کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەریکرانی بەندکراوێکی سیاسی لە وەرگرتنی پشووی دەرمانی

10:31 - 11 خەرمانان 2724

حەسەن مەردانی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان کە لە بەندیخانەی ئەم شارە ماوەی سزاکەی خۆی تێدەپەڕێنێ، سەرەڕای پێویستیی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە مافی وەرگرتنی پشوو بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەری کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە نەخۆشیی دڵ و پرۆستاتی هەیە و لە دۆخێکی نالەباردایە.

ئیتلاعاتی بۆکان ئیزنی پێدانی پشووی دەرمانیی بەم بەندکراوەی نەداوە و ناوبراو لە مافی وەرگرتنی پشوو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، حەسەن مەردانی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.

سەرماوەزی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیم" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە سێ ساڵ بەندکران سزا درا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، حەسەن مەردانی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەر، ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.

شەوی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژ، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.