کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وریشە مورادی بە مەبەستی پشتیوانی لە شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی لە دادگادا ئامادە نەبوو

10:50 - 15 گەلاوێژ 2724

وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە بەغی تۆمەتبار کراوە، بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژ، بەشداری لە کۆبوونەوەی دادگادا بکات کە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی، بەشداریی لەم کۆبوونەوەیەدا نەکرد.

ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە زیندانی ئێڤینەوە باسی لەوە کرد کە بە مەبەستی پشتیوانی لە شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی، کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بە تۆمەتی بەغی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندوون، لە دادگادا ئامادە نابێت، چونکە وەها دادگایەک کە حوکمی دادپەروەرانەی تێدا دەرناکرێت، بە فەرمی ناناسێت.

وریشە لەم نامەیەدا نووسیویەتی: داعش سەری ئێمەی دەبڕی و کۆماری ئیسلامی سەرمان دەباتە سەر دار، هیچ زانستێکی سیاسی و یاسایی ئەم پارادۆکسە چارەسەر ناکات، با وشیار بین.

ناوبراو لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەندین جار لە بارودۆخی سەختی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەدا بەرگریی خۆی خستووەتە ڕوو، بەڵام ئەمجارە بەرگریی خۆی ڕوو بە خەڵک و کۆمەڵگە دەنووسێت، کە هەمیشە وریا و وشیارن.

وریشە مورادی، ناسراو بە "جوانا سنە" چالاکی سیاسی خەڵکی شاری سنە، لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە کاتی گەڕانەوە لە شاری کرماشاندا بۆ سنە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەسبەسەر کرا و دواتر تۆمەتی بەغی بەسەردا سەپێندرا.