کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فس‌فس پاڵەوانێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی

12:38 - 17 گەلاوێژ 2724

مەنسوور مروەتی

 کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی دەفتەری سیاسیی حەماس لە بەرەبەیانیی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ لە تاران، ئەگەر گرینگترین ڕووداوی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە ئێران و ناوچەکە نەبێ، بێگومان گرینگترین و شوێندانەرترین ڕووداوە کە ڕووی داوە.

 هەنیە کە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەسبەکاربوونی مەسعوودی پزشکیان، سەرکۆماری ئێران لە گەڵ زۆر هەیئەتی دیکەی وڵاتان -‌هەڵبەت سەرەڕای غایبی زۆر گەورە گەورە- ئامادەی ئەو ڕێوڕەسمە ببوو، چەند سەعات دواتر لە میوانخانەیەکی سپای پاسداران و لە ژووری نووستنەکەیدا هێرشێ کرایە سەر و کوژرا. وێنەکانی هەنیە لەگەڵ پزشکیان کە یەکتریان لە باوەش گرتبوو، ببووە جێی سەرنجی میدیاکان و تەنانەت بەشێکی زۆریش لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بە دانانی ئەو وێنەیە نووسیبوویان، "بەرەی مقاومەت لە ئامێزی ئەمن و پارێزراوی ئێران‌دا". هەروەها بەشێکی زۆری ڕۆژنامەکانی تاران کە شەوەکەی ڕۆژنامەکەیان بەستبوو و نێردرابوو بۆ چاپ، دروشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل و سڵاو لە مقاومەت و دروشمی لەو چەشنە، لاپەڕەی یەکەمی داگرتبوون. بەڵام ئەوان نەیاندەزانی چەند کاتژمێر دواتر ئامێزی ئەمنی ئێران دەگۆڕدرێ بۆ ڕیسواییەکی کەم‌وێنەی مێژوویی و هەر ئەو شەوە سەرۆکی حەماس لە تاران گیانی لێ دەستێندرێ. ڕیسوایی لەو ڕووەوە کە هەنیە نە لە فەلەستین و لوبنان، هەروەها نە لە سووریە و قەتەر، بەڵکوو لە تارانێک کوژراوە کە دەسەڵاتبەدەستانی ئیدیعای ئەمنترین جێگایان بۆ سەرۆکی حەماس دەکرد، ئەویش ڕێک لە ڕۆژێکدا کە سەرۆک و نێردەی زۆرێک لە وڵاتان بۆ ڕێوڕەسمی دەسبەکاربوونی سەرکۆماری نوێ لە تاران بوون و بە هەموو پێوانەیەک ئەو ڕۆژە ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنی گیرابووە بەر.

کوژرانی ئیسماعیل هەنیە چەند کاتژمێر دوای ئەو ڕێوڕەسمە بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی گوت؛ نەتەنیا سەرۆکی حەماس و کەسانی هاوشێوەی ئەو کە لە تاران بوون، بەڵکوو خودی سەرۆک و ڕێبەر و بەرپرسانی ئێرانیش لە ژێر نفووز و توانایی ئیسرائیل لە ئێراندا گیانیان پارێزراو نییە. هەر ئەم قسەیەش ڕێک چەند ساڵێک لەوەپێش و لە دوای کوشتنی موحسینی فەخریزادە، پیاوی ژمارە یەکی بەرنامەی ناوەکیی ئێران لە زمان عەلی یوونسی، وەزیری پێشووتری ئیتڵاعاتەوە گوترابوو. عەلی یوونسی گوتبووی،" نفووزی مووساد لە دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بە ڕادەیەکە پێویستە هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانی گیانی خۆیان بن."

وەک باس کرا، ئەم ڕووداوە بۆ کۆماری ئیسلامی شەرمەزارییکی مێژوویی بوو، شەرمەزاری لەو ڕووەوە کە ڕووداوەکە لە نێودڵی تاراندا و لە ڕۆژێکی گرینگی وەکوو دەسبەکاربوونی سەرکۆمار و بەئامادەبوونی دەیان میوانی بیانیدا ڕووی دا و لەولاشەوە نیشانەی بێ ئەملاوئەولای زاڵ بوونی مووساد دەزگای ئەمنیەتی سیخوڕیی ئیسرائیل بەسەریاندایە. جیاواز لەوەی کە ئەم ڕووداوە چۆن چۆنی ڕووی داوە و لێکەوتەکانی چی دەبن و داهاتووی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتیەکانی لە گەڵ ئیسرائیل بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا، خاڵێکی دیکەی ئەم ڕووداوە کە بەلای خەڵکی ئێرانەوە گرینگ و جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئەوەیە کە کوژرانی ئیسماعیل هەنیە و دەیان کەسی دیکەی سەربە ڕێژیم لە تاران لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئەوەمان پێ دەڵێ کۆماری ئیسلامی و هێزی سەرکوتەکەی هەر بۆ گیانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی وڵات ڕاپەڕن. دەنا بە ڕۆژی ڕووناک دەیان جار و بەتایبەت لە نێودڵی خودی ڕێژیم لە ئێراندا ئیسرائیل زەبری جەرگبڕی لێ داون بەڵام جگە لە هاش و هووش و هەڕەشەی بێمانا توانایی هیچیان نەبووە. بە شێوەیەک دوای ئەو هەموو زەبرەی کە ئەمریکا و بەتایبەت ئیسرائیل لێی داون، تۆڵەی سەختی خامنەیی بووەتە جێی گاڵتە و گەپجاڕی خەڵک.

ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرە دژە مرۆڤە ڕۆژانە خەڵکی وڵات بەتایبەتی لە کوردستان دەگرێ و دەکوژێ و لە زیندانەکاندا بەندیان دەکا، لە دوو ساڵی ڕابردوو و لە کاتی بزووتنەوەی ژینا و لە پاش ئەو بزووتنەوەیە تا ئێستا بە سەدان و هەزاران بنەماڵەی داخدار و جەرگ‌سووتاو کردوە، بەزەیی بە منداڵی دە دوازدە ساڵانیشدا نەهاتوە، بە میلیۆنان دولار و میلیاردها تمەن سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران خەرجی دەزگا جوراوجۆرە سیخوڕییەکانی دەکا، بەڵام وەک باس کرا، دەرکەوت لە هەموو ئەمانەدا تەنیا بۆ خەڵکی بێ‌دیفاع و دەسبەتاڵی وڵاتەکە زیرەکە. هەر چەند ڕۆژ پێش بوو لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شەهید محەممەد حەسەن‌زادە لە بۆکان، باوک و خوشکی ئەم شەهیدە لەلایەن دەزگا بەدناوە دژە ئەمنیەتییەکانی سپا و ئیتڵاعاتەوە بە توندترین شێوە دەسبەسەر کران و ڕاپێچی زیندانە تاکەکەسیەکان کران. ترسی ڕێژیم تەنیا لەوەبوو کە ئەو بنەماڵە شەهیدە نەکا لە ڕۆژی لەدایکبوونی ڕۆڵە شەهیدەکەیاندا ڕێوڕەسمێک بگرن و خەڵکیش بەدەوریاندا کۆ ببنەوە.

بۆیە شەرمەزاری تەنیا ئەوە نییە کە لە کوژرانی سمایل هەنیە و قاسم سولەیمانی و دەیان و سەدان کەسی وەها ڕووی داوە، بەڵکوو شەرمەزاری لەوە گەورەتر ئەوەیە لە بەرانبەر خەڵکی بێ‌دیفاعی وڵاتەکەی خۆتدا بە زەبری چەک و ئاگر ئاوها دڕ و داپلۆسێنەر بیت، بەڵام لە بەرانبەر زەربە گورچوبڕەکانی ئیسرائیلدا وەها زەبوون و دەستەوەستان بی کە تەنانەت نەزانی لە کوێوە لێت دراوە و هەڕەشە لە خەڵک و ڕۆژنامەنووسانیش بکەی کە نابێ لە سەر کوژرانی سمایل هەنیە قسە بکەن دەنا دادگایی دەکرێن.