کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی پەروەردەی ئێران ؛ ٢١٦ هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشن

11:21 - 19 خەرمانان 2724

ئاژانسی هەواڵی ئیلنا سەر بە ڕێژیم لە زاری ڕزوان حەکیمزادە جێگری پەروەردەی بنەڕەتیی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم لە ڕۆژی ١٢ی خەرمانان، ڕایگەیاند کە ٢١٦ هەزار منداڵ لە ئێراندا لە خوێندن بێبەشن.

دوابەدوای زۆربوونی کێشە ئابوورییەکان بەشێک لە خێزانەکان لە توانایاندا نییە کە پارەی خوێندنی منداڵەکانیان دابین بکەن؛ لەم ارەوە بڵاو کراوەتەوە کە لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی ساڵی خوێندنی ١٤٠٢ـ١٤٠٣ نزیک ٢١٦ هەزار و ٢٤٣ منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون و تەنیا ۳۱هەزار و ٥١٨ منداڵ توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ خوێندن.

لەو چوارچێوەیەدا چەندین لێدوانی دژ بەیەک لە نێوان کاربەدەستانی ڕێژیم هەیە، بە جۆرێک کە جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردە لە مەجلیسی ڕێژیم ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی پووشپەڕ ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن بێبەشن لە ئێراندا ٩١١ هەزار کەسن کە ٤٠٠ هەزار منداڵ لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا لە خوێندن بێبەش بوون.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد مەولوودی، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیسی ڕێژم لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو، ٢٧٩ هەزار منداڵ بەهۆی کێشەی دارایییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە.

جێگای ئاماژەیە کە پێداچوونەوەیەک بە ئامارە فەرمییەکان دەریدەخات کە ٧٠ لەسەدی وازهێنان لە خوێندن بە هۆی گرانی و بێکارییە و قوتابییان لە قۆناغە جیاوازەکان لە سەرەتاییەوە تا سەرتر ناچارن دەست لە خوێندن هەڵبگرن.