کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی باوکی شەهید ژینا ئەمینی سەبارەت بە لێدوانی فاشیستانەی عەلی ئێنتزاری

11:23 - 6 خەرمانان 2724

ئەمجەد ئەمینی باوکی شەهید ژینا ئەمینی سەبارەت بە لێدوانی فاشیستانەی بەرپرسی کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا کاردانەوەی نیشان دا و قسەکانی ناوبراوی هەر لە بنەڕەتەوە بە درۆ زانی.

عەلی ئێنتزاری ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانان لە بەرنامەیەکی حکوومەتیدا و لە لێدوانێکی سەرتاسەر درۆ و چەواشەکارانەدا وێڕای لەقەڵەمدانی هەڵسوکەوتی  ڕێژیم بە هەڵسوکەوتی نەرمونیان لەگەڵ ناڕازییاندا، بە ئەدەبیاتێکی فاشیستانە و دوور لە ڕێز و ئەدەب نێوی شەهید ژینا ئەمینی دێنێت کە بە دەستی مەئموورانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم لە تاران کوژرا.

ئەمجەد ئەمینی لە کاردانەوە بەم وتە بێڕێزانەی ئێنتزاری لە ماڵپەڕی ئینستاگرامی خۆیدا نووسی: "ئەم قسانە هەڵقوڵاوی مێشکێکی ئاستنزمە"، و زیادیشی کرد "شەرمەزار بێت و باشترە کە وڵامی دیکەی پێ نەدەینەوە".

پاش کوژرانی شەهید ژینا ئەمینی و دەسپێکی خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و دواتر تەشەنەسەندنی بۆ هەموو ئێران، ڕێژیم بە سەرکوتی توندوتیژانەی کەموێنە، هەزاران کەسی لە کوردستان و ئێران کوشت و بریندار کرد و ژمارەیەکی زۆریشی دەسبەسەر کرد کە تاکوو ئێستاش لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدان.

ئەم توندوتیژییانەی کە دواتر لەلایەن کۆمیتەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک تاوان بە دژی مرۆڤایەتی پێناسە کرا، بە وتەی عەلی ئێنتزاری هەڵسوکەوتێکی نەرمونیان و باوکانە بووە.