پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب بە بۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینا
دوو ساڵ پێش ئێستا و لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١دا کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری تاران، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی جەماوەری کە بە "بزووتنەوەی ژینا" ناوی دەرکرد. بزووتنەوەی ژینا کە لە کوردستان و بە درووشمی سەرەکیی "ژن، ژیان، ئازادی" چەخماغەکەی لێدرا، بە خێرایی زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت ناوچە مافزەوتکراوەکانی وڵاتی گرتەوە و پەلی هاویشتە شەقام و گۆڕەپانە گشتییەکانی وڵاتانی دەرەوە و سەرنجی زۆرێک لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
بزووتنەوەی ژینا کە بەرهەمی خەباتی لەمێژینەی خەڵکی کوردستان، تەقینەوەی ڕق و بێزاریی خەڵک لە ڕێژیم و لێکەوتەی پەنگخواردنەوەی ویست و داخوازییە وڵامنەدراوەکانی دەیان ساڵەی زۆرینەی گەلانی ئێران و ناکارامەیی دەسەڵات و لە هەمانکاتدا سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی بوو، ئاخێزگەکەی کوردستان بوو. بە واتایەکی دی؛ بزووتنەوەی ژینا لە کوردستانەوە سەریهەڵدا و بەو درووشمە سەرەکییەوە کە لە شەقامەکانی کوردستانەوە بەرز کرایەوە، پەلی هاویشتە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران و هەر بە پشتیوانی لە کوردستانیش بوو کە لە سەرەتاکانی بزووتنەوەکەدا خەڵکی شوێنەکانی دیکەی ئێران بەشدارییان تێدا کرد. ئەمە بۆ کوردستان و بزووتنەوە مافخوازانەکەی کە دەیان ساڵ بوو بە ڕوانینێکی ئەمنیەتییەوە سەیر دەکرا و بە دەیان بوختان و تۆمەتی ناڕەوای درابووە پاڵ، دەرفەتێکی زێڕینی سیاسی بوو.
ڕەفتار و هەڵوێستی لێبڕاوانەی خەڵکی کوردستان و پەیامەکانی ئەم بزووتنەوە لە شەقامەکانی کوردستان هێندە مودێڕن، مافخوازانە و شارستانی بوون کە خەڵکی شوێنەکانی دیکەی ئێران بە دووشمەکانی؛ "کوردستان، کوردستان پشتیوانیت لێ دەکەین" و "کوردستان، کوردستان چاو و چرای ئێران" بەشداریی بزووتنەوەکەیان کرد. ئەم لێکەوتە و کاردانەوانە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە بەرانبەر بە کوردستان و ویستە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی سیاسەتی دژیگەلیانەی ئەمنیەتیی گرتبووە بەر و بەدەیان ساڵ بوو کاری لەسەر خەوشدارکردنی کەسایەتیی کورد و پرسە سیاسییەکەی کردبوو، قابیلی قبووڵ نەبوو. بۆیە لە پیلانگێڕییەکی هەمەلایەنەی ژوورە ئەمنیەتییەکاندا بە کۆدڕەمزی "تجزیە طلبی" هاوکات لەگەڵ پڕوپاگاندایەکی بەربڵاوی تەبلیغاتی و وەکارخستنی ئەرتەشی سایبری بۆ هێرشکردنە سەر ماهییەتی بزووتنەوەکە و بەستنەوە و گرێدانی بە "دەستی دەرەکی"، ڕێگای بۆ سەرکوتی خوێناویی شۆڕشگێرانی سەر شەقامەکانی کوردستان و، هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزب و لایەنەکانی دیکەی کوردستان خۆش کرد. ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم سەرکوت و هێرشانە بەتایبەت پەلاماردانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران، دیتنەوەی بیانوو بۆ سەرکوتی زیاتر، ترساندنی خەڵک و بەشێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەوەهوومی "هەڵوەشان و دابەشبوونی ئێران" بوو کە وەک باس کرا ڕێژیم بە کۆدڕەمزی "تجزیە طلبی" پلانی بۆ داڕشتبوو.
خەڵکی ئێران یەکگرتووانە و بە بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و پشتیوانیی ئێرانیانی دیاسپۆرا زیاتر لە سێ مانگ، سەرەڕای بەردەوامیی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم کە بە سەدان شەهید، برینداربوونی هەزاران کەس و بەندکردنی دەیان هەزار کەس لە خۆپێشاندەرانی لێ کەوتەوە، لە بزووتنەوەی ژینادا بەردەوام لە شەقام و گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکانی خەبات دژ بە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامیدا بوون. لەگەڵ ئەوەشدا کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە کۆمەڵێک هۆکاری زاتی، دەرەکی و پێوەندیدار بە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی، واتە؛ گۆڕانکاریی بنەڕەتی و بنیاتنانەوەی ئێرانێکی نوێ نەگەیشت، بەڵام وەک لە خوێندنەوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە؛ "گەورەترین و بەهێزترین جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی مەدەنی لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا بوو کە چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە نێو ئێرانیانی دەرەوەی وڵاتدا لە لایەک یەکڕیزی و هۆمێدێکی زۆری لەنێو خەڵکدا پێکهێنا و کۆماری ئیسلامیی زۆر تەنگەتاو کرد و، لە لایەکی تریشەوە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاپەڕین و جووڵانەوەیە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کۆڕوکۆبوونەوە سیاسی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرنجی بیروڕای گشتیی جیهانی بە دوای خۆیدا ڕاکێشا".
جێی خۆیەتی لە دوو ساڵەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا و لە پێناو ئەزموونێک بۆ داهاتووی بزووتنەوەکەدا بە ئاوڕدانەوەیەکی خەسارناسانە لەم ڕووداوە مێژوییەی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران دژ بە دیکتاتۆریی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چەند خاڵدا باس لە کەمایەسی و کەموکووڕییەکانی بزووتنەوەکە بکەین:
١- کۆمەڵگەکانی ئێران سەرەڕای زوڵم و زۆریی دەسەڵات وەک پێویست بەو ئاستە لە یەکانگیری و پێکەوەیی نەگەیشتوون کە هێز و وزەی جەماوەرییان دژ بە دیکتاتۆرییەت یەک بخەن و بۆ ئامانجێکی هاوبەش هەوڵ بدەن. لە بزووتنەوەی ژینادا زۆرێک لە چین و وتوێژەکان و شار و ناوچەکان هاتنە مەیدان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە نەیتوانی بگاتە ئەو زۆرینە جەماوەرییەی کە پاشەکشە بە ڕێژیم بکات. لەم پێوەندییەدا کۆمەڵێک هۆکاری زاتی و شاراوە هەن کە پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و بە وەجووڵە خستن و وریاکردنەوەیان لە فاز و فەزای گشتیی گەیشتن بە ژیانێکی ئەمڕۆیی و مافخوازیدا ڕێک بخرێن.
٢- نەبوونی ئاڵترناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەیە کە بەداخەوە تا ئێستاش ئەم ڕێژیمەی لەسەر پێ ڕاگرتوە. لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵات، نەک وەک پێویست نەیتوانی ببێتە هۆکاری هیوابەخشین بە بزووتنەوەکە و هاندانی خەڵک بۆ یەکگرتوویی و مانەوەیان لە گۆڕەپانەکە، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانە بوو بە خاڵی لاوازی بزووتنەوە! و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هۆکارگەلی؛ دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگە و خواستەکانی خەڵک و، لە هەمووی گرینگتر چەقین و مانەوە لە ڕوانین و گوتاری تەواویەتخوازی و حاشاکردن لە فرەیی و جۆراوجۆریی پێکهاتەی نەتەوەیی لە ئێران و ملنەدان بە ئەقڵییەتی دابەشکردنی دەسەڵات و پێداگری لەسەر ناوەندگەرایی، بەکردەوە پێچەوانەی واقعی سیاسیی لە وڵات و پەیامەکانی بزووتنەوەی ژینا هەنگاو دەنێ. دەربازنەبوونی ئۆپۆزیسیۆن لە وردە کێشەی دروون ڕێکخراوەیی و خولانەوە لەنێو کێشە و گوتارەکانی نامۆ بۆ نەسڵەکانی ئەمڕۆ، بۆتە هۆی بێمتمانەیی خەڵک بەم ڕەوت و لایەنانە. هەربۆیە پێدەچێ خەڵک لە داهاتوودا بە هۆی دۆخی نالەبار و بێهومێدبوون لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات، لە نێوخۆی وڵاتدا سەرنج بخەنە سەر پرسی ئالترناتیڤ و جێگرەوەی ڕێژیم.
٣- لەسەر ئاستی حیزب و لایەنەکانی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەیکە حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەردوو ڕووی مەیدانداری و گوتارییەوە، توانیویانە لە کۆمەڵگە و خەڵکی خۆیان نزیک و بەڕۆژ بن، بەڵام لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا دەرکەوت کە بێکێشە و کۆموکوڕی نین. لە دەسپێکدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە دواتر بە هۆی کێشە و ناکۆکێی ڕەفتاری و گوتاریی ئەندامانیەوە کەوتە دۆخی هەڵپەساردنەوە، ڕۆڵی باش و کاریگەری لە بزووتنەوەی ژینادا گێڕا. بەڵام بەداخەوە بە هۆکاری کۆمەڵێک ڕوانینی دوور لە ڕاستی و هەنگاوی بەپەلەی تاکڕەوانە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتاوە بێئاکام بوون و زیانەکانی پێشبینی کرد و لەم بارەوە بە ڕوونی هەڵوێستی نواند، وەک پێویست نەکرا لەم دەرفەتەی کە بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان هاتبووە ئاراوە، بەتەواوی کەڵک وەربگیردرێ.
٤- خوێندنەوە و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی کە دەکرێ لە دوو قۆناغدا قسەی لەسەر بکرێ، وەک لە پێوەندییەکانیان لە دوو دەیەی ڕابردوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر پرسی ناوکیڕا دەرکەوت و بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان چاوەڕوانکراو بوو، لەگەڵ ئەوەی لە نزیکەوە ڕووداوەکانی ئێران و بزووتنەوەی ژینایان چاودێری دەکرد، بەڵام لە دەلاقە و بژاردەی ڕێژیمچێنچ و تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامییەوە لە پرسەکەیان نەدەڕوانی. قەتیس و بەرتەسکمانەوەی پشتیوانیی دەوڵەتانی ئورووپایی لە چوارچێوەی دانیشتنیان لەگەڵ چەند کەسایەتیی سلێبریتی کە بەشێکی پێوەندیی بە نەبوونی ئالترناتیڤی واقعیی و بەبەرنامە هەبوو، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە بزووتنەوەکە وەک پێویست پشتیوانیی لێ ناکرێ
وێڕای هەمووی ئەمانەی باس کران و زۆر هۆکاری دیکە، سەرکوتی بێبەزەییانەی هێزە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ بزووتنەوەی ژینا پڕخەسار و تێچوو بوو؛ بە سەدان کەس لەسەر شەقامەکان شەهید کران، بە دەیان هەزار کەس بریندار و زیندانی کران، بۆ تۆڵەکردنەوە لە بەشداریی بەرچاوی قوتابیان، هەزاران قوتابی بەتایبەت کچان ژەهراوی کران کە تا ئێستاش ئەم سەرکوتکاریانە بە سەپاندنی حوکمی قورس و درێژخایەنی زیندان و تەنانەت ئێعدامکردنی دەسبەسەرکراوان بەردەوامە.
لە بزووتنەوەی ژینادا کە سیمای سیاسیی کوردستان و ئێرانی گۆڕی، دەوری بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، بازاڕی و دوکانداران، پزیشکان، مامۆستایان، کەسایەتی و نوخبەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ژنان، لاوان، خوێندکاران بە قوتابییانەوە، مامۆستایانی ئایینیی دەروەست لە کوردستان و هەروەها دیاسپۆڕای کورد لە دەرەوەی وڵات دیار و پڕبایەخ بوو کە حیزبی دێموکرات هەم بە چاوی بایەخەوە لێیان دەڕوانێ و هەم بە پێویستی دەزانێت لە داهاتوودا باشتر لە توانا و زەرفییەتەکانی خۆی بۆ پێشخستنی پرسی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە و ڕێکخستن و یەکخستنی وزەی خەباتگێڕییان کەڵک وەربگرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوو ساڵەی بزووتنەوەی ژینادا بە مەبەستی بەرز و زیندووڕاگرتنی بزووتنەوەکە و پەیامە مافخوازە جەماوەرییەکانی، داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی دەکات بەهەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێ لە ڕۆژانی تایبەت بەم یادەدا چالاک و مەیداندار بن. هەر لەم پێوەندییەدا و بە دیاریکراوی ڕادەگەیەنێ؛ با لە ڕێگای مانگرتنی گشتی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، بۆ جارێکی دیکە وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدان و قوربانیانی بزووتنەوەی ژینا، پێداگری لەسەر پەیامەکانی بزووتنەوەکە بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە داوا لە گەلانی ئێرانیش دەکەین لە پێناو یەکگرتوویی سەرانسەری دژ بەسیاسەتی سەرکوت و سەرەرۆیی کۆماری ئیسلامی ئیران، لەو دەرفەتەدا هاوهەڵویستی و پشتیوانی خۆیان بۆ زیندووڕاگرتنی پەیامەکانی بزووتنەوەی ژینا دەرببڕن.
ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یادی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینادا وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلانی ئێران و، ناردنی سڵاو بۆ قوربانیانی بزووتنەوەکە، پێداچوونەوە و سەرنجخستنەسەر کەماسیەسییەکان و بەهێزکردنی خاڵە ئەرێنییەکان لە چوارچێوەی دیتنی وزە و پتانسێلەکانی کۆمەڵگە و یەکانگیریی نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات بە مەبەستی قۆستنەوەی دەرفەتەکان، بە گرینگ و پێویست دەزانێ. هەر لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکرات وێڕای ئامادەکردنی نەخشەڕێ و پلاتفۆڕمی تایبەت بە وێناکردنی ئێرانی داهاتوو، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخواز و دێموکراتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی
خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی