کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٨ ڕێکخراو و دامەزراوەی مافی مرۆڤی داوای پشتیوانی جیهانی بۆ "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"یان کرد

11:02 - 7 خەرمانان 2724

٦٨ ڕێکخراو و دامەزراوەی مافی مرۆڤی ئێرانی و نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای ڕاگەیاندنی هاودەنگی لەگەڵ "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"، داوای پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ ئەم بزووتنەوەیان کرد.

لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، هاودەنگی و پشتیوانیی خۆمان بۆ کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە زیندانەکانی ئێران ڕادەگەیەنین. ئێمە خوازیاری ڕاگرتنی هەموو لەسێدارەدانەکان لە ئێرانین و داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین کە پشتیوانی لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی "هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان" لە ئێراندا بکەن.

لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییانەدا هاتووە: ''کۆماری ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی سەرکوتی سیاسی کەڵک وەردەگرێت و حوکمی لەسێدارەدان لە دادگاکاندا بەبێ ڕەچاوکردنی کەمترین ستانداردی پرۆسەی دادوەری دەردەچێت.''

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە: ''لە ٢٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی ئاگۆستدا بە شێوەی نێونجی لە هەر شەش کاتژمێردا کەسێک لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراوە. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ساڵانە ژمارەی ئێعدامەکان زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٨٣٤ کەس لە سێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەمساڵ تا ٢٦ی ئاگۆست، ئەم ڕێکخراوە لانیکەم ٣٩٥ حاڵەتی لەسێدارەدانی تۆمار و پشتڕاست کردووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو لەسێدارەدانانەی کە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەنجام دەدرێن، زۆرترین ڕێژەیان بە خۆیانەوە تەرخان کردووە و گرووپە پەراوێزخراوەکان و کەمینە نەتەوەییەکان بەتایبەتی کورد و بەلووچ ڕێژەیەکی بەرزی لەسێدارەدراوەکان بە بەراورد بە حەشیمەتەکەیان پێک دەهێنن.

ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە خراونەتە ڕوو دەریدەخەن کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٤٠٢ لە سێدارە دراون بە بەراورد بە ژمارەی ئێعدامەکانی ساڵی ١٤٠١ نزیکەی ٨٥ لەسەد و بە بەراورد بە ساڵی ١٤٠٠، نزیکەی ١٣ لەسەد زیادی کردووە.