کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بایدێن لەگەڵ تیمی ئەمنییەتی میللیی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

12:18 - 15 گەلاوێژ 2724

لە دوای بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی شەڕێکی بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جۆ بایدێن کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تیمی ئەمنییەتی میللیی ئەمریکا پێک دێنێت؛ لەم نێوانەدا ڕێژیمی ئێرانیش هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی بۆ هێورکرنەوەی کاردانەوە بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیەی ڕەت کردووەتەوە.

نووسینگەی سەرۆککۆماریی ئەمریکا ڕایگەیاند دوای زیادبوونی مەترسیی شەڕێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، جۆ بایدن بەنیازە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ لەگەڵ تیمی ئەمنییەتی میللیی ئەمریکا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات.

لەمبارەیەوە هەروەها ڕاگەیەندرا کە سەرۆککۆماری ئەمریکا لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم پاشای ئۆردۆنیش وتووێژ دەکات. ئۆردۆن کە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دێتە ئەژمار، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە نێوەندگیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگێڕێت.

لەلایەکی دیکەوە پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە کە لۆید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەڵێنی بە تێلاڤیڤ داوە کە لە ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل پشتیوانیی سەربازی لەو وڵاتە دەکات.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، گواستنەوە و جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئیسرائیل و لە هەمان کاتدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە ئەنجام دراوە. پێنتاگۆن هەروەها ڕایگەیاند کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ گاڵانت خوازیاری ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادی بارمتەکان بوو.

ئەم هەوڵ و وتووێژانە لەکاتێکدایە کە هەڕەشەی بەرامبەری نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی چڕتر بووەتەوە و بەم شێوەیە نیگەرانییەکان لە شەڕێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر بووە.