کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی ٣٠٠ کەس لە ئێران لە ماوەی ٧ مانگی ئەمساڵی زایینی

13:02 - 14 گەلاوێژ 2724

لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٣٠٠ زیندانی لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.

ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دوایین ئاماری خۆی سەبارەت بە ژمارەی ئێعدامەکان لە ئێران بڵاو کردەوە و لەسێدارەدانی لانیکەم ٣٠٠ زیندانی لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لەلایەن سیستمی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامییەوە ڕاگەیاند.

بەپێی ئەم ڕاپۆرته و لەو چوارچێوەیەدا، حوکمی ئێعدامی ٤٢ هاووڵاتیی بەلووچ، ٢٠هاووڵاتیی کورد، ٢٠ هاووڵاتیی ئەفغانستانی و ١٥ ژن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە له سێدارە دراون .

ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆییە دوای کۆتاییهاتنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران، زیادبوونی ژمارەی ئێعدامەکانی ڕاگەیاند، بە جۆرێک کە تەنیا لە ١١ ڕۆژی کۆتایی مانگی ژووئیە لانیکەم ٣٦ زیندانی لە سێدارە دراون.

لەلایەکی دیکەوە لە کۆی گشتیی ٣٠٠ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێران، تەنیا ٢٨ لەسێدارەدان لەلایەن میدیاکانی ڕێژیمەوە ڕاگەیەندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە چڕبوونەوەی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی هۆشداری دا و خوازیاری سەرنجی تایبەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پرسی ئێعدامەکان لە ئێران بوو.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، نیگەرانیی خۆی لە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانی چالاکانی مەدەنیی کورد و هەروەها ئەوانەی بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبارن دەربڕی و زیادی کرد: تەنیا بە بەرزکردنەوەی تێچووی سیاسی لە ڕێگەی ناڕەزایەتیی مەدەنی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەتوانرێت ڕێگری لە شەپۆلی ئێعدام بگرێت.

شایانی باسە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ٨٥٣ حاڵەت ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زۆرترین ئێعدامی لە جیهاندا ئەنجام داوە و ٧٤ لەسەدی ئەو ئێعدامانەی لەم ساڵدا تۆمار کراون لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دراون.