کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ژیانی خەڵک بە هۆی گرانی و هەڵاوسانەوە سەخت و ناخۆشە

12:22 - 3 خەرمانان 2724

مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی، پێشنوێژی هەینیی زاهێدان ڕۆژی ڕابردوو لە وتاری ڕۆژی هەینیدا بە ئاماژەدان بە کێشە سیاسی و ئابوورییەکان و ناڕازیبوونی خەڵک و ناخۆشبوونی ژیانی خەڵک وتی: مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ئێران بە هۆی ئەو دۆخەی کە هەیە لە ئێران ڕێگایەکی سەختی لە پێشە.

ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە پرسی ناڕەزایەتیی پەرستاران کرد و بە ستایشکردنی پەرستاران و پزیشکان و بیرهێنانەوەی ئەوەی کە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا چەند زەحمەتیان کێشاوە وتی: مووچەی پەرستاران کەمە و ڕێژەی هەڵاوسان ئەوەندە زۆرە کە هیچ داهاتێکیان نییە، و نرخەکان ڕۆژانە و حەفتانە دەگۆڕدرێن و پەرستاران ناتوانن بەو مووچەیە بژین.

هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی خەڵک وتی: "خەڵک جەرگیان خوێنە و پارەکەمان بێکەڵک بووە و هیچ سوودێکی نییە و ژیانی خەڵک لەوپەڕی ناخۆشیدایە."

لە بەشێکی قسەکانیدا مەولەوی عەبدولحەمید باسی لە کۆنتڕۆڵکردن و گوێگرتن و تێکدانی کاروباری خەڵک و داخستنی هەژمارەی ئەو کەسانەی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن کرد و وتی دەستێوەردان لە ژیانی تایبەتی خەڵک پێچەوانەی یاسایە و هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک کەس خۆیان بە نوێنەری کەسی یەکەمی وڵات دەزانن و هەرچییەکیان بوێت دەیکەن و بێڕێزی و بێ حورمەتی بە خەڵک دەکەن.

هەروەها مەولەوی عەبدولحەمید داوای ئازادکردنی زیندانییانی سیاسیی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە مەسعوود پزشکییان و نوێنەرانی مەجلیس بە تایبەت سەردانی زیندانییانی سیاسی بکەن و لە بارودۆخیان بپرسنەوە.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: یەکێکی دیکە لە ئەرکە قورسەکانی پزشکییان کۆنترۆڵکردنی ئیدارە و ئۆرگانەکانی حکوومەتەکەیە چونکە زۆربەی ئۆرگان و ئیدارەکان سەربەخۆ و خودموختارانە کار دەکەن و ژیان کاروباری خەڵکیان تێک داوە و خۆیان بە دەسەڵاتدار و نوێنەری کەسی یەکەمی ئێران دەزانن و هەر کارێکیان بوێت دەیکەن و پابەندی هیچ یاسایەک نین و ڕێز لە هیچ شتێک ناگرن و هێزی خۆیان بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن.