کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٣٣ـیەمین حەفتەی خۆیدا

11:29 - 21 خەرمانان 2724

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان وێڕای گوشارەکان لە ٣٣ـیەمین حەفتەی خۆیدا بە مانگرتنی بەندکراوان لە ناڕەزایەتی بە سزای لەسێدارەدانەکان درێژەی هەبوو.

کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدان لەم حەفتەدا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدان و شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان بەتایبەتی لە کوردستان و بەلووچستان ڕایگەیاندووە کە هاوشێوەی حەفتەکانی ڕابردوو مانگرتنی کۆمەڵێک لە بەندکراوانی بەندیخانەکانی ئێران بەردەوام بووە.

لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە دەسبەسەرکردنەکانی مانگی خەرمانان لە کوردستان و بەلووچستان و کوشتنی چەند دەسبەسەرکراو لە گرتنگە و بەندیخانەکانی ئێران و هەروەها لەسێدارەدانی لانیکەم ٢٠ کەس هاتووە کە بە بۆنەی شەشەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕامین حوسێن پەناهی، لوقمان مورادی و زانیار مورادی کە تەرمەکانیان هیچکات ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە، جەخت لەسەر ئەو ڕێوشوێنە نامرۆڤانەی کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە گرتوویەتە بەر کراوە.

بەیاننامەکە لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە کەمپەینەکە لە بەندیخانەی ورمێ و بە فەرمانی پەیمان خانزادە بەرپرسی بەندیخانەکە و هەروەها نادر ئازەرنیا بەرپرسی "حێفازەت"ی بەندیخانەکە،هەڕەشە لە بەندکراوان کراوە تاکوو دەست لەم مانگرتنانە هەڵبگرن.

سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ لە ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدانەکانی ڕێژیم دەستی پێ کرد و لە ئێستادا لە ٣٣ـەمین حەفتەی خۆیدا بەردەوامە.

لە کۆتایی ئەم بەیاننامەدا هاتووە کە ٢١ بەندیخانە لە ئێران بەشدارییان لە ٣٣ـەمین حەفتەی ئەم کەمپەینەدا کردووە و بەندکراوان جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە هەموو  بەندکراوانی ئێران بە هەر تۆمەتێکەوە پشتیوانی لەم کەمپەینە بکەن و داواکارن کە مای ساتۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێراندا سەردانی بەندیخانەکانی ئێران و بەتایبەتی بەندکراوانی سیاسی بکات.