کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی: گرینگ نییە وڵاممان بە ئیسرائیل ببێتە هۆی شەڕێکی ناوچەیی

11:04 - 15 گەلاوێژ 2724

هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی گرژییەکان و هەڕەشە یەک لە دوای یەکەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ئیسرائیل، بێنیامین نێتانیاهوو سەبارەت بە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی هۆشداریی دا و باسی لە هێرشێکی دەسپێشخەرانە کرد.

پاش کوژرانی ڕێبەری حەماس لە تاران و هەڕەشە و بەڵێنی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ سەندنەوەی تۆڵەی خوێنی هەنییە، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری ئیسرائیل باسیان لە ئامادەیی ئەرتەشی وڵاتەکەیان کردووە تا لەهەمبەر هەر چەشنە هێرشێکی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی، وڵامی پێویست بداتەوە.

لەم پێوەندییەدا کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا درکاندوویەتی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل لە هەوڵدان تاکوو بۆ کۆمەڵێک هێرشی دەسپێشخەرانە و بەرگریکارانە پلان داڕێژن.

دانیەل هاگاری وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە "ئیسرائیل ئاگاداری دوژمنەکانی لە هەموو بەرەکاندایە و پلانگەلێکی بەربڵاوی هەیە".

لەلایەکی دیکەوە وا دیارە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پێشگرتن بە وڵامی کۆماری ئیسلامی ناسەرکەوتوو بووە.

ڕۆژی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن وەک بەشێک لەم هەوڵانە گەیشتە تاران و پەیامی زلهێزانی ڕۆژاوا و هێندێک لە وڵاتانی عەرەبیی دیکەی گەیاندە دەستی کۆماری ئیسلامی.

مەسعوود پزشکییان سەرۆکی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتن لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، کوشتنی هەنییەی بە هەڵەی گەورەی ئیسرائیل ناو برد و بە وەزیری دەرەوەی ئۆردۆنی ڕاگەیاند کە بەدڵنیاییەوە وڵامی ئەم هەڵە ئەدرێتەوە.

هاوکات ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرنال سەبارەت بەم هەوڵانە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی هیچ نیگەران نییە کە لە ئەگەری وڵامدانەوەی بە ئیسرائیل، شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا هەڵبگرسێت.

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا هێناویەتی کە سەرچاوەیەکی ئاگادار پێی وتوون "کۆماری ئیسلامی بە باڵوێزەکانی وڵاتانی عەرەبیی ڕاگەیاندووە کە هیچ بۆیان گرینگ نییە کە وڵامدانەوە بە ئیسرائیل ببێتە سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا".

لە ئێستادا هەموو زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە وڵامی کۆماری ئیسلامی بە کوشتنی هەنییە هیچ گومانێکی تێدا نییە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ پێشگرتن، ناسەرکەوتوو بووە.

سەرچاوەی "بلوومبێرگ"یش لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە نووسی: "هێرشی کۆماری ئیسلامی نزیکە و ئەگەری هەیە حکوومەتی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن هاوکات پێکەوە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل".