کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان

10:57 - 6 خەرمانان 2724

لەسەر بانگهێشی فەرمیی پارتی دێموکراتی کوردستان، ڕێکخراوی نەمسا، محەممەد فەقێ عەلی بەشی پویوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش بەشداریی ئەم یادەی کرد.

بەشی پەیوەندییەکان لە وتەیەکی کورتدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە سەرجەم ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی پارتی و خەڵکی کوردستان وتی: ئەوە جێگای شانازییە بۆ ڕێبوارانی کۆماری کوردستان کە هەر ساڵێک دوای هەرەسی ئەم کۆمارە جوانەمەرگە هەر لە هەمان ڕۆژدا، کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی تێدا دادەمەزرێ ساڵێک دواتر دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان ڕادەگەیەندرێت.

بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان لە درێژی قسەکانیدا وتی: دامەزراندن و دیاریکردنی ناوی پارتی بە ئیلهاموەرگرتن لە کۆمارە ساواکەی کوردستان بووە. چون ساڵێک پێشتر بارزانیی نەمر و هێزەکانی بۆ هاوکاری و پشتیوانی هاتنە ژێر سایەی ئەم کۆمارە.

بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات وتی: ڕۆژهەڵاتی نیشتمان زۆر دەمێکە بە بە کردەوە بە دۆست و دوژمنانی نیشان داوە، کە لە ئاست ڕووداوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەتی باشوور هیچکات بێدەنگ و بێدەسەڵات نەبوون و هەموو کات هەڵوێستیان نیشان داوە و لەو پێناوەشدا شەهیدی زۆر لەسەر شەقامی ڕۆژهەڵات دراوە. ئەوان بە سەرکەوتنەکانی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە هەر کوێ بێت سەرمەست و دڵخۆش دەبن و بە تێکشکانەکانیش بەو ئەندازەیە ناڕەحەت و هاوخەم دەبن.

بۆیە چاوەڕوانیمان وەک حیزبی دیمۆکرات و شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردتسان لە پارت و هێزەکانی دیکەی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە هیچکات و لەژێر هیچ فشار و زەبر و زەنگ و هەڕەشەیەکدا، لە پرنسیپیە نەتەوەییەکانیان لانەدەن و پشتیوان و یار و یاوەری نەتەوەکەیان بن.