کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی دووهەمین ساڵوەگەرێ دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی"، پێ دەنێتە سێهەمین ساڵی خۆیەوە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، لە لایەک درێژکراوەی خەباتی چڕ و بەردەوامی نەتەوەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی دوور لە چەوسانەوەیە؛ لە لایەکی دیکەوە خاڵێکی وەرچەرخانی نوێیە لە مێژووی ئەم نەتەوەگەلە، لە دژی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی ملهوڕ و خۆسەپێن.
پڕئاشکرایە کە پاشخانی مێژووی پرشنگداری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵات، بەستێنی ئەم شۆڕشەی ڕەخساندووە. بزووتنەوەی ژینا، سەرفەسڵێکی نوێ لە مافویستی و نەتەوەخوازیی نەتەوە بندەستەکانی جوغرافیای ئێرانە کە تێیدا پرسی نەتەوە، کەرامەتی مرۆڤ، مافی ژن و مافی ژیانێکی ئازاد، دەبنە چەقی داواکارییەکان.
خاڵی جەوهەریی ئەم بزووتنەوەیە، لە لایەک پێشەنگایەتی و ڕچەشکێنیی ژنانی دلێری کوردستان و ئێران، لە لایەکی دیکەوە، گەشەی بیری نەتەوەیی و ئازادیخوازییە کە پاڵنەر و هەوێنی بزووتنەوەکەن. ئەمەش هیچ گومانێکی نەهێشتووەتەوە کە سەرباری کەندوکۆسپ و گرفتەکانی سەر ڕێ، بزووتنەوەی ژینا، ئاسۆی بەردەوامی و سەرکەوتنی خەبات لەپێناو ئازادیی وێنا کردووە و گەڕانەوەی بۆ نییە.
لە یادی دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە، سڵاوی ئەمەگ دەنێرم بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی سەربەستی و ژیانی ئازاد، بە تایبەتی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا و بنەماڵەکانیان. سڵاوی وەفا دەنێرم بۆ سەرجەم کچان و کوڕانی بەهەست و جەماوەری شۆڕشگێری کوردستان و ئەو ڕەوت و پێکهاتە نەتەوەیی و ئازادیخوازانە (بە تایبەت بەلووچستان، لوڕستان و گیلەکەکان) کە ئاگایانە پشتی شۆڕشەکەیان گرت و گیانفیداییان لە خۆیان نواند و لەم ڕێگەیەدا، زیندان و ئەشکەنجە چۆکی پێ دانەدان.
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەرێی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٣