کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێڕاق وەک قووڵایی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی

16:40 - 23 خەرمانان 2724

عێڕاق وەک قووڵایی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی

 

عەلی بداغی

سەردانەکەی پزشکیان بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان وەک یەکەم سەفەر و سەردانی سەرکۆماری نوێی ئێران بۆ عێڕاق پێویستە لە چوارچێوەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی بۆ عێڕاق سەیر بکرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٣ ی زایینی بەولاوە و بەدوای گۆڕینی نیزامی سیاسی لە عێڕاق نفووز و دەستێوەردانی ئێران لە عێڕاق ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی کردوە. ستراتیژیی ئێران لە عێڕاق لەسەر چەند تەوەری سەرەکی داڕێژراوە: یەکەم نەهێڵی حکوومەتێک لە بەغدا لەسەر کار بێت کە سیاسەتی دژ و نەیارانەی لەگەڵ تاران هەبێت. دووهەم بە بەکارهێنانی گوشاری ئەو هێز و میلیشیا و لایەنە عێڕاقییانەی سپۆنسەری ماددییان دەکا و لە خۆی نیزیکن، کار لەسەر دەرکردنی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لە عێڕاقدا بکات. سێهەم خاڵیش بەربەست دروستکردنە بۆ کار و چالاکیی سیاسی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران کە بنکەی سەرکردایەتییان دەیان ساڵە لە هەرێمی کوردستان جێگیرە. لە تەنیشت ئەو سێ هۆکارە سەرەکییە بێگومان گرتنەدەستی بازاڕی ئابوووریی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بۆ خوردکردنەوەی کاڵاکانی ئامانجێکی دیکەی کۆماری ئیسلامییە.

هاوتەریبی هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستێوەردانی زیاتر و گرتنەدەستی ناوەندەکانی بڕیار لە عێڕاق، ناڕەزایەتییەکان بەو سیاسەتە و هەژمۆنیخوازییەکانی ئێران لەو وڵاتە پەرەیان سەندووە کە دەتوانین ئاماژە بە خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەند و خوارووی عێڕاق بکەین کە تەنانەت گەیشتە ئەوەی کۆنسولخانەکانی ئێران لە نەجەف و کەربەلا ئاگر بدرێن. بەڵام ئەمە نەبووە هۆی پاشەکشەی ئێران پاشەکشەی و وەک بینیمان لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ ئەوە ئێران بوو نەیهێشت حکوومەتی نوێ لەلایەن ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی پێک بێت، لە کاتێکدا زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەکانیان هێنابۆوە، تەنیا لەبەر ئەوەی سیاسەت و ئایدیاکانی ئەم لایەنانە دژایەتیی لەگەڵ ئەجێندا و بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ عێڕاق هەبوو. پێشتریش لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا لیستی لایەنگری ئێران بە ئەیاد عەلاوی دۆڕا، بەڵام لە ژێر گوشاری ئێراندا نوری ئەلمالیکی دیسان بۆوە سەرۆک‌وەزیر، لەبەر ئەوەی تاران ئەو و ئەوەی دەویست.

پێوەندیدار بە پێوەندییەکانی ئێران و عێڕاق ئاماژە بە چەند خاڵ گرینگە:

یەکەم، عێڕاق شەریکە ئابوورییەکی گەورە بۆ ئێرانە و دوای چین و تورکیا سێهەم هاوبەشی بەهێزی ئابووریی ئەم وڵاتەیە کە لە ساڵی ڕابردوودا بایی ١٠ میلیارد دۆلاڕ کاڵای بە عێڕاق فرۆشتووە و ستراتیژییەکەی ئەوەیە ئەو ئاستە بگەیەنێتە ٢٠ میلیارد دۆلار لە ساڵێکدا.

دووهەم، بوونی مەزارە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق و زۆرایەتیی شیعە لە دوو وڵاتی ئێران و عێڕاق هۆکارێکی دیکەی لێکنیزیکیی ئەم دوو وڵاتەیە و ئەمە لە بەرژەوەندیی هەردوولا شکاوەتەوە. ئێران لە ساڵانی رابردوودا لە سامانی گشتیی خەڵکی ئێران سەدان میلیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە تەرخان کردوە، ئەوە جیا لەوەی زۆر گرووپ و میلیشیای لەم وڵاتەدا هەن کە بە پارە و چەکوچۆڵ تەیاری کردوون و بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆی بەکاریان دێنێت.

سێهەم، بەستراوەیی عێڕاق بە ئێران بۆ سووتەمەنیی گازە. عێڕاق لەمێژ ساڵە بۆ دابینکردنی گاز و سووتەمەنیی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشتی بە ئێران بەستووە و تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بایی دوو میلیارد دۆلار گازی لە ئێران هاوردە کردوە و لەسۆنگەی ئەوەش‌ڕا کە ئەمریکا حکوومەتی عێڕاقی لە گەمارۆکانی سەر ئێران لە بەشی وزەدا مەعاف کردووە، ئەو میلیارد دۆلارانە ئاسان دەچنەوە بەردەستی تاران.

بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا، واتە لە عێڕاقی نوێی پاش حکوومەتی بەعسدا هۆکاری سەرەکیی نائارامی و ناسەقامگیرییەکانی ئەم وڵاتە بووە، پێش هەموو شتێک لەڕێگەی پێکهێنانی گرووپ و میلیشیا و تەیارکردنیان بۆ ئەوەی شەڕی نیابەتیی بۆ بکەن. لەبیرمان نەچێ بەشی زۆری ئەم گرووپ و لایەنانە لە ڕواڵەتدا بۆ شەڕ دژی داعش دروست کران، بەڵام لە بنەڕەتدا بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و سەربازیی ئێران لە عێڕاقدا دامەزراون و ئەمە ستراتیژیی سەرەکیی ڕێژیمە کە لە یەمەن و سووریا و لوبنانیش دەیباتە پێشێ. نموونەی ئەمە لە هیچ کوێی دنیادا نییە وڵاتێک دەیان هەزار هێزی چەکداری سوپای فەرمیی وڵاتەکەی سەر بە دەوڵەت و وڵاتێکی دیکە بن و لەوێ بڕیار وەربگرن!

ڕەهەندێکی دیکەی ناسەقامگیرکردنی عێڕاق و هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دەستدرێژیی ئەم وڵاتە بۆ سەر سەروەریی خاکی عێڕاق و هەرێمی کوردستان کە نموونەکەی تۆپباران و مووشەک‌ هاویشتن بۆ قووڵایی خاکی هەرێم و تەنانەت پێتەختی هەرێم بووە. وەک پێشتریش باس کرا لایەنێکی دیکەی دەستێوەردانی ئێران بۆ ناسەقامگیرکردن و ڕێگری لە ڕەگداگوتانی دێموکراسی لە عێڕاق کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنەکان بەتایبەت لە بەغدا بووە بۆ ئەوەی حکوومەت و دەسەڵاتی نیزیک لەخۆی بێتە سەر حوکم.

سەردانەکەی پزشکیان بۆ عێڕاق و هەرێم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جۆرێکی تری بردنەژێر پرسیاری سەروەریی سیاسیی ناوەندەکانی حوکم لەو وڵاتە بوو. سروشتییە ئێران و عێڕاق وەک دوو وڵات پێکەوە پێوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابوورییان هەبێت، بەڵام سەردانەکەی پزشکیان سەرەتا بەغدا، لەوێڕا بۆ هەولێر، دواتر سلێمانی و پاشان سەردانی نەجەف و لەوێ‌ڕا بۆ کەربەلا و پاشان بەسرە و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێرانییەکان لەم وڵاتە لەکوێی دیپلۆماسی و ئیتیکێتی دیپلۆماتیکدا جێ دەگرێ؟ ئەننەهوو بڵێی پزشکیان سەرکۆماری عێڕاقە و پارێزگاکانی خۆی بەسەر دەکاتەوە و ئەوەی پزشکیان و کۆماری ئیسلامی مەبەستیانە و کردیان لە دەرەوەی عورفی دیپلۆماتیکی نێوان دوو وڵاتی خاوەن سەرەوەریدا جێ دەگرێت. ئەوە ئەم خاڵەیە کە پێویستە ڕێبەرانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بیبینن و گرینگیی پێ بدەن.