کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی فینلاند

12:42 - 4 خەرمانان 2724

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند بەبۆنەی ٧٩ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات و نوێنەری بەشێک لە ڕێکخراو و لایەنە کوردییەکانی وڵاتی فینلاند، یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

 لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا سادق عەسکەری پێشکەشکاری بەرنامە بە نوێنەرایەتیی کۆمیتە بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکەی کرد و پەخشانێکی بە پێزی بەو بۆنەوە خوێندەوە.

 پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لەلایەن عەلیڕەزا مورادی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب خوێندرایەوە، لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوە کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنەکانی بۆ بزووتنەوەی ژینا و بەشداریی جەماوەریی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە بزووتنەوەی نوێی گەلەکەماندا، ڕۆڵی ژنان و لاوان، قوتابییان و خوێندکاران، مامۆستایانی قوتابخانە و ئایینی، بازاڕییان و دووکانداران و سەرجەم ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی مەدەنی بەرز دەنرخێنێ و پشتیوانیی خۆی لە خەباتی جەماوەری لە کوردستانی ئێران دووپات دەکاتەوە.

دواتر پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان لەلایەن خاتوو زولەیخا دیباجی پێشکەش کرا.

نوێنەری حیزب و ڕێکخراوەکانی کورد لە فینلاند وێڕای پێشکەشکردنی چەپکەگوڵ، بە خوێندنەوەی پەیام و پیرۆزبایی، یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەرز نرخاند.

حیزبەکانی بەشدار بریتی بوون لە:

پارتی دێموکراتی کوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان

کۆمەڵە، ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان

فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە فینلاند

پارتی کوردستانا باکوور

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

ناوەندی کۆمەڵگەی دێموکراتی کوردستان-هێلسینکی

 

دواتر کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە فینلاند بەڕێوەچوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە یەکڕیزیی کورد بۆ کار و چالاکیی هاوبەش قسە کرا.

بڕگەی کۆتایی یادی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٩ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بە بەشداریی هونەرمەندان شۆڕش بۆکانی و ئاوارە خانمێری بە گۆرانی، شایی و هەڵپەرکێی بەشداربووان تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.