کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەزا ڕەسایی، لە بێدەنگیدا لە سێدارە درا

11:31 - 16 گەلاوێژ 2724

ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماسان لە سێدارە درا.

ئەمڕۆ سیشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان و بە بێ مافی ئاخرین چاوپێکەوتن و لە بێدەنگیی تەواودا لە سێدارە درا.

کوردپا لە زاری سەرجاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە: لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی لە بێدەنگیی تەواودا و بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و مافی ئاخرین چاوپێکەوتن جێبەجێ کراوە و دۆخێکی ئەمنییەتی بە سەر شاری سەحنەدا زاڵە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری دادگای کەیفەریی کرماشان کرا.

پێشتر نۆسخەیەک لە دادنامەی پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١٧ی دیوانی باڵای ڕێژیم، لەلایەن کوردپاوە بڵاو کرایەوە، کە ئەم لقەی دیوان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد بارانی"، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز، بە ڕەتکردنەوەی بەرگرییەکانی ڕەزا ڕەسایی و بۆچوونی پزیشکیی، پزیشکی دادوەریی شاری سەحنە، حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە.

لە دادنامەکەی دیوانی باڵای ڕێژیمدا، هاتبوو؛ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە بەستراوەتە بە ئیزنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە ڕێبەرانی کوردی یارسان و لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی دەسبەسەر کرابوو، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری یەکی کرماشان بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، "توندوتیژیی بەئەنقەست"، "کەڵکوەرگرتن لە چەقۆ بۆ نیشاندانی هێز" و "تیکدانی ئاسایشی گشتی بە نانەوەی هەرا"، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ناوبراو، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ بووە و حوکمی لەسێدارەدرانەکەشی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

ڕەزا ڕەسایی لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردووەتەوە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگاییدا بە هۆی "ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی" ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ کراوە.

ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی شەهریاری تارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی سەحنە کراوە. ناوبراو بۆ ماوەی یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی سەحنەدا بۆ قەبووڵکردنی تۆمەتی "کوشتن"ی نادر بەیرامی، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە.