ڕەزا دانشجوو
لە مانگی گوڵانی ساڵی ٩٨دا، لە نێوەڕاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ترامپ و کۆماری ئیسلامیدا، عەلی خامنەیی دیکتاتۆری ڕێژیم، لە وتارێکدا وەک وەڵامدانەوەیەک بە پەرەسەندنی هەڕەشەکان، پەردەی لەسەر ستراتیژی نوێی کۆماری ئیسلامی لادا. خامنەیی لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە شەڕ ڕوو نادات، چونکە ئێمە بە دوای شەڕدا ناگەڕێین و ئەوانیش نایانەوێت، ڕایگەیاند کە ئێمە دانوستان ناکەین، چونکە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە بنەڕەتدا هەڵەیە! خامنەیی گوتی هەر وەک خومەینی دانوستانی لەگەڵ ئەمریکا قەدەغە کردوە، منیش قەدەغەی دەکەم. ئەم لێدوانە یەکەم ئاماژەی خامنەیی بە تاکتیکی نوێی ڕژیم بوو "نە شەڕ و نە ئاشتی". بەڵام بەڕاستی چی ڕووی دا کە دروشمی "شەڕ، شەڕ تا لەنێوبردنی هەموو فیتنەکان لە جیهاندا"ی خومەینی بۆ ستراتیژی "نە شەڕ، نە ئاشتی" خامنەیی گۆڕدرا؟
بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە پێویستە سەرەتا ئاماژە بە شیکاری دەروونی دیکتاتۆرەکان بکەین و باس لە سەرەکیترین تایبەتمەندی دەروونناسی دیکتاتۆرەکان، دووانەی "دەسەڵات, ترس و دڵەڕاوکێ". لە ڕاستیدا دیکتاتۆرەکان بە شێوەیەکی سەیر لە دوای نیشاندانی دەسەڵاتی ساختە و ناڕاستەقینەی خۆیان و دەستکەوتەکانیان دەگەڕێن، بە بۆچوونی ئەوان ئەم نمایشە ساختەی دەسەڵات دەتوانێت زیاتر و زیاتر سەرنجی خەڵک ڕابکێشێت و وابەستەی دیکتاتۆریان بکات. هاوکات لەگەڵ ئەم نمایشە گاڵتەجاڕییە، دیکتاتۆرەکان بەردەوام ئاستێکی بەرزی "Paranoid"، ترس و دڵەڕاوکێی باوەڕپێنەکراو ئەزموون دەکەن. ئەم ترسە لە هەموو لایەنەکانی ڕەفتار و بڕیاری دیکتاتۆرەکاندا دەبینرێت. ئاستی پارانۆیای سەدام حوسێن وا بوو کە ڕۆژانە چەند ژەمێکی خواردنی لە هەموو عێراق بۆ ئامادەکرا بۆ ئەوەی دڵنیابێت کەس نەزانێت لەکوێ نان دەخوات! تەنانەت ساڵیان کەسێک وەک بەدەڵی سەدام بەشداری لە تاقمێک کۆڕ و کۆبوونەوە دەکرد کە مەترسی بۆ گیانی سەدام هەبوو!
کیم جۆنگ ئیل، سەرۆکی پێشووی کۆرەی باکوور و باوکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی ئێستای ئەم وڵاتە لە ترسی سەفەرکردن بە فڕۆکە بە شەمەندەفەرێکی تایبەت دەچوو بۆ سەردانی وڵاتان!
دیکتاتۆری برمە "تان شۆ" ئەوەندە لە سروشتی لاوازی دەسەڵاتەکەی نیگەران بوو کە جارێکیان پایتەختی برمەی بۆ شوێنێکی دوور لە جەنگەڵێکی بەبێ ئاو و کارەبا گواستەوە. هۆکاری ئەم بڕیارەی دیکتاتۆر ئامۆژگاری ئەستێرەناسێکی هاورێی بوو!
دووانەی نمایشی ساختەی دەسەڵات و خۆنواندن لە تەنیشت ترس و دڵەڕاوکێی لە لەدەستدانی تاج و تەخت! ئەگەر سەردەمانێک "شەڕ، شەڕ، تا لەنێوبردنی هەموو فیتنەکان لە جیهاندا " بۆ ڕێژێم سەرنجڕاکێش بوو، ئێستا دیکتاتۆری وەلایەتی فەقێهـ مانەوەی خۆی لە "نە شەڕ، نە ئاشتی"دا دەبینێت. بۆ وەڵامدانەوەی هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە جیا لە تایبەتمەندییەکانی دیکتاتۆر، کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، پێویستە باس لە هەلومەرجی نێوخۆیی و دەرەکیش بکرێت.
شۆڕشی تازە سەرکەوتوو و دەستبەسەرداگیراو لەلایەن خومەینییەوە لە دەسپێکی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ٥٩، بە دڵنیاییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ عێراقی سەدام حوسێن پێویستی بە دروشمی پێکهاتەشکێن و دەم پڕکەرەوە بوو، خەڵکی سەرخۆش لە ڕووخان و نەمانی ڕێژێمی پاشایەتی و هیوادار بە هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێک کە قەرار بوو هەم دونیایان بداتێ هەم قیامەتیان ئاوەدان بکات، دەیانویست شۆڕشی ستەملێکراوان بۆ هەموو شوێنێک هەناردە بکەن! بێگومان بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگە تەواو جیاوازە لەوەی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بوو، ئێستا تاکەشتێک کە کڕیاری نییە ئەم دروشمە خەیاڵییانەن!
نەوەی نوێ بە کەڵکوەرگرتن لە مێدیا و ئەزموونە تاڵەکانی باوک و دایکیان زیاتر لە هەمیشە ئاگاداری ڕووی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامین. لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەبێ بگوترێ کە ساڵانێکی زۆرە ڕووبەڕووبوونەوەی دووانەی نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری کۆتایی هاتووە و ناسیۆنالیزم و پێداگری لە سەر باسە نەتەوەییەکان فۆرمێکی تەواو جیاواز لە کێبڕکێی جیهانی هێناوەتە ئاراوە، کە تێیدا هاوبیری سیاسی وەک سەردەمی شەڕی سارد هیچ ڕۆڵێکی نییە، بنەمای ئێستای یەکگرتوویی سیاسی نێوان وڵاتان بەرژەوەندیی هاوبەشە، هەر ئەوەش بۆتە هۆکار کە زۆربەی ئەم هاوپەیمانیی سیاسییانە زۆر کورت و ناجێگیر بن.
دیکتاتۆری پیری ڕێژیم ئاگادار لەم گۆڕانکارییە نێوخۆیی و دەرەکییانە ئێستا لە هەموو کاتێک خۆپارێزتر لە هەوڵی پاراستنی تاج و تەختی وەلایەتی فەقێهدایە. ئێستا و دوای ئەوەی دەرکەوت کە عەلی خامنەیی بۆچی ستراتیژیی "نە شەڕ و نە ئاشتی"ی گرتەبەر، پێویستە بزانرێت پەسەندکردنی ئەم ستراتیژە بۆ دیکتاتۆری پیر چی دەتوانێت بەدوای خۆیدا بهێنێت:
کات کڕین: ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە شانۆگەریی دوو ڕەوتی نێو حکومەت بە ناو ڕێفۆرمخوازیی و بناژۆخوازیی! و جەختکردنەوە لەسەر دووانەی هەڕەشە و دانوستان! هەوڵ دەدات کات بۆ خۆی پاشەکەوت بکات. تاکە ئامانجی ئەو هەموو دانوستانە درێژخایەن و بێئەنجامانە تێکوشان بو کات کڕینەوە و مانەوەیە لە دەسەڵات. تاکتیکێک کە تا ئێستا لە لایەن ڕژێمەوە دەیان جار کەڵکی لێوەرگیراوە. هەڕەشەکردن بۆ پیتاندنی زیاتر و لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ دانوستان!
سەرکوتکردنی دژبەرەکان لە نێوخۆ: ڕێژیم بە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهانی ئازاددا نییە، نە ئامادەی شەڕە، نە باوەڕی بە دانوستانی دروست هەیە. ئەم پڕۆسەیە دەستی ڕێژێم لە سەرکوتکردنی دژبەرەکانی لە نێوخۆ زۆر ئاوەڵا دەکات. مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتێکدا کە بەڕواڵەت لەسەر مێزی دانوستانە، لە هەمان کاتدا هەڕەشە دەکات، بەڵام لە هەڕەشەکانیدا سنوورێکی دیاریکراو تێناپەڕێنێت، زۆر ئەستەمە! لە ڕاستیدا لایەنی ڕۆژئاوا بە سەرسوڕمانی لە ئەم دوو ڕەفتارە، ئامادەیی دانوستان و نیگەرانی لە هەڵایسانی شەڕ، بێ ئەوەی خۆی بزانێت ناڕاستەوخۆ هەنگاو بە ئاراستەی یارمەتیدانی کۆماری ئیسلامیدا دەنێت.
هێزەکانی بەکرێگیراو: خامنەیی لە وتارەکەیدا لە مانگی گوڵانی ساڵی ٩٨دا پاش ئاماژەدان بە سیاسەتی "نە شەڕ، نە ئاشتی" باسی لە "بەرخۆدان" کرد وەک هەڵبژاردەی تازەی ڕێژیم لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئامریکا! مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە "بەرخۆدان" هێزەکانی بەکرێگیراو و بریکاری گوێڕایەل بە فەرمانی خامنەیین کە ڕۆڵێکی تایبەتیان هەیە لە نائەمنکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە ڕاستیدا بژاردەی کۆماری ئیسلامی بۆ ناچارکردنی لایەنی ڕۆژئاوا بۆ دانوستان، ئەم بریکارانەن. عێراق، سوریە،یەمەن، لوبنان و دواتر ڕەنگە ئەفریقا! ڕێژیم دەزانێ لە ئەگەری ڕوودانی هەر شەڕێکی ڕاستەوخۆدا، زۆر زیاتر لەوەی کە دڵخۆش بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بێت دەبێ نیگەران و پەرۆشی ئەگەری سەرهەڵدان و شۆڕشی نێوخۆیی بێت!
دوو حەوتوو دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە لایەن ئیسرائیلەوە، دەستەوەستان مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە وەڵامدانەوەی ئەم هێرشە سەرەڕای پڕۆپاگەندەی بەردەوامی مێدیا و بەرپرسانی ڕێژیم، دەرخەری قووڵایی نیگەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیسرائیلە. لە ڕاستیدا ڕژیم بە هیچ شێوەک نایهەوێت لە ستراتژی "نە شەڕ نە ئاشتی" دوور بکەوێتەوە هەرچەند تێدەکۆشێت تا بۆ ڕازیکردنی کەمینەی لایەنگرانی دەوروبەری ڕێگایەکی کەم مەترسیدار بدۆزێتەوە. لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە سیاسەتی "نە شەڕ، نە ئاشتی" هەتا چەند دەتوانێت کۆماری ئیسلامی و لە ڕاستیدا تاج و تەختی ڕێبەرەکەی بپارێزێت، پێویستە بگوترێت؛ ڕژیم ڕووبەڕووی چەند تەحەدای جیاواز بووە کە تێپەڕاندنی نزیکە لە مەحاڵە.
داڕمانی ئابووری: گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و گۆشەگیریی سیاسی، جەستەی نەخۆش و گەندەڵی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی لەنێو بردوە و دزی، بەرتیل و گەندەڵی سیستماتیک کوتا بزمارن لە تابوتی ئابووریی نەخۆشی کۆماری ئیسلامی کەخریکی گیاندانە. ئەم هەلومەرجە بۆتە هۆی ئەوپەڕی ناڕازیبوونی چینی هەژار و مامناوەندی کۆمەڵگە و هەر کاردانەوەیەک لەم گرووپانە چاوەڕوان دەکرێت. جگە لەوەش ئەمە بووتە هۆکاری لاوازبوونی پیشتیوانی ماڵی لە هێزەکانی بەکرێگیراو لە ناوچە.
بزووتنەوەی ژینا: ئەو بزووتنەوە گەورەیەی کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیەوە دەستی پێ کرد بووە هۆی هاودەنگییەکی گشتی لە نێو خەڵکی ئێران بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێژیمە. هەرچەندە بە ڕواڵەت کۆماری ئیسلامی توانی بە سەرکوتکردن و کوشتنی هەزاران کەس ئەم بزووتنەوەی گەورەیە پەردەپۆش بکات، بەڵام زیادبوونی بوێری کچان و کوڕانی زۆرتر گەنجی بزووتنەوەی ژینا وەها تانوپۆی کۆمەڵگەی تەنیوە کە ئێستا دژبەری دیکتاتۆری خۆسەپێن بە هەر شێوەیەک و هەر زمانێک بێت خاوەن بایەخ و وەک بەشێک لە پرۆسەی بەرخۆدان لە دژی ڕژێم دادەنرێت.
لە لایەکی ترەوە نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە سەرەڕای ڕۆڵی گرنگی هێزەکانی بەکرێگیراوی ڕێژیم لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دیکتاتۆردا، بە هۆی سرووشتی ئەم گرووپانە و نەبوونی بیروباوەڕێکی زۆر ڕوون و کاریگەری وڵاتە زڵهێزەکان لە سەر ئەم گرووپانە، ئەم هێزانە دەتوانن ببنە "پاشنەی ئاشیل" و تێوەگلاندنی ڕێژیم لە نێو شەڕێکی نەخوازراوەوە!
ڕەنگە دیکتاتۆری پیر و خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی بتوانێت لەژێر سیاسەتی "نە شەڕ، نە ئاشتی" ڕۆژانێک زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام بە دڵنیایەوە چارەنووسی وەک هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهان مردنێکی تاڵ و بەئازارە،تاڵتر لە سەدام و قەزافی!