کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی ٨ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی گیەڵان

12:08 - 3 خەرمانان 2724

هەشت چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی گیەڵان کە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کران کە تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی هەشت چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی گیەڵان بە ناوەکانی ماریا خانی، موحسن ئیسفەندیاری، ئارەش ئۆلفەتی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان و محەممەد پەرویز، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەو بارەیەدا بەبێ ئاکام ماوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییانە لەم پێوەندییەدا بێ ئەنجام بووە و دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هیچ وڵامەکیان نەبووە.

سپای تێرۆریستی پاسداران لە هەوڵدایە بە تۆمەتی بێ‌بنەما دژ بەو کەسانە، چالاکییەکانیان بە سووکایەتیکردن بە خەڵک و سەرکردەکان، و پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم و پێگە ئیتلاعاتییەکانی دەرەوە ببەستێتەوە و لەو ڕێگایەوە دژ بەو کەسانە دۆسییە ساز بکات.

شایانی باسە ئەم چالاکە مەدەنییە کوردانە لە هاوکارانی کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ لەژێر ناوی کەمپەینی "رزگارکردنی زاگرۆس"دان و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ئەم دواییەی دارستانەکانی زاگرۆسدا هەبووە.