کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: پەتی سێدارە و سزای مەرگ نابێتە بەربەستی سەر ڕێی خەبات و تیکۆشانی ئازادیخوازانی ئێران و کوردستان

16:21 - 16 گەلاوێژ 2724


کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد، پەیامیکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:


بە گوێرەی هەواڵەکان، مخابن سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان کە لە بزووتنەوەی ژینادا دەسبەسەر کرابوو، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کراوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادیش دوو ژنە تێکۆشەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەترسیی جێبەجێکردن و سەپاندنی سزای سێدارەیان لەسەرە. هەروەها ژمارەیەکی دیکەی چالاک و تێکۆشەری سیاسی لە ئازادیخوازانی ئێران و هەرێمە نەتەوەییەکانی دیکەش، سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.
ڕەزا ڕەسایی دەیەمین بەندکراوی کوردە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە سێدارە دەدرێت.
بێگومان، پەتی سێدارە و سزای مەرگ، نابێتە بەربەستی سەر ڕێی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانی ئێران و کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی.
وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ڕەزا ڕەسایی و خەڵکی داخداری کوردستان و پەیڕەوانی ئایینی یاری دەکەم.

مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣