کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێرەبەفرینەیەک بە ناوی کۆماری ئیسلامی

12:33 - 11 گەلاوێژ 2724

کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی دەفتەری سیاسیی حەماس لە بەرەبەیانیی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ لە تاران، ئەگەر گرینگترین ڕووداوی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە ئێران و ناوچەکە نەبێ، بێگومان سەرسوڕهێنەرترین ڕووداوە کە ڕووی داوە.
 هەنیە کە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەسبەکاربوونی مەسعوودی پزشکیان سەرکۆماری ئێران لە گەڵ زۆر هەیئەتی دیکەی  وڵاتان ئامادەی ئەو ڕێوڕەسمە بوو، وێنەکانی لە گەڵ پزشکیان کە یەکتریان لە باوەش گرتبوو، ببووە جێی سەرنجی میدیاکان و تەنانەت بەشێکی زۆریش لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بە دانانی ئەو وێنەیە نووسیبوویان، "بەرەی مقاومەت لە ئامێزی پارێزراوی ئێران‌دا". هەروەها بەشێکی زۆری ڕۆژنامەکانی تاران کە شەوەکەی ڕۆژنامەکەیان بەستبوو و نێردرابوو بۆ چاپ، دروشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل و سڵاو لە مقاومەت و دروشمی لەو چەشنە، لاپەڕەی یەکەمی داگرتبوون.
 بەڵام ئەوان نەیاندەزانی چەند کاتژمێر دواتر ئامێزی ئەمنی ئێران دەگۆڕدرێ بۆ شەرمەزارییکی کەم وێنەی مێژوویی و هەر ئەو شەوە سەرۆکی حەماس لە تاران دەکوژرێ. شەرمەزاری لەو ڕووەوە کە هەنیە نە لە فەلەستین و لوبنان و سووریە و قەتەر، بەڵکوو لە تارانێک کوژراوە کە دەسەڵاتبەدەستانی ئیدیعای ئەمنترین جێگایان بۆ سەرۆکی حەماس دەکرد، ئەویش ڕێک لە ڕۆژێکدا کە سەرۆک و نێردەی زۆرێک لە وڵاتان بۆ ڕێوڕەسمی دەسبەکاربوونی سەرکۆماری نوێ لە تاران بوون و بەهەموو پێوانەییک ئەو ڕۆژە ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنی گیرابووە بەر.
 بەڵام کوشتنی هەنیە چەند کاتژمێر دوای ئەو ڕێوڕەسمە بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی وت؛ نەتەنیا سەرۆکی حەماس و کەسانی هاوشێوەی ئەو کە لە تاران بوون، بەڵکوو خودی سەرۆک و ڕێبەر و بەرپرسانی ئێرانیش لە ژێر نفووز و توانایی ئیسرائیل لە ئێراندا گیانیان پارێزراو نییە. هەر ئەم قسەیەش ڕێک چەند ساڵێک لەوەپێش و لە دوای کوشتنی موحسینی فەخریزادە، پیاوی مەرمووزی بەرنامەی ناوەکیی ئێران لە زمان عەلی یوونسی، وەزیری پێشووتری ئیتڵاعاتەوە وترابوو. عەلی یوونسی وتبووی،" نفووزی مووساد لە دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بە ڕاددەیەکە کە پێویستە هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانی گیانی خۆیان بن." 
وەک باس کرا، ئەم ڕووداوە بۆ کۆماری ئیسلامی شەرمەزارییکی مێژوویی بوو، شەرمەزاری لەو ڕووەوە کە ڕووداوەکە لە نێودڵی تاراندا و لە ڕۆژێکی گرینگی وەکوو دەسبەکاربوونی سەرکۆمار و بەئامادەبوونی دەیان میوانی بیانیدا ڕووی دا و لەولاشەوە نیشانەی بێ ئەملاوئەولای زاڵ بوونی مووساد دەزگای ئەمنیەتی سیخوڕیی ئیسرائیل بەسەریاندایە. جیاواز لەوەی کە ئەم ڕووداوە چۆن چۆنی ڕووی داوە و لێکەوتەکانی چی دەبن و داهاتووی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتیەکانی لە گەڵ ئیسرائیل بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا، خاڵێکی دیکەی ئەم ڕووداوە کە بەلای خەڵکی ئێرانەوە گرینگ و جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئەوەیە کە کوژرانی ئیسماعیل هەنیە و دەیان کەسی دیکەی سەربە ڕێژیم لە تاران لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئەوەمان پێ دەڵێ کە کۆماری ئیسلامی و هێزی سەرکوتەکەی هەر بۆ گیانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی وڵاتەکە زیرەکن. دەنا بە ڕۆژی ڕووناک دەیان جار و بەتایبەت لە نێودڵی خودی ڕێژیم لە ئێراندا ئیسرائیل زەبری جەرگبڕی لێداون بەڵام جگە لە هاش و هووش و هەڕەشەی بێ مانا توانایی هیچیان نەبووە. بە شێوەیەک دوای ئەو هەموو زەبرەی کە ئەمریکا و بەتایبەت ئیسرائیل لێی داون، تۆڵەی سەختی خامنەیی بووەتە جێی گاڵتە و گەپجاڕی خەڵک. ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرە دژە مرۆڤە ڕۆژانە خەڵکی وڵاتەکە و بەتایبەتی لە کوردستان دەگرێ و دەکوژێ و لە زیندانەکان بەندیان دەکا، لە دوو ساڵی ڕابردوو و لە کاتی بزووتنەوەی ژینا و لە پاش ئەو بزووتنەوە تا ئێستا بە سەدان و هەزاران بنەماڵەی داخدار و جەرگسووتاو کردووە، بەزەیی بە منداڵی دە دوازدە ساڵانیشدا نەهاتووە، بە ملیۆنان دولار و میلیاردها تمەن سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران خەرجی دەزگا جوراوجۆرە سیخوڕیەکانی دەکا، بەڵام وەک باس کرا، دەرکەوت لە هەموو ئەمانەدا تەنیا بۆ خەڵکی بێ دیفاع و دەسخاڵیی وڵاتەکە زیرەکە. هەر ڕۆژی دوێنێ بوو کە لە ساڵڕۆژی لە دایک بوونی شەهید محەمەد حەسەنزادە لە بۆکان، باوک و خوشکی ئەم شەهیدە لە لایەن دەزگا بەدناوە دژە ئەمنیەتیەکانی سپا و ئیتڵاعاتەوە بە توندترین شێوە دەسبەسەر کران و ڕاپێچی زیندانە تاکەکەسیەکان کران. ترسی ڕێژیم تەنیا لەوەبوو کە ئەو بنەماڵە شەهیدە نەکا لە ڕۆژی لە دایک بوونی ڕۆڵە شەهیدەکەیاندا ڕێوڕەسمێک بگرن و خەڵکیش بەدەوریاندا کۆ ببنەوە.
بۆیە شەرمەزاری تەنیا ئەوە نییە کە لە کوژرانی سمایل هەنیە و قاسم سولەیمانی و دەیان و سەدان کەسی وەها ڕووی داوە، بەڵکوو شەرمەزاری لەوە گەورەتر ئەوەیە کە لە بەرانبەر خەڵکی وڵاتەکەی خۆتدا ئاوەها ڕەفتار بکەی بەڵام لە بەرانبەر زەربە گورچوبڕەکانی ئیسرائیلدا وەها گێژ و دەستەوەستان بی کە تەنانەت نەزانی لە کوێوە لێت دراوە و هەڕەشە لە خەڵک و ڕۆژنامەنووسانیش بکەی کە نابێ لە سەر کوژرانی سمایل هەنیە قسە بکەن دەنا دادگایی دەکرێن.