگیری کرد. بەڕاستی ئەگەر بمانهەوێ سەرجەم بابەتە ئەرێنییانە دەست نیشان بکەین کە بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا هاتنە ئاراوە یا شیکاری بۆ بکەین هەر بابەتەی و هەر بەرگێکی کۆمەڵێک وتارە و دەرەتانی لێکۆڵینەوەی وردی پێویستە.
پێتان وایە گرینگترین و چارەنووسسازترین بڕگەکانی مێژوویی سیاسی و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٨ دەیەی ڕابردوو کام قۆناغ و سەردەمن و بۆ؟
٨ دەیە خەباتی بێ پسانەوە و بەردەوام بە بەرنامەی سیاسی و بە ئیرادەی درێژەدان بە تێکۆشان و قوربانیدان ئاشکرایە چەند و چەندین بڕگەی مێژوویی لە خۆ دەگرێ کە دەربڕی هەڵکشان و داشکان و سەرکەوتن و لەخۆبایینەبوون و شکست و نائۆمێدنەبوون و کەوتن و هەستانەون و هەر کامیان بە جیا شیاوی لێ وردبوونەوە و لێکۆڵینەوەن. بەڵام ئەگەر بە شێوەی ئاماژەیی قەناعەت بکەین بە بڕوای من بڕگەی دامەزراندنی حیزب خۆی یەکێک لەو بڕگە گرینگانەیە کە بە کورتی لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا باسمان لێ کرد. بڕگەی دواتر کە خۆی بەرهەمی بڕگەی یەکەم بووە، دامەزرانی کۆماری کوردستانە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی سیاسیی کورددا ئەو نەتەوە بوو بە خاوەن کیانێکی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردی لە شکڵی کۆماریدا و ئاکامە ئەرێنییانەی بە دوای خۆیدا هێنا کە بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بۆ کورد دەستەبەربوون. بڕگەی سێهەم لە ڕوانگەی منەوە ئاڵوگۆڕەکان و هەوڵەکانی دوکتور قاسملوو لە کۆنفڕانسی سێ و کۆنگرەی سێهەمی حیزبی دێموکراتدا بوو کە ساغکردنەوە و کۆکردنەوە و سەریەکخستنەوەی ئەندامان حیزب و شکڵی ڕێکخراوەیەکی بە واقیعی بە حیزب بەخشی و بەرنامەی ڕوونی سیاسی بۆ حیزب دەستەبەر کرد. سیاسەتی سەربەخۆیی لە حیزبدا جێگیر کرد و کەسایەتییەکی بە حیزب بەخشی کە بەڕاستی شیاوی حیزبێکی نەتەوەیی و دێموکراتیک بوو. دیارە حەرەکەتەکانی ساڵەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ و پێش و دوای ئەویش ئەوەندە گرینگ هەن کە دەبێ بایەخی خۆیان پێ بدرێ و هەرکام لە کات و شوێنی خۆیدا شیکارییان بۆ بکرێ. بڕگەیەکی دیکەی گرینگ لە مێژووی حیزبدا ڕاگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب لە کۆتایی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا بوو کە پاش ئەوەندەی سەرکوت و زیندانی ئەندامان. خەڵک لە میتینگی دەیان هەزار کەسیدا لە شاری مەهاباد ئامادە بوون و ڕیشەداربوونی ئەو حیزبەی لە دڵی خەڵک و کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا نیشان دا. جیا لەوە لەو هەڵبژاردنانەی کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوون کاندیدەکانی حیزب لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو شارانەی کە هەڵبژاردنیان تێدا بەڕێوە چوون هی حیزبی دێموکرات بوون کە جارێکی دیکە قورسایی و خۆشەویستی ئەو حیزبەی خستەوە بەرچاوی هەموو لایەک. لە ماوەی زیاتر لەو ٤٠ ساڵەشدا کە خەبات و تێکۆشانی حیزب پاش فتوای کوشتاری کورد لەلایەن خومەینییەوە سیمایەکی ناسراوتر و شوێندانەرتر لە خۆڕاگر بە خۆیەوە گرت چەندین بڕگەی گرینگی لە فیداکاری و سەرکەوتن و ڕووداوی تاڵ و بە ئازاری تاقی کردەوە شەهیدکرانی ڕێبەران و شەهادەتی تێکۆشەران، دابڕان و ترازانی نێوخۆیی، بەم حاڵەش بە هەڵگرتنی ئەو زامانەش بە چۆک دانەهات و بە قامەت و سیمای تایبەت بەخۆیەوە لە مەیدانی خەباتدا هەروا سوارچاک و چالاک مایەوە. لە بەرانبەردا یەکگرتنەوەکان و وەسەریەککەوتنەوەکان حزوور لە هێندێ ناوەندی نێونەتەوەیی و سەرکەوتن لە پێکهێنانی چەند هاوپەیمانی چ لە کوردستان چ لە ئێران و هەر کام خۆیان وەک بڕگەیەکی تایبەتی شیاوی ئاماژە و لێکۆڵینەوەن کە لەم مەجالە کورت و کەمەدا دەرفەتی پێڕاگەیشتن بە هەمووان بە وردی نییە، چونکە هەموویان گرینگ و پڕ بایەخن.
ئەگەر باس لە دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکرات لە بڕگە گرینگەکانی مێژوویی خەباتیدا بکەین، ئێوە گرینگی بە کامیان دەدەن، یان چۆنیان ڕیز دەکەن؟
لە ڕاستیدا ئەمە هەموو بڕگەکانی مێژووی حیزب دەگرێتەوە، بەڵام دامەزرانی حیزب، دامەزرانی کۆماری کوردستان و بڕگەکانی نێوئاخنی خەباتی زیاتر لەم ٤٠ ساڵەی دوایی حیزب بەگشتی پێک دێنن دەکرێ وڵامی ئەم پرسیارەی ئێوە بێ.
کاریگەرییەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی بووە؟
کە باسی بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ پێش هەموو ناوێک، ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەوێتەوە بەرچاو و دیارتر و زیاتر لەهەر ناوێکی دیکە خۆی دەردەخا، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ دەوری گرینگ و شوێندانەری حیزبی دێموکرات لەو بزاڤەدا. لە داهێناندا، لە زام هەڵگرتندا، لە فیداکاریدا هەموو ئەمانە و زۆری دیکە سیمای ئەو حیزبە ئەگەر نەڵێم بە تاقانەیی بەڵام بێگومان بە شوێندانەرترین و جێگای ئۆمێدتربوون بۆ خەڵکی کوردستان دەناسێنێ.
٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ حیزبی دێموکرات ٧٩مین ساڵی تەمەنی خۆیی تێپەڕ ئەکات حیزبێک کە دوای کەند و کۆسپگەلێكی زۆر هێشتا لە گۆڕپانی سیاسی دا ماوەتەوە، هۆکارەکانی مانەوەی ئەم حیزبە چییە؟
ئەوە کە پاش ٧٩ساڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای ئەو زامانەی هەڵیگرتوون و ئەو شانازییانەش تۆماری کراون هەروا قورس و قایم و بە ئیرادە و ئامادە بۆ فیداکاری تێکۆشەرانی هەر لە مەیداندا ماوەتەوە و بە شوێندانەرییش ماوەتەوە؛ کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەو حیزبە دەگرێتەوە کە لە سەروویانەوە دەکرێ ئاماژە بەم سێ خاڵە بکەین.
١. سیاسەتی دروست و واقێعبینانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢. فیداکاریی و لەخۆبوردوویی تێکۆشەرانی ئەو حیزبە بە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانیەوە.
٣. پشتیوانی بەربڵاو و هەمە لایەنەی خەڵکی کوردستان لەو حیزبە کە بە حیزبی خۆیان و بە فیداکاری بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆیان دەزانن.
دیارە لایەنی دیکەش لەو بوارەوە دەوری خۆیان هەبووە، بەڵام بە بڕوای من ئەگەر بە کورتی ئاماژەیی پێ بدەین لەم ٣ تایبەتمەندییەدایە.
بۆچی کۆماری ئیسلامی هەمیشە و لە هەموو بەرەکاندا حیزبی دێموکراتی بە سەرەکیترین دژبەر و نەیاری خۆی داناوە؟
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاڵاهەڵگری وەدیهاتنی کۆمەڵێک ئامانج و ئاواتی خەڵکە کە لە دێموکراسی، مافی نەتەوایەتیی کوردی، عەداڵەت و یەکسانی بەرابەری ژن و پیاو و ...دا خۆی دەنوێنێ. ئەوانەش ئەو بابەتگەلەن کە لەگەڵ بۆچوون و باوەڕی ناسەردەمیانە و دواکەوتووەکانی ئیدئولۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتەبان و دابینی ئەوانە بە هۆی ڕووخان و نەمانی خۆی و باوەڕەکانی دەزانێ. جیا لەوە جیددیبوون و پێداگربوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەبات دژی ئەو ڕێژیمە و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجانە حیزبی دێموکراتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کردووەتە ئامانجی هەموو جۆرە پیلانەکان و سەرکوت و دژایەتیی ئەو کردەوە جینایەتکارانەیەی هەتا ئێستا دەرحەق بە حیزبی دێموکرات کردوونی.
حیزبی دێموکرات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی و سەرکەوتن لە ڕەسالەتی مێژوویی خۆی ئەویش لە سەردەمی ئێستادا پێوستیی بە چ جۆرە ستراتیژییەکە؟
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستاشدا ئیستراتێژی ڕوونی هەبووە و هەیە و ڕایگەیاندوە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گرینگەش لە تاکتیکی شیاو و شوێندانەر بەپێی هەلومەرج و دەرەتان کەڵکی وەرگرتوە بەو مانایە ئەگەر ئیستراتێژی حیزب ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتوە تاکتیکەکان دەتوانن بەپێی هەلومەرج یا ئاڵوگۆڕیان تێدا پێک بێ یا لە ئەولەوییەت و نا ئەولەوییەتدا جێگۆڕکێیان پێ بکرێ، ئەویش بە شێوەی کاتی.