کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیاوانی بەندکراوی بەندیخانەی لاکانی ڕەشت پەیوەست بە سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان بوون

11:36 - 15 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژ، کۆمەڵێک لە پیاوانی زیندانیی سیاسی لە زیندانی لاکان لە ڕەشت بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە حوکمی لەسێدارەدان بەشداری لە مانگرتنی زیندانییانی سیاسی لە سەرانسەری وڵات دەکەن و پەیوەست بە هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدانەوە دەبن.

١١ بەندکراوی سیاسیی پیاو لە بەندینخانەی لاکانی ڕەشت، سێدارەیان لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "کوشتنی حکوومەتی" زانی و ڕایانگەیاند کە ئەم بابەتە کاتێک ترسناکتر دەبێت کە حکوومەت لە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندن و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا کەڵک وەربگرێت.

لە کاتێکدا مەحکومییەتە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران زیادی کردووە، بەڵام "کۆماری ئیسلامی" لەپێناو پێشگرتن لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی خەڵک لە زیادکردنی سەرکوتەکانی لە کۆمەڵگەدا بەردەوامە.

ئەم مانگرتن لە خواردنە لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانییانی زیندانی قزلحسار دەستی پێکردووە و تا ئێستا هەموو سێشەممەیەک بەبێ پچڕان بەردەوام بووە.