کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی کۆمیتەی نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشێلی مافی کەمینەکان لە ئێران

10:43 - 3 خەرمانان 2724

کۆمیتەی نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ٢ی خەرمانان لە ڕاپۆرتێکدا ئەشکەنجە، دەسدرێژیی سێکسی، کوشتنە نایاساییەکان و ئازاردانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکانی ٥ ساڵی ڕابردووی ئێران، بە پێشێلکاریی بەرچاوی مافی مرۆڤ زانی.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی و پووشپەڕی ١٤٠٠ و خەرمانانی ١٤٠١بە دژی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان پێشێلکاریی مافی مرۆڤیان ئەنجام داوە.

کۆمیتەکە داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە بە زووترین کات لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس و ئەوانەی کە لە سەرکوتدا بەشدار بوونە ئەنجام بدات و قەرەبووی قوربانییان بکاتەوە.

ئەم کۆمیتە لە ڕاپۆرتەکەیدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ڕێژەی زۆری دۆسییەی دادوەری بۆ کەمیینەکان و هەروەها سزاکانی لەسێدارەدان و دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دەربڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوودا ١٠٦ کەسی لە سێدارە داوە.

هەر لەم پێوەندییەدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان لەو ڕێکخراوە کرد کە بۆ وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە لەسێدارەدانی هاووڵاتییان لە ئێران، مێکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە پێک بهێنێت.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووی هەتاویدا سەرکوتی توندوتیژانەی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ی بە نموونەی تاوان بە دژی مرۆڤایەتی زانی و هەروەها زیادیشی کردبوو کە پێشێلکارییەکان لە ئێران بە شێوەیەکی تایبەت ژنان، منداڵان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.