کتیبی ''گیـا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە'' لە نووسینی حەسەن ئازادە، چاپ و بڵاو کرایەوە.
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە باس لە ژیاننامەی شەهیدی لاوی شۆڕشی ژینا، کۆمار دەرئوفتادە و بنەماڵەکەی دەکات.
''کتیبی ''گیـا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە'' ژیاننامەی شەهید کۆمــار و هێندێکیش باسی باپیری شەهید کۆماری تێدا گونجێندراوە کە کاتی خۆی کەسێکی زۆر کوردپەروەر بووە و لە کۆتاییەکانی کتێبەکەشدا چەند وێنەیەکی قۆناغی منداڵیی شەهید کۆمار و شەهیدانی تری پیرانشار بڵاو کراوەتەوە.
حەسەن ئازادە نووسەری ئەم کتێبە لەسەر ئەو هۆکارانەی کە بۆ نووسینی ژیاننامەی شەهید کۆمار پاڵنەری بووە بە "کوردستان میدیا"ی وت: ''یەکەم، ناوی پیرۆزی شەهید کە کۆمـــارە، دووهەم لەدایکبوونی بوو کە هاوکات لەگەڵ شەوی ۲۵ی گەڵاوێژ بووە و هەروەها شەهیــد کۆمــار وەکوو شەهیدە سوورخەڵاتەکانی دیکە لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایک بوو کە لەو تەمەنە کەمەیدا نەترس و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان بوو.
ئەم کتێبە لە ٨٨ لاپەڕەدا کۆ کراوەتەوە و لەلایەن ناوەندی ٤۹ کتێب لە وڵاتی سوید چاپ بووە.
حەسەن ئازادە، خەڵکی پیرانشار و تەمەن ٤٨ ساڵ و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و لە وڵاتی سویس دەژیت.
ناوبراو تا ئێستا سێ کتێبی تری بە ناوەکانی'' شاری خەونەکان، پەنابەری ژووری K- 104 و همچون درنای سفید'' نووسیوە و چاپی کردوون.
کۆمار دەرئوفتادە، یەکێک لەو لاوانەی کوردستان بوو کە لە ناڕەزایەتییەکانی دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، لە پیرانشار بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کرا.