کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەشکرانی وریشە مورادی لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی

18:36 - 6 خەرمانان 2724

وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ٣٩٢ ڕۆژە دەسبەسەرە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە، لە لایەن لیژنەی ئینزباتیی بەندیخانەی ئێڤینەوە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ ماوەی دوو مانگی دیکەش لەو مافە بێبەش کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی ژنی بەندیخانەی ئێڤین لەلایەن لیژنەی ئینزباتیی ئەو بەندیخانەیەوە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش کراون. هەروەها ١٤ی گەلاوێژ دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی وریشە مورادی دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، بەهۆی ئامادەنەبوونی لە دادگا بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی بۆ کاتێکی دیکە دوا خرا.

دوای جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی سەحنە و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ژمارەیەک لە بەندکراوانی ژنی بەندیخانەی ئێڤین لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ ناڕەزایەتییان دەربڕی کە تێکهەڵچوونی ئەو بەندکراوانە و نیگابانەکانی بەندیخانەکەی لێکەوتەوە و لەلایەن لێژنەی ئینزباتییەوە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش کران.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی لە دادگا ئامادە نەبوو و پارێزەرەکانی دۆسییەکەی لەو دادگایەدا ئامادە بوون و بە دادوەر سەڵەواتییان ڕاگەیاندبوو کە وریشە مورادی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی لە دادگادا ئامادە نەبووە و دادوەر دادگاکەی بۆ کاتێکی دیکە دوا خستەوە.