کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ئەندێشە و بیروباوەڕەکانی دوکتور قاسملوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەهادینە بووە

02:55 - 7 خەرمانان 2724

خالید عەزیزی: ئەندێشە و بیروباوەڕەکانی دوکتور قاسملوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەهادینە بووە

(دەقی قسەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا)

 

کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

ئەندامانی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری حیزب!

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

 ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو ئێوە و لە هەمووی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز بێت. ٧٩ ساڵ پێش ئەوڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەئیس جمهوور و پێشەوای حیزبی دێموکرات، قازی محەممەد، حیزبێکی دامەزراند کە بوو بە سەرچاوەیەک بۆ گەشە و پەرەئەستاندنی بیروباوەڕی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پێشەوا قازی محەممەد لە ماوەیەکی کورتدا بە هیممەت و بەشداریی خەڵکی ئەو ناوچەیە توانی کۆماری کوردستانیش دابمەزرێنێ. ئەو زۆر زوو لەگەڵ هاوڕێیانی لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا بەو قەناعەتە گەیشتبوون ئەگەر کورد بیهەوێ لە گۆڕەپانی سیاسی و هاوکێشەکانی پێوەندیدار بە ئێران و پرسی کورددا دەوری هەبێ، دەبێ دامەزراوەی هەبێ و ئەو دامەزراوەیەش حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە لەسەر دەستی ڕەئیس جمهوور و پێشەوامان دامەزرا. بۆیە لەو ڕۆژە پیرۆزەدا و ٧٩ ساڵ دوای ئەو ڕۆژە یاد و ناوی پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆز بێت. لەو ڕۆژەدا یادی شەهیدانی حیزبەکەمان بەرز ڕادەگرین و سڵاو دەنێرین بۆ زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگری نەتەوەکەمان و بنەماڵەکانیان و هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پشتیوانانی سەرەکیی حیزبەکەمان.

پێشەوا قازی محەممەد بۆ گەشەپێدانی بیری کوردایەتی و دروستکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە یەکەمین حیزبی مۆدێڕن بوو لە مێژووی کورددا و بەدوای ئەودا ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان ڕۆشنایی بڵاو کردەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و بەرچاوڕوونیی دا بە تێکۆشەرانی کورد کە چۆن لەو خەباتە بەردەوام بن. پێشەوا قازی محەممەد لەسێدارە درا، بەڵام حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد لەسەر پێ مایەوە و، بە دوای پێشەوا قازی محەممەد و ڕووخانی کۆماری کوردستان، تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێبواری پێشەوا دەورانێک لە زیندانەکان و دەربەدەری و تەنانەت بەشێکیان لە ئورووپا مەشخەڵی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەرز ڕاگرت و ئەو خەباتە بەردەوام چووە پێشێ.

وردە وردە و بە تێپەڕینی کات و سەردەمەکان حیزبی دێموکرات زۆرتر چووە نێو گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، مەسەلەی کورد و تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش. بە دوای پێشەوا قازی محەممەد ئەوە دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو، ڕێبەری هەڵکەوتووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتیی سیاسی و دەوڵەت‌مەردی بەهێزی ناوچەکە و ئێران بوو بە ڕووگەی ئەو حیزبە. لە ڕۆژە هەرە سەختەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا د. قاسملوو ڕێچکەی نوێی بۆ داهاتووی ئەو حیزبە شکاند و بەهۆی ئەم ڕێبەرە کاریزماتیکەوە حیزبی دێموکرات بوو بە خاوەنی تاکتیک و ستراتێژی، بوو بە خاوەنی بەرنامە و پڕۆگرام و، بوو بە خاوەنی وێژمانی سیاسی و بۆچوونێک کە ڕووی کار و گۆڕەپانی خەباتەکەی لە کوێیە. د. قاسملوو هەوڵی دەدا بە سیاسەتێکی دروست و ژیرانە بتوانێ بەردەنگێکی زۆرتر بۆ حیزبەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرتاسەری ئێراندا ببینێتەوە.

ساڵ هات و ڕۆیشت و ٧٩ گەلاوێژ تێپەڕیوە. پێشەوامان لەسێدارە درا. دوکتور قاسملوو کە بیرو باوەڕێکی ئاشتیخوازانەی هەبوو، لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەسەر مێزی موزاکەرە لە ڤییەن تێرۆر کرا، دوکتور شەرەفکەندییش بۆ دیتنەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەوەی خەبات و تێکۆشان لە ئێراندا بێ ڕێبەر نەمێنێتەوە، لە دانیشتنێکدا کەوتە بەر دەستڕێژی تێرۆریستە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی. بە دوای ئەودا سەدان کادر و پێشمەرگەی دیکەشمان تێرۆر کران، بەر مووشەک و دڕۆن دراین، بەندییە سیاسییەکانمان لە زینداندا ئێعدام کران؛ بەڵام حیزبی دێموکرات، حیزبەکەی ئێوە هاوڕێیانی پێشمەرگە و حیزبەکەی ئێوە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لەسەر پێ ماوەتەوە و بە چۆکدا نەهاتوە. ئەدی هۆکار؟

هۆکارەکەی زۆر ڕوونە، ئەو حیزبە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بژیو وەردەگرێ. کچان و کوڕانی ئەو میللەتە بە پەیوەیست‌بوونیان بەو حیزبە و بە کار و تێکۆشان لە دامەزراوەکانی حیزبی دێموکراتدا، حیزبی دێموکراتیان هەر ئاوا ڕاگرتووە. یەکێک لە دەسکەوتە بەرزەکانی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرانی کۆماری کوردستانە کە ئێستاش سیمبوولی نەتەوەیی کوردە. دامەزرانی هێزی پێشمەرگە دەسکەوتێکی دیکەی حیزبی دێموکراتە. پێشمەرگە تەنیا گرووپێکی چەکداری نییە، پێشمەرگە خوڵقاوی نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کاتێک پەلاماری کوردستان درا و پەیامی ئاشتیخوازانەی د. قاسملوو و حیزبی دێموکرات لە تاران وەرنەگیرا و هێرش کرایە سەر کوردستان، کاتێک لەدژی کورد ئێعلامی جیهاد کرا، کێ بوو مقاومەتی کرد؟ کێ بوو لە مەیداندا بوو؟ بێگومان هێزی پێشمەرگە بوو. ئەوکاتە کچان و کوڕانی ئەو میللەتە بۆ بەرگری لە خۆیان دەستیان دایە چەک و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرهەمی ئەو پاشخانەیە. هێزی پێشمەرگەی حیزب بەشێک لە سیاسەت و ستراتێژی حیزبی دێموکراتە. پێشمەرگەی بەرنامە و ئەساسنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە دەیهەوێ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافە نەتەوایەتییەکانی بگات، لە ئێران دێموکراسی دابمەزرێ، هەموومان بە یەکەوە بتوانن ئەو ڕێژیمە لەنێو ببەین و نیزامێکی دێموکراتیک کە تێدا مافەکانی تاک و نەتەوەمان پارێزراو بێت دابمەزرێنین. جا ئەگەر وایە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات دەورێکی مێژوویی و بەشێک لە شانازی و بەشێک لە ڕابردووی ئەو میللەتەیە و هەرگیز فەرامۆش ناکرێ و وەلا نانرێ.

دەسکەوتێکی دیکەی حیزبی دێموکرات ئەوەیە دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان کۆمەڵێک دامەزراوەی دیکەی حیزبی بووە، خاوەنی سروود و ئاڵای نەتەوەیی بووە کە هەمووی ئەوانە بوونەتە هێمای نەتەوەیی. جا ئەگەر وایە کاتێک ئێمە باسی ٧٩ ساڵەی ژیانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین، هەگبەیەکی زۆر پڕمان هەیە و هەر حیزب و هەر کەسێکیش هەگبەکەی پڕ بێت ئەرکی زۆرتر و قوورستر دەبێت. ئەو هەگبە پڕە شتی زۆر تێدایە بۆ داهاتووی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران لەپێناو دابینبوونی مافە نەتەوایەتییەکانمان، لەپێناو بەدامەزراوەکردنی بیروباوەڕی نەتەوایەتی و دێموکراسیخوازی و خەباتی ڕزگاریخوازیمان، لەپێناو پەرەسەندنی پتری خەباتی بەهێزی جەماوەریمان. حیزبی دێموکرات هەر لە بەردی بناغەوە حیزبێکی جەماوەری بووە، بۆیە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەم پەیام و بانگەوازەکانی حیزبەکەیانەوە دێن و ئەمەش ئەرک و بەرپرسایەتیی ئێمە قوورستر دەکات. لە جووڵانەوەی ژینادا لە خۆڕا نەبوو لە جوانڕۆوە هەتا لای ورمێ دەیانگوت: "قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، ئەوە پەیامێکی ڕوونی تێدا، و ئەوە دەرکەوتنەوەی ئەندێشە و بیروباوەڕەکانی دوکتور قاسملوویە کە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا نەهادینە بووە.

حیزبی ئێمە لە تەنیشت خۆشییەکاندا ناخۆشیشی بووە کە ئەوە بەشێکی سروشتی ژیان و بەشێکی سروشتی سیاسەتە. بەڵام هەروەک ئاماژەم پێ دا قەت چۆکی دانەداوە. یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئێمە کە عەقڵییەتی حیزبی، عەقڵییەتی لێک‌تێگەیشتن و عەقڵییەتی یەکگریی ئێمەی بە‌هێز کرد، یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوو ساڵ لەوە پێش بوو. ئەو یەکگرتنەوەیە بەشێکی ئاکامی کاریگەریی پەیام و داخوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بەرەوڕووی دوو لایەنی دێموکرات دەکرایەوە. ئەوان دەیانگوت ئەو حیزبە هی ئێمەیە و بە ئەمانەت لە دەستی ئێوەدایە و کوڕان و کچانی ئەم حیزبە دەبێ لە حیزبێکی یەکگرتوو دا کار بکەن و ئێعتباری نەتەوەیی پتر بە حیزبەکەمان ببەخشن. بە خۆشییەوە ئەندامان و کادرەکانی حیزبی دێموکرات ئەو پەیامەیان وەرگرت، بۆیە توانیمان یەکگرتنەوەیەکی بەهێز بەدی بێنین و لە خەباتمان بەردەوام بین. هەر لەو ڕۆژە پیرۆزەی یادی ٢٥ی گەلاوێژدا پیرۆزبایی لە هەموو دێموکراتەکان دەکەم کە بۆ یەکگرتنەوە قۆڵیان هەڵماڵی و پڕۆژەکەیان سەرخست. هەروەها هیوادارم عەقڵییەت و بیرۆکەی یەکگرتنەوە و لێک‌تێگەیشتن لە ژیانی حیزبی دێموکراتدا هەمیشە ببێ بە مەبنایەک بۆ یەکڕیزی ئێمە و هەمووی ئێمە دەبێ ئەو یەکڕیزییە بپارێزین.

حیزبی ئێمە بەپێی ئەو پێڕەو پڕۆگرامە و ئەو سیاسەتەی بوویەتی لە بوار و مەیدانی جۆراوجۆردا بە کەڵک‌وەرگرتن لە مێتۆد و شێوازی جۆراوجۆری خەبات سەرەڕای دروستبوونی زۆر ئاستەنگ، بەڵام بەردەوام لە کارەکانیدا چۆتە پێشێ و دەچێتە پێشێ. مەیدانی سەرەکیی ئەم حیزبە پێش هەموو جێیەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نێوخۆیی وڵاتە. ڕێکخستنی جموجۆڵی جەماوەرییە کە ئەوە بەشی سەرەکیی فەلسەفەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک دێنێ. مەیدانێکی دیکە ئەوەیە ئێمە هەوڵ دەدەین لە سەرتاسەری ئێراندا دۆست و بەردەنگی زیاتر بۆ پرسی خۆمان پەیدا بکەین. بۆچوونەکانی ئێمە و بەرنامەکانی حیزبەکەمان ڕەوایە و زۆر لایەن پێشوازی لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات دەکەن و هیوادارم بە هەوڵی هەمەلایەنە بتوانین ئەو بەردەنگانە زۆرتر بکەین. مەیدانێکی دیکە ڕێکخستن و سازماندەهی هێزی خۆمان و هێزی پێشمەرگە ئەویش بەپێی بارودۆخی ناسەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

حیزبی دێموکرات حیزبێکی سیاسییە، حیزبێکی ئیدئۆلۆژیک نییە و وەسڵی هیچ ئیدئۆلۆژیکێکی تایبەت نییە. حیزبێکی جەماوەری و حیزبی هەموو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بە شیعە و سووننی، بە یارسان و بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە. جا بۆیە ئەو حیزبە بە تەبیعەتی ئەوەی حیزبێکی سیاسییە، و بەردەنگی زۆری هەیە، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا قوورسایی و جێگەوپێگەی خۆی هەیە. ئەم پێگەیە بەشێکی زۆری بەرهەمی کار و تێکۆشانی دوکتور قاسملوو بوو کە لە دەرەوە دەرگاکانی بە ڕووی ئێمەدا کردەوە و فێری کردین چۆن بتوانین پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی خۆمان بەهێز بکەین. بەهێزبوونی پێگەی پێوەندیی دیپلۆماتیکی ئێمە و مەرجەکانی گوێدان بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە قووەت‌بوونی خەبات و جموجۆڵی جەماوەری لە نێوخۆی وڵاتە و بەهێزکردنی ئەو خەباتەش ئەرکی هەموو لایەکمان و پێویستیی کەلک‌وەرگرتن لە هەموو مێتۆد و شێوازەکانی تێکۆشان و حیزبایەتی و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی خەباتە.

 هاوڕێیانی پێشمەرگە! بۆ جارێکی دیکە ماندوونەبوونیتان لێ دەکەم. جێژنی ٢٥ی گەلاوێژتان پیرۆز بێت و لەو دەرفەتەدا جارێکی دیکە یادی هەموو ئەو هاوڕێ و پێشمەرگانە دەکەینەوە کە لەو ڕێبازەدا و لە ماوەی ٧٩ ساڵی ڕابردوودا لە سەنگەری خەباتدا بوون. خەباتمان بەردەوام و ئاڵا حیزبەکەمان هەر شکاوە بێت.