کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەها ڕەسووڵیان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا

10:37 - 15 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، تەها ڕەسووڵیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

مانگی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەم چالاکە مەدەنییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" بە سێ ساڵ بەندکران، "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە سێ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران سزا درابوو.

مانگی بانەمەڕی ١٤٠٢، تەها ڕەسووڵیان، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بەبۆنەی تۆمەتی وەپاڵدراوی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە پێدانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جیاتی سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچیی تەعزیری بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵک مەحکووم کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، تەها ڕەسووڵیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

تەها ڕەسووڵیان پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی نەغەدە، ڕاگوێزرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.