ڕۆستەم جەهانگیری: کوردستان هەر لەسەرەتاوە کۆسپی بەردەمی کۆماری ئیسلامی و ئایدۆلۆژیا مەزهەبییەکەی بوو
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: فتوای جیهادی خومەینی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دژی کورد لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی هەر تەنیا ڕاگەیاندنی شەڕ و بڕیاری کوشتاری خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵکوو دەرخەری جیاوازییەکانی دوو عەقڵییەتی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران بوو. عەقڵییەتێک کە دەیویست لە ڕێگەی دیالۆگ و تێگەیشتن لەسەر بنەماکانی مافەوە ئەم پرسە چارەسەر بکا و عەقڵییەتێک کە تەنیا سڕینەوە و زمانی چەک و ئاگری دەناسی. ڕوویەکی دیکەی ئەو مێژووە خۆڕاگری و چۆکدانەدانی نەتەوەی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی بوو. "کوردستان" بۆ باسێک لەو قۆناغە مێژووییەی خەباتی کورد لە ئێران دیمانەیەکی لەگەڵ ڕۆستەم جەهانگیری، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات پێکهێناوە:
کاک ڕۆستەم با بەو پرسیارە دەست پێ بکەم کە بۆچی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە ئێراندا گرینگە؟
بۆیە گرینگە چۆنکی گەلانی ئێران تازە لە شۆڕشێکی سەراسەری لەدژی ڕێژیمی ملهۆڕی پەهلەویدا سەرکەوتبوون و گەلی کورد پێی وابوو ڕێژیمێک کە دێتە سەر کار، ئازادی و دێموکراسی و ژیانێکی ئارام و خۆشی بۆ گەلانی ئێران بەدی دێنێ و گەلانی ئێران لە ژێرچەپۆکی ڕزگار دەبن. بەتایبەت گەلی کورد کە وەک هەموو گەلانی ئێران لەدژی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی بەشداریی شۆڕشی کرد و خوێنێکی زۆری لێ چۆڕابوو. گەلی کورد ئەو شۆڕشەیان بە شۆڕشی ڕزگاری و وەدیهێنانی ئازادی و دێموکراسی بۆ مافی نەتەوەیی دەزانی، بەڵام بە سەرسووڕمانەوە هەڵوێستی مەلاکان و حکوومەتی تازەی ئێران کە پێشتر باسی ئازادی و ڕزگاری و هەروەها نەمانی سیستەمی دیکتاتۆری و زوڵم و زۆری حکوومەتی دژە گەلییان دەکرد، ڕێک پێچەوانە دەرچوو. گەلی کورد کە داوای سیاسییان هەبوو و، داوای مافی خۆیان لە ڕێگای نوێنەرانی خۆیان واتە حیزبە سیاسییەکانەوە دەکرد. بەڵام ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو وەڵامی ئەم داوا ڕەوایانەی گەلی کوردیان نەک نەداوە، بەڵکوو لە پێشدا لە سنە و دوایە لە پاوە و ناوچەکانی دیکە شەڕیان لە دژی کورد هەڵگیرساند و کوردیش بەرەڤانیان لە خۆیان و دەسکەوتەکانیان کرد. بۆیە کورد و کوردستان لە بەرامبەر هێژموونی هێرشکەران تەسلیم نەبوون، بەرگرییان کرد و دوژمنیان تووشی شکست کرد. بۆیە ئەم ڕۆژە دەکرێ ناوی بنێین، ڕۆژی بەرخۆدانی کوردستان لە بەرانبەر ڕێژیمی مەلاکانی ئێران. چۆن هەر لەو ڕۆژەدا ڕێژیمی مەلاکان بڕیاری جیهادیان بە دژی گەلی کورددا. کورد لە هەمبەر ئەو جیهادە بەرگریی بێوێنەیان کرد، بۆیە لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ بە ڕۆژێکی زۆر گرینگ لە لاپەڕەکانی مێژووی پڕ سەروەری کوردستاندا تۆمار کراوە.
پێتان وایە ٢٨ی گەلاوێژ بەرهەمی بەریەککەوتنی دوو دنیابینی بوو؟ دنیابینیی کورد کە سیلەی چاوی لە ماف و ئازادی و دێموکراسی بوو، و دنیابینیی دەسەڵات کە دژی هەموو ئەو بەها و بایەخانە بوو؟
بەڵێ زۆر ڕاستە. لە ئەسڵدا خاڵی هاوبەشی دەسەڵاتەکانی یەک لە دوای یەک لە ئێران سەرکوتی گەلانی ژێردەستەن بە خاسمانی گەلی کورد کە چ لە دەورانی پاشایەتی و چ لە دەورانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو مافێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بێبەش کراون. کورد لە چەند لاوە لەگەڵ سیستەمی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی لە ناتەباییدا بوو. بزووتنەوەی کورد داوای ئازادی و دێموکراسی و مافی یەکسانی بۆ ژن و پیاو دەکرد، لە هەموو گرینگتر بزووتنەوەی کورد داوای سیستەمێکی سێکۆلاری دەکرد، ئەم داوایە لەگەڵ بیری تەسکی ئیدئۆلۆژیک و کۆنەپەرەستی ڕێژیم نەک لە ناتەباییدا بوو، بەڵکوو ڕێژیم لەگەڵ ئەم بیر و هزرە دژایەتیی ڕەهای هەیە. کورد خۆدانی ئەحزابی سیاسی و لائیک بوو بەو مانایە ئەحزابی لائیک و سیستەمی ئەحزاب لەو نیزامەدا بڤە بوو. کورد داوای دابەشکردنی دەسەڵات لە تاران بوو لە نێوان گەلانی ئێران و حاکمانی تاران، دابەشکردنی دەسەڵات لە تاران نێویان ناوە جووداخوازی(تجزیە طلب) کورد چەکی لە دەستدا هەبوو و تەسلیمی حکوومەتی کۆنەپەرەستی نەبوو. لە هەموو گرینگتر کورد مافەکانی خۆی چاک دەناسی و ئەحزابی کوردی ویستەکانیان لەگەڵ خواستی گەلی کورد بە یەک گرێدراون. ئەوانەی سەرێ باسمان کرد، لە بیر و هزری کۆماری ئیسلامی جێگای نەبوو. بەداخەوە ئەم ویستانە لەگەڵ نیزامی پاشایەتی هەروا بوو یانێ دەرحەق بە مافەکانی کورد وەک یەک بیر دەکەنەوە.
ڕووداوی ٢٨ی گەلاوێژ هەر ڕووداوێک بوو کە دەکرێ لە بەستێنێکی مێژوویدا خۆێندنەوەی بۆ بکەین، یان سەرەتا و دەسپێکی ڕەوتێکی مێژوویی کە هەتا ئێستاش درێژ کراوەتەوە؟
بەڕای من هەر دووکی ڕاستە، یەکەم ئەوەیە کە ڕووداوی ٢٨ی گەلاوێژ، دوو لایەنی دژبەری یەک بیریان دەکردەوە. لایەنی کۆماری ئیسلامی بڕیاری خۆی دا کە دەبێ حکوومەتی ئیسلامی و دیکتاتۆری مەزهەبی یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت یەک ئاڵا بە شێوازی ئیسلامی شێعەی دوازدە ئیمامی خۆی بسەپێنێ. بەربەستی گەورەی لەسەر ڕێگای وەدیهاتنی ئەم بیرو هزرە کوردستان بوو، بۆیە پێی وابوو کە دەبێ بە شێوەیەک کوردستان سەرکوت بکەن و بزووتنەوەی ئازاد و دێموکراسیخوازی سەراسەریی ئێرانی پێی بێدەنگ بکەن. کوردیش بڕیاری خۆیان دا، کە دەبێ لە بەرامبەر هێژموونی سەدەکانی نێوەڕاست ڕاوەستن و بەربەرەکانیی ڕەوا بکەن. لە واقعدا لەو بڕیارەدا کوردستان سەرکەوتوو بوو. دوای چەند مانگ خومەینی داوای لێبوردنی لە گەلی کورد کرد و بەناو دەرگای وتووێژی کردەوە. هەرچەند ئەویەش بە پیلان و دەهۆ بوو، بەڵام لەو مەرحەلەیەدا شۆڕشی کورد هەبوونی خۆی سەپاند و توانی پێش سەرکوتی ئازادیخوازی لە سەراسەری وڵات بۆ ماوەیەک بگرێ. بەستێنی دیکە ئەوەیە کە تراژێدیای وەک ٢٨ی گەلاوێژ لە شۆڕشی کوردستاندا زۆرمان هەیە. کە لە مێژووی بزووتنەوەی حەقخوازانەی نەتەوەیی کوردستاندا تۆمار کراوە، تراژێدیای کۆمەڵکوژی شۆڕشی دێرسیم، شەهیدکردنی سمکۆی ڕێبەر و ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی یەکەم سەرکۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی ... نموونەی دیکە لە بزووتنەوەی نەتەوەییخوازی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زۆرن. بەڵام بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، دەستپێکی ڕەوتێکی تازەی مێژوویی پڕ سەروەریی کوردە.
جاوید ڕەحمان لە ئاخرین ڕاپۆرتی خۆیدا وەکوو ڕاپۆرتێری شوڕای مافیمروڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی باسی لەو کۆمەڵکوژییانە کرد کە کۆماری ئیسلامی دوای فتوای ٢٨ی گەلاوێژی خۆمەینی لە کوردستان خوڵقاندی و تەنانەت بە ژینۆساید ناوی برد، چۆن دەکرێ ئەمە بکرێتە دەسکەوتی سیاسی بۆ جووڵانەوەی کورد؟
بەداخەوە دوای زیاتر لە چوار دەیەیە کە بە ڕێبەری خومەینی فەرمانی جیهادی دژی گەلی کورد دراوە و بە ڕەسمی لە ڕاگەیاندنەکانی ئێران زۆر بە بێشەرمیو بە ئاب و تابێکی زۆرەوە بڵاو دەکرایەوە. لە دژی گەلێک کە هەم موسڵمان بوون و هەم داوای ئازادی و مافی زەوتکراویی خۆی دەکرد. هەموو دنیا گوێیان لێ بوو و چاویان دەیدی. بەداخەوە لەو دەمیدا لەو جیهانە پان و بەرینەدا لەو هەموو ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان بە تایبەت ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو گوێیان کەڕ بوو، چاویان کوێر بوو و کوردیان بە تەنیا هێشت و ڕێژیم کەوتە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد، و ئەوان تەنانەت کەس بە وشەیەکیش مەحکوومی نەکرد. ئێستا کە جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتی خۆیدا وەبیری دنیا دێنێتەوە دیسان هەر باشە. بە ڕای من حیزب و ڕێکخراوەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو هێزە دیپلۆماسییەکانی خۆیان ئەم هەلە بقۆزنەوە وەک بەڵگەیەکی فەرمی لە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ دنیا و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافیمرۆڤ بێنە بەر باس بە یەکدەنگی پێشلکردنی مافی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخەنە بەر دیدی جیهان. ئەمە بەڵگەیەکی یاساییە، دەکرێ ڕێژیمی پێی ڕیسوا بکەین ڕای گشتیی جیهان لێی ئاگادار بکەن، کورد نابێ لەو جینایەتە کە لەو کاتەوە هەتا ئێستا بە سەر کورددا هێنراوە بێدەنگ بێت.
پێتان وانییە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت حیزبی دێموکرات لە دیپلۆماسیی دەرەکی و لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مافی مرۆڤییەکان لاواز جووڵاونەتەوە؟ ئەوە کە نەیانتوانیوە ئەوە بکەنە کەیسێکی مافی مرۆڤیی بەربڵاو و کاریگەر لە دژی ڕێژیم؟
بەداخەوە، بە هۆی پەرشوبڵاوی نێوماڵی کورد، لەگەڵ جەنابت هاوڕام. کە دەبووا حیزبەکان بە هەموو هێز و توانای خۆیان و بە یەکدەنگ پێکەوە هەموو دەرگا داخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافیمرۆڤ بکوتن، هاواری بێدەرەتانیی گەلی کورد بە گوێ کپبووەکانی ئەم جیهانە بگەیەنێ. پێموایە هەر حیزبێک بەپێی هێز و توانای خۆی بە تایبەتی حیزبی دێموکرات کە بە هۆی دیپلۆماسیی پان و بەرین، هەم دۆستی زۆر و هێزی زۆری لە ئورووپا و ئامریکا هەیە، دەتوانن کاری زۆر باش بکەن. بەڵام دوو هۆکار هەن کە پێموایە تێدا سەرکەوتوو نەبوون. پەرشوبڵاویی ئەحزابی کوردی، هەر لایەنێک بۆ خۆی پێوەندییەکانیان بەڕێوە دەبرد، ناکرێ بڵێین کاریگەری نەبووە، بەڵام نەیانتوانی دەرگا داخراوەکان بکەنەوە، بە ڕای من ئەگەر بە هاوبەش بە یەک هەیئەت چووباین، دەکرا زۆر کاری باش و بەجێ بکەین. دیسان نەچووە بچێ، ئەرکی سەرشانی ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵاتە لەو قۆناغە سەختە مێژووییەدا لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و پێکەوە کار بکەن و بە بەرنامەی هاوبەش، دەنگی کپکراویی کورد لە ڕۆژهەڵات بگەینرێتە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی. ڕای گشتیی جیهانی، تەنانەت نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە گوێیان لێی دەبێ و دەنگیان دەگاتە ئاستی هەرەبەرزی جیهان. بەڵام یەکدەنگی و یەکگرتوویی هەموو ئاستەنگەکان دەبڕێ.
پێتان وایە کە مێژوو لە ئێران لە گۆڕینی ڕێژیمەکانیشدا دووپات دەبێتەوە، بەو مانایە کورد چۆن دەتوانێ ڕێ لەو ڕووداوێکی هاوچەشنی ئەوە لە داهاتوودا بگرێت؟
بەداخەوە دەبێ بڵێم، بەڵێ. بە گۆڕینی ڕێژیمەکان چ لە ئێران یان لە عێراق و سووریە و تورکیەدا، ئەم تراژێدیانە دووپات دەبنەوە. تەنیا یەک ڕێگا هەیە کە کورد بتوانێ پێشی ئەم ڕووداوانە بگرێ، ئەویش خەباتی خۆیان هەمە چەشنە بکەن. لە هەموو ڕێکارەکان و دەرفەتەکان کەڵک وەرگرن. خەبات لە نێوخۆ گەشە پێبدەن. لە دەرەوە لە پێوەندییەکانی خۆیان زیاتر پەرە پێ بدەن. ببنە دەنگی بە هێزی بزووتنەوەی نێوخۆی وڵات، بەڵام لە پێشدا دەبێ یەکگرتوو بین، چون یەکگرتوویی، هەم بۆ خەباتی نێوخۆ هەمیش بۆ خەباتی دیپلۆماسی لە دەرەوە زۆر باشە و دەنگی کورد بە هێزتر دەکات.
کاک ڕۆستەم زۆر سپاس بۆ بەشداریت لەم دیمانەیەدا و ماندووش نەبی
سپاس بۆ ئێوەش.