کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرلێشێواوی و ئیدیعای پڕوپووچ

10:05 - 15 گەلاوێژ 2724

دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری حەماس لە تاران، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت بڵاوکراوەکانی سەر بە سپای پاسداران کە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، ئەسڵ و واقعی ڕووداوەکەیان بەلاوە دیار نیە، کەوتنە هەوڵی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ئیدیعا و زانیاریی پڕ لە دژوازی. لەگەڵ ئەوەیکە هەر لە سەرەتاکانەوە دیاربوو کە ئەو شێوە دەستوەشاندنانە دەبێ کاری لایەنێکی وەک ئیسرائیل بێت و هێندێک لە کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمیش قامکی تۆمەتیان بۆ لای ئیسرائیل ڕاداشت، بەڵام بڵاوبوونەوەی هێندێک زانیاریی دیکە لە سەر ڕوداوەکە تەنانەت ناوەندە ئەمنیەتی و میدیاکانی ڕێژیمیشی خستە دوودڵیەوە. بە شێوەیەک کە دوو ڕۆژ دوای ڕووداوەکە، لە میدیا ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوکرایەوە کە "ئەوەی تا ئێستا لە "ڕەسانەی میللییەوە" هێندێک کەس قسەیان لەسەر ڕووداوی کوژرانی هەنییە کردوە، بۆچوونی تاکەکەسیی خۆیانە و تا ئێستا هیچ ناوەند و دەزگایەکی ڕەسمی لەسەر ئەو ڕووداوە زانیاریی بە میدیاکان نەداوە". چەند کاتژمێر دواتر لەم  هەڵوێستەی میدیاکانی سەر بە دەسەڵات  هەواڵەکان باسیان لە دەستبەسەرکردنی دەیان کەس لە پلەدارەکانی سپای پاسدارانی نزیک لە ڕووداوەکە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپاوە کرد. هەموو ئەمانە هاوکات بوو لەگەڵ هەڕەشەو گوڕەشەی بەرپرسانی بە قەولی خۆیان "لەشکەری و کشوەری" لە ئیسرائیل و تۆڵەکردنەوەی "سەخت"!!.

لەم نێوەدا ئەوەی لە هەمووان تا ڕادەیەک چاوەڕوان کراو و لەهەمان کات‌دا بێ‌بنەماتر بوو، ئیدیعای کۆمەڵێک پەیج و کاناڵی نافەرمیی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەتایبەت سپای پاسداران بوو کە دەیانەویست وا بنوێنن کە ڕووداوی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، پێوەندی بە بزووتنەوەی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەیە!!

ئەوەیکە ئامانجی پیلانگێڕانە و چەواشەکارانەی ئەم کاناڵ و پەیجانە چیە بۆ هەموو لایەک ڕوونە؛ کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانی ڕێژیم وەک لە ڕابردووش دا بە تۆمەتی جۆراوجۆر هەوڵی چەواشەکردنی نێوەرۆکی بزووتنەوەی کوردستان و بیانووهێنانەوە بۆ پەلامار و هێرش بۆ سەر حیزبەکانیان داوە، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ درۆ و  ئیدیعای بێ‌بنەمای ئەمجارەی ئەم پەیج و کاناڵانەی ڕێژیم لەسەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و پێوەندییدانی ئەم ڕووداوە بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و حیزبی دێموکرات پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵ بکەین:

یەکەم ئەوەیکە؛ بۆ هەموو لایەک و بەتایبەت بۆ هەموو ئەوانەی شارەزا بە هەڵوێست و کرداری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و ڕۆڵە خەباتکارەکانی کوردستانن ڕوونە کە، کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، دوور و نزیک هیچ پێوەندییەکی بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە نیە. بە پێی خەسڵەتی خەباتکارانە و نێوەڕۆکی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ٤٦ ساڵەی لەبەرەیەک ڕاوەستانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەمیشە کورد و بزووتنەوە ڕەوا و مافخوازانەکەی خۆی لەم کار و کردەوانە پاراستووە و هەوڵی نەداوە لە مەیدانێک‌دا کە دوژمن هەوڵی دیاریکردنی دەدات یاری بکات. بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەر بەستێنێکی خەباتکارانەدا هەڵوێست و کردەوەی لە خۆی نیشان دابێ، بە بێ‌شەرم خۆی لێ بەخاوەن کردوە.

دووهەم خاڵ ئەوەیە کە؛ ئەم جۆرە پڕوپاگانداو و ئیدیعایەنە لە سەر بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات تەنیا بۆ چەواشەکردنی ویست و مافەکانی خەڵکی کوردستان و بیانووگرتن بۆ گرتنەپێشی سیاسەتی سەرکوتکارییە کە بەخۆشییەوە گەلانی دیکەی ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەک لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا سەلماندیان، نەتەنیا باوەڕ بەم درۆ و دەلەسانە ناکەن، بەڵکوو خۆیان بە پشتیوانی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات دەزانن.

وەک هەموو لایەک لەبیریانە، لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژینادا کە خەڵکی شوێنەکانی دیکەی ئێران بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی کاربەدەستانی ڕێژیم، پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان کرد و درووشمی ژن.ژیان.ئازادی و "کردستان کردستان چشم و چراغ ایران"یان بەرزکردەوە، ڕێژیم بە هێرش بۆ سەر کوردستان و پەلاماری مووشەکی بۆ سەر حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە، دەیهەویست سەرنجی بیروڕای گشتی خەڵکی ئێران بە کۆدی "تجزیە طلبی" بەلارێدا بەرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان بە جۆرێک دەیهەویست مەیدانێک بۆ دژکردەوەی ئەم حیزبانە دیاری بکات کە ئیدیعا بێ‌بنەماکانی خۆی تێدا بسەلمێنێ. بەڵام بە خۆشییەوە بە هۆی ژیری و درایەتی بەرزی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات و تێگەیشتن لە پیلانەکانی ڕێژیم، تەواویەتی ئەم سیناریۆیانە پووچەڵ کرانەوە.

ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لانیکەم بە شێوەیەی فەرمی خۆی لەو باس و ئیدیعایانە نادات چونکی تێگەیشتووە کە ئەو پینە و پەڕۆیانە بە بزووتنەوەی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتەوە نانووسێ، لە ڕێگای هێندێک پەیج و کاناڵی لابەلاوە ئەم ناڕاستیانەیان دەخاتە پاڵ. بەڵام وێڕای ڕەتکردنەوە و مەحکوومکردنی سەرلەبەری ئەم ئیدیعا درۆینانە، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات خۆیان بێ بەری لەم جۆرە هەڵوێست و کردەوانە دەزانن.