کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فائۆ: زیاتر لە ٦ لەسەدی حەشیمەتی ئێران بەدخۆراکییان هەیە

12:04 - 8 خەرمانان 2724

دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشان دەدات کە زیاتر لە ٦ لەسەدی دانیشتوانی ئێران لەگەڵ کێشەی بەدخۆراکی بەرەوڕوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لەژێر ناوی "دۆخی ئەمنییەتی  خۆراک لە جیهاندا"، پێگەی وڵاتانی لە بواری ئەمنییەتی خۆراکی تاوتوێ کردووە، ئێران لە نێوان ١٦٧ وڵاتی جیهان لە پلەی ٩٠ دایە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دۆخی ئەمنییەتی خۆراک لە لانیکەم ٨٩ وڵاتی جیهان لە ئێران باشترە.

بەپێی ئەم ڕیزبەندییە، ماداگاسکار زۆرترین ڕێژەی بەدخۆراکی لە جیهاندا هەیە؛ بەجۆرێک کە زیاتر لە ٥١ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی نائەمنی خۆراک بوونەتەوە. کەمترین ڕێژەی بەدخۆراکی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئوتریش، چین، فەرانسە، ئەڵمان و ئەمریکا تۆمارکراوە.

بەدخۆراکی زیاتر منداڵان لە گرووپە تەمەنییەکانی تر دەکاتە ئامانج. هەروەها ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ڕێکخراوی FAO دەریدەخات کە لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی ١٥٠ میلیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بەدەست هەژاری خۆراکییەوە دەناڵێنن و بەهۆی ئەمەوە پرۆسەی گەشەکردنیان تێک دەچێت.

لە ئێران بەهۆی نەبوونی میکانیزمێکی دیاریکراو و کارامە، ئامارێکی وردی ئەو کەسانەی بەدەست نائەمنی خۆراکییەوە دەناڵێنن، لە ئارادا نییە. بە هەمان شێوە ژمارەی منداڵانی بەدخۆراکی دیار نییە. بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دانیان بەوەدا ناوە کە مەترسی بەدخۆراکی هەڕەشە لە هەشت پارێزگای کرمان، کۆهگیلویە و بۆیر ئەحمەد، خوراسانی باشوور، سیستان و بەلووچستان، هورمزگان، خوزستان، بوشێهر و ئیلام دەکات.