کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک

10:49 - 7 خەرمانان 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، کاک پەرویز موزەفەری، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هۆی ڕاوەستانی دڵ،  لە شاری ئاڵبورگ لە وڵاتی دانمارک، ماڵاوایی ژیان کرد .

کاک پەرویز موزەفەری ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی خۆشناو لە شاری سەردەشت لە دایک بوو.

ناوبراو ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لەگەڵ ئاپۆڕای وەزاڵەهاتووی خەڵکی کوردستان لە خۆپێشاندانەکانی شاری سەردەشت بە دژی ڕیژیمی حەمەڕەزاشای پەهلەوی ڕۆڵێکی باشی گێڕا و وێڕای دەیان گەنجی دیکە تا سەرکەوتنی شۆڕش و دەرکردنی هێزەکانی شا و ساواک لە کەسە دیارەکانی نێو خۆپێشاندانەکان بوو.

دوابەدوای ئاشکرابوونی کاری ڕێکخراویی حیزبی دێموکرات، کاک پەرویز وێڕای چەند گەنجێکی دیکە خۆیان گەیاندۆتە بنکەی ڕەسمیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دواتر تێکەڵ بە کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی بووە و تا گرتنەوەی شاری سەردەشت لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەرکەکانی خۆی لە ڕێکخراوی لاوان و شوێنەکانی دیکەی سەر بە حیزب بەڕێوە بردووە.

لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاویدا و دوای ئەوەیکە زەبر و گوشارەکانی ڕێژێم بۆ سەر لاوان و خەڵک زیادی کرد، کاک پەرویز بە ناچار شار بەجێ دەێڵێ و خۆ دەگەیێنێتە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە کاری سیاسی و پێشمەرگانە دەبێ و وەکوو مامۆستای شۆڕش بۆ زمانی کوردی ئەرکی بۆ دیاری دەکرێ و لە چەند گوندی ئالان و یەک لەوان گوندی بێتووش دەبێتە مامۆستای شۆڕش و دواتر پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێ و لە نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ لە کارێزە لە بەشی ددانسازیدا وەک پێشمەرگە خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا.

کاک پەرویز لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ڕێگەی هەندەران دەگرێتە بەر و لە وڵاتی دانمارک درێژە بە ژیان دەدات. ئەو هەمێشە وەکوو ئەندامێکی چالاکی حیزب لە دامەزرانی کۆمیتەی حیزب لە دانمارکەوە هەتا ساتی ماڵاواییکردنی لە هاوسەنگەرانی، لە خزمەت حیزبی دێموکرات و ئامانجە نەتەوەییەکانیدا بەردەوام بووە.