کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی سەبارەت بە حوکمە نادادپەروەرانەکەی و کۆکردنەوەی هەزاران واژۆ

10:50 - 12 خەرمانان 2724

کەمپەینی "ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی" بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای جەختکردنەوەی دووبارەی لەسەر پشتیوانیی بەهێز لە پەخشان عەزیزی، ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بەم حوکمە نادادپەروەرانە ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەکەی کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژدا لە نووسراوەیەکدا داوایان لە هەموو لایەنەکان بە هەر بیر و باوەڕێکەوە کردووە تاکوو لە ناڕەزایەتی بە حوکمی پەخشان، نووسراوەکەی ئەم کەمپەینە واژۆ بکەن، هاتووە "ئەم نووسراوە داواکردن لە کۆماری ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی دادپەروەری نییە، چونکە ساڵانێکە خەڵک بۆیان دەرکەوتووە کە بەرژەوەندییەکانی ئەم دەسەڵاتە تەنیا لە وێرانیدایە" و زیادیشی کردووە کە ئەم نووسراوە بەرزکردنەوەی دەنگێکە لە نێوان هەزاران دەنگی دیکە کە بە دژی لەسێدارەدان و بۆ ژیان و خۆڕاگری بەرز کراوەتەوە.

ئەم نووسراوەیە کە بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی نووسراوە لە ماوەی ٣ حەفتەدا توانیویەتی کەسانێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی جیهان تاکوو ڕۆژاوای جیهان لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات و نزیک بە ١٤ هەزار واژۆ بۆ ناڕەزایەتیدەربڕێن بەم حوکمە کۆ بکاتەوە.

پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی کورد ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی بەغی، حوکمی لەسێدارەدرانی بە سەردا سەپا.

حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان هاوشێوەی بەندکراوانی سیاسیی کوردی دیکە نادادپەروەرانە و لەحاڵێکدا بووە کە پەخشان لە مافی هەڵبژاردنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.