کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆما پوورمحەممەدی لە تۆمەتی وەپاڵدراو بێتاوان ناسرا

11:22 - 5 خەرمانان 2724

سۆما پوورمحەممەدی، وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە لە تۆمەتی وەپاڵدراو بێتاوان ناسرا.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی وەپاڵدراوی "دروستکردنی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" دژی ئەم چالاکە فەرهەنگییە لە ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا بەڕێوە چوو و ئەم سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

سۆما پوورمحەممەدی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی" بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرماشان سزا درابوو.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سۆما پوورمحەممەدی لە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و ڕۆژی شەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٣، حوکمی دادگای سەرەتایی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

پێشتر، سۆما پوورمحەممەدی لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی سنەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، سۆما پوورمحەممەدی لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوسەرکەی ئیدریس مینبەری، لە دادگای ئینقلابی سنەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد کرا.