کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەتین حەسەنی برینداری ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا

10:10 - 6 خەرمانان 2724

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، مەتین حەسەن لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی بۆکان ئامادە بوو.

پووشپەڕی ئەمساڵ، مەتین حەسەنی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، بەڵگەی بانگکرانی پێ گەیشتبوو.

ئەم بریندارەی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە ٣١ مانگ بەندکران سزا دراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مەتین حەسەنی لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکان بەڕێوە چوو.

لە ڕەوتی ئەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی پارێزەری ناوبراو بەڕێوە چوو، مەتین حەسەنی سەبارەت بە تۆمەتەکانی "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتنی یەکتر بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بەرگریی لە خۆی کردووە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە فەرمی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بانگ کرا تاکوو ئاخرین بەرگرییەکانی خۆی پێشکەش بکات.

مەتین حەسەنی خاکەلێوەی ئەمساڵیش بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگی لقی یەکی لێرسینەوەی داسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکان کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە بۆکان بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

مەتین حەسەنی دواتر بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا و ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم ناڕازییە کە چاوی بریندار بووە لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا پاڵپشتیی خەڵک، بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی کرد و چەندین جار هەڕەشەی لێ کرا و بانگ کرا.