کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهید مامۆستا حەمدی حۆسێنی لە وڵاتی دانمارک بەرز ڕاگیرا

12:34 - 4 خەرمانان 2724

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٤٠٣، بە ئامادەبوونی ئەندامان و دوستانی حیزب، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک ڕێکخرابوو، یادی شەهید مامۆستا حەمدی حوسێنی لە شاری هۆرسێنس بەرز ڕاگیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان لە لایەن کاک ئیبراهیم ڕەسوڵزادە وە دەستی پێ کرد.

دوای بە خێرهاتنی ئامادەبووان لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی دانمارک، پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک لەلایەن کاک فاخر مەولودییەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا ژیاننامەی مامۆستا حەمدی کە لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی حیزب لە وڵاتی دانمارک بە شێوەی کورتەفیلم ئامادە کرابوو، پێشکەش کرا.

لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا سپاسنامەی بنەماڵەی شەهید مامۆستا حەمدی حۆسێنی لەلایەن گەلاوێژ خوسرەوییەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.