کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی گەندەڵ

12:51 - 7 خەرمانان 2724

شەماڵ تەرغیبی

بەپێی ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژانی ٢ هەتا ٨ی خەرمانان بریتییە لە حەوتووی دەوڵەت کە وەک خۆیان باسی دەکەن تێیدا ڕێز لە زەحمەت و تێکۆشانی ئۆرگان و دامودەزگاکانی سەر بە هێزی جێبەجێکار دەگیرێ و لە هەمان کاتیشدا کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزی ئەم نیهادە ڕێزیان لێ دەنرێ. بەڵام وەک زۆرێک لە کارناسانی کاروباری ئێران و چاودێرانی سیاسی باسی دەکەن و خەڵکانی ئێرانیش بە ئێسک و پێستەوە هەستی پێ دەکەن دیاریکردنی حەوتوویەک بەو ناوە تەنیا ڕیاکاری و چەواشەکارییەکی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییە و هیچی تر. بۆ سەلماندنی ئەم وتەیەش ئەوەندە بەسە کە ئاوڕێک لە کاروکردار و دەسکەوتەکانی ئەم دەوڵەتانە بدرێتەوە کە لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی ڕابردوودا لە ئێران لەسەر کار بوون.

یەکێک لە ئەرکە دیارەکانی هەر دەوڵەتێک بریتییە لە هەوڵدان بۆ نەهێشتن یان بنبڕکردنی گەندەڵی لە هەموو ئاستەکانیدا؛ بەڵام وەک هەموو لایەک دەزانن هیچ کام لە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی نەک نەیانتوانیوە هەوڵ بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی بدەن بەڵکوو بۆ خۆیان هۆکار و جێبەجێکاری سەرەکی گەندەلییەکان بوون. لێرە چەند نموونەی زەق و بەرچاو لە گەندەڵییە ئابوورییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو وەبیر دەهێنینەوە:

- گەندەڵیی ماڵیی چای دێبش لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەییسی

- گەندەڵیی ماڵیی هەزار میلیارد تمەنی وەزارەتی سەنعەت بۆ هاوردەکردنی ماشین لە دەوڵەتی ڕوحانی

- گەندەڵیی ١٣ هەزار میلیارد تمەنیی بابەک زەنجانی و ئیختلاسی ١٠٠ میلیارد تمەنی لە کۆمپانیای نەوتی ئێران لە دەوڵەتی ئەحمەدی‌نژاددا

- گەندەڵی لە شارەداری تاران بە سەرۆکایەتی باقر قالیباف

- ونبوون و دزینی دەکەڵە نەوتییەکان لە دەوڵەتی ئەحمەدی‌نژاددا

ئەمانە تەنیا چەند نموونەی بچووکن لەو گەندەڵییە ماڵییانەی لە ٤ دەیەی ڕابردوودا لەلایەن دەوڵەتە جۆربەجۆرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دراون و ڕەنگە ئەگەر ورد بچینە نێو باسەکەیەوە بە دڵنیاییەوە خۆی لە سەدان پەروەندەی هاوشێوە دەدات.

یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی دەوڵەت بریتییە لە پلاندانان بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەموو یان لانی‌زۆری پۆتانسییەلەکانی بەردەست لەمەڕ گەشەکردنی وڵات؛ یەکێک لەو پۆتانسییەڵانە هەمان سەنعەتی توریزم یان گەشتیارییە کە ئێران خاوەن پێگەیەکی تایبەتە لەم بوارەدا و ئەگەر بەشێوەیەکی مۆدێڕن و ئەمڕۆییانە کاری بۆ بکرێت دەتوانێ بەشێکی زۆری گرفت و کێشە ئابوورییەکانی خەڵک چارەسەر بکات و ببێتە سەرچاوەیەکی گرینگی داهات بۆ هەموو خەڵکی نیشتەجێ لەو جوغڕافیایە کە بە ئێران دەناسرێتەوە. بەڵام ئەوەیکە لە کرداردا دەبینرێ ڕێکاوڕێک بەپێچەوانەی ئەم کەتوارەیە! بە چەشنێک کە نەتەنیا هیچ هەوڵێک بۆ گەشەکردنی ئەم کەرتە نەدراوە، بەڵکوو بە پێچەوانە هەوڵەکان لەو ڕاستایەدا چڕ کراونەتەوە کە کەمترین خەڵک لە وڵاتانی دیکەوە سەردانی ئێران بکەن کە ڕەنگە یەکێك لە هۆکارەکانی ئەو ڕوانگە ئەمنیەتییە بێت کە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی بڕوای پێی هەیە و هیچ ئەویترێکی بۆ قەبوول ناکری.

بەپێی دوایین ئاماری فەرمیش ئێران لە پلەکانی نیزیک بە ١٠٠ لە ئاستی جیهانی جێی گرتووە. سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم دۆخەش لەلایەن کارناسانی ئەم بوارە بەم شێوەیە پۆلێن کراون: نەبوونی فڕینی ڕاستەوخۆ بۆ ئێران، دۆخی نەشیاوی ڕێکلام و پروپاگەندا بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، نەبوونی هەوڵێکی تۆکمە بۆ وەدەستخستنی بازاڕ، ڕەچاونەکردنی ستانداردەکان بۆ شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران و ناوەندە گەشتیارییەکان، بوونی یاساگەلی ئایدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ حیجاب و و دەرکەوتنی گەشتیارەکان، نەبوونی هێزی مرۆیی شارەزا، دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کاروباری کەرتی گەشتیاری، نەبوونی پلان و پلانداڕێژی، کەڵکوەرنەگرتن لە تێکنۆلۆژی نوێی جیهانی و دەیان هۆکاری تر کە لێرەدا دەرەتانی باسکردنیان نییە.

جیا لە مەسەلەی گەشتیاری کە وەک باس کرا یەکێکە لە سەرەکیترین سەنعەتەکانی ئەمرۆی جیهان بۆ داهاتی دەوڵەتان و تێیدا وڵاتگەلێکی وەک تورکیە و ڤیەتنام زۆر سەرکەوتوو بوون، کەرتێکی تر کە دەوڵەتەکان ئەرکدارن کاری بۆ بکەن و پلانی وردیان بۆی هەبێ تاکوو خەڵکی ئەو وڵاتە کەڵکی لێ‌وەربگرن و بە یەکێک لە پێشمەرجەکانی پێشکەوتنی وڵاتێک دەناسرێ؛ کەرتی ڕێگەوبان و ڕاگواستنە کە هەم کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووریی وڵات هەیە و هەمیش دەبێتە مایەی ئاسانکاری و ئاسایشی هاووڵاتییان. بەڵام لە ئێراندا بەهۆی نەبوونی پلانی ورد و ئەمڕۆییانە و ئامادەنەبوون بۆ کەڵ‌کوەرگرتن لە داتا و زانستەکانی سەردەم لەم پێوەندییەدا و هەروەها خستنە ئیختیاری هەموو پۆتانسییەڵەکان لە بەردەم سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی تری ڕێژیم دەبینین کە ڕێگەوبانەکانی ئێران چ ئاسمانی، چ زەوینی و چ دەریایی لەوپەڕی خراپی خۆیاندان و کەم ڕۆژ هەیە کە هەواڵ و ڕاپۆرت لە پێوەندی لەگەڵ مردن و برینداربوون و کەمئەندامبوونی هاووڵاتییان بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکان بڵاو نەکرێتەوە.

مەسەلەی سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە بەرپرسانی پێوەندیدار نەتەنیا ئامادە نین کە دان بە کەتوار و ڕاستییەکاندا بنێن بەڵکوو هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ تاکوو بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان باری قورسی بەرپرسایەتییەکان بخەنە ئەستۆی خەڵکانی تر. بۆ نموونە حەسەن ڕوحانی ئەو کاتە کە سەرۆکی دەوڵەت بوو، سەبارەت بە ناتوانایی دەوڵەتەکەی لەمەڕ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکان وتبووی هۆکاری ئەم مەسەلە نەبردنەسەری بەڵێنەکان لەلایەن ترامپەوەیە!