کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ لە دووەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا

16:18 - 23 خەرمانان 2724

ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانان، سێمینارێک بە بۆنەی دووهەمن ساڵوەگەڕی شۆرشی ژینا لە پارلەمانی سویس بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە لە بەرەبەری دوهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا و سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نەتەوەکانی ئێران وەک کورد و بەلووچ و فارس و لە پارلمانی سویس ڕێک خرابوو.

لە دەستپێکی سێمینارەکەدا بەڕێز تەیموور ئەلیاسی بەرپرسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ژنێف باسێکی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران پێشکەش کرد.

دواتر ڕاوێژکاری کۆمسیۆنی وزارەتی دەرەوەی سویس خاتوو لاورانچ فێلمەن باسێکی لەسەر دۆخی ئێستای مافی مرۆڤ لە  ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

بەشداربووانی سێمینارەکە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئێران باسیان لەوە کرد کە ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا ٤٣ لەسەد زیادی کردووە.

 لە ساڵی ٢٠٢١، ٣٣٣ کەس لە سێدارە دراون و لە سالی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٨٠٠ کەس ئێران لە سێدارە دراون کە ٢٢ کەسیان ژن بوون.

لە بەشی دواتردا کورتە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە  شۆڕشی ژینا و لەسێدارەدان و چۆنیەتیی سەرکوتی خەلک لەلایەن ڕێژیمە نیشان درا.

لەلایەن بەشداربووانی ترەوە سەبارەت  بە شۆڕشی ژینا و ڕۆڵی ژن بەتایبەتی و نەتەوەکانی تر باس کرا کە سەرکوتی کورد و بەلووچ بەشێوەیەکی توندوتیژتر سیستماتیک بوو.

هەروەها ناسر بۆلیدەیی ڕێبەری حیزبی خەڵی بەلووچستان باسی لە شۆڕشی ژینا، دێموکراسی و مافەکانی نەتەوەکان کرد کە زۆر جار بە کەمایەتیی گرووپی ئیتنیک باس دەکرێ و وتی کە ئێران لە کۆمەڵە نەتەوەیەک پێک هاتووە و گەلی فارسیش یەکێ لەو نەتەوانەیە کە داوای مافی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی خۆیان دەکەن.

لە کۆتایی سێمینارەکەدا بەشداربووان پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی کۆڕگێڕانی سێمینارەکە کرد.

بەشداربووان باسی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر لایەنە سیاسییەکان لە کەمپەکانی کوردستانی باشوور کرد و هەروەها داوایان کرد کە سویس کە هەم فرەنەتەوە و دێموکرات و هەم بەرگریکاری مافی مرۆڤە دەتوانێ چی بۆ کورد و نەتەوەکانی تر لە ئێراندا بکات.

جێگای ئاماژەیە لەو سێمینارەدا هەیئەتی کۆمیتەی حیزب بە سەرپەرستیی خاتوو چیمەن بارامیرزا بەرپرسی کۆمیتەی سویسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری چالاکانەیان هەبوو.