ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان، لە مەیدانی وێستگەی شەمەندەفەری شاری ئۆسڵۆ بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ بەبۆنەی دووهەمین ساڵوەگەری شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، خۆپێشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو.
خۆپێشاندانەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر پەیامی حیزب و ڕێکخراوەکان بە زمانی نۆروێژی لەلایەن خاتوو زیلان و بە زمانی کوردی لەلایەن خاتوو سەیران مەعرووفییەوە پێشکەش کرا.
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتبوو: خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان زیاتر لە چوار دەیەیە دژی نیزامی ئیسلامی و یاسا نامرۆڤانەکانی بەربەرەکانێ دەکەن، لەگەڵ کوشتنی ژینا ئەمینی وەک پێشەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەستانەوە کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵ و نەخشی بەرچاویان تێدا گێڕا. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە کەم وێنەیە قەیرانی شەرعییەتی ڕێژیمی ئیسلامیی توندتر کرد و پایەکانی ئەم ڕێژیمەی وەلەرزە خست، ئێستاش کە دوو ساڵ بە سەر ئەم کارەساتەدا تێدەپەرێ دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە لووتکەی گوتاری ڕۆژانەی کۆمەڵگای ئێراندایە.
لە پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بە جینایەتەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کرابوو کە بەداخەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس کە زیاتر لە ٧٠ منداڵیان تێدابوو، کوژران، سەدان کەس بریندار بوون و هەزاران کەسیش گیران.
کوشتنی دڕندانەی گەلی بەلووچ کە لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران. جگە لەوەش هەزاران کەس گیران و زیندانی کران و ئەشکەنجەی دڕندانەیان بەسەردا سەپێندرا و دەیان کەسیش لەسێدارە دران.
لە کۆتایی پەیامەکەدا بەم شێوە تیشک خرابووە سەر ئامانجی خۆپێشاندانەکە:
"ئێمە وەک حیزب و ڕێکخراوەکای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێز و کەسایەتییە ئازادیخوازەکانی ئێرانی و نەتەوەکانی دیکەی ناو جوغرافیای ئێران لێرە کۆ بووینەتەوە تا جارێکی دیکە دەنگی ناڕەزایەتیی خۆمان بەرانبەر بە دیکتاتۆری، زوڵم و زۆری و جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە گوێی کۆڕوکۆمەڵانی ئازادیخوازی جیهان و حکوومەت و شەقامی وڵاتی نۆروێژ بڵێینەوە و داواکارین کە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانە لە بەرانبەر ئێراندا وەلابنێن و پشتیوانی لە گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بکەن. ساڵڕۆژی کوشتنی جینایەتکارانەی ژینا ئەمینی، دەتوانێ سەرەتای سەرهەڵدانەوەی شۆڕش بێت. شۆڕشێک کە دەبێت کۆماری ئیسلامی بە هەموو یاسا دژە ئینسانی و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانیەوە لەناو ببات و هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک لەسەر گەلانی ئێران ڕابماڵێ.
جیا لە حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، کۆمەڵێک هێز و کەسایەتییە ئازادیخوازەکانی ئێرانی و هەروەها نۆێنەری چەند حیزبی نۆروێژی پەیامیان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە:
کاترین لین کریستیانسن - سەرۆکی رێکخراوی ژنان
ـ لیلی کریستین لانگنێس - سەرۆکی پارێزگای ئۆسلۆ لە پارتی گەلی مەسیحی KRF
ئۆلا ئێلڤێستون - نوێنەری پارڵمان لە حیزبی چەپ
پەیامی کۆمیتەی بەلووچەکان
کاری کاسکی - نوێنەری پارلمان لە پارتی سۆسیال چەپ SV
نوێنەری پارتی سوور لە شارەوانی ئۆسلۆ
پەیامی "گروە پلاتفۆرم"
مینا ڕەفیق - لە رێکخراوی ژنانی سەربەخۆ - ئوتار Ottar
بێس هارتمان - ئەندامی دەستەی کارگێڕی هاوپشتی لەگەڵ کوردستان
جێگای ئاماژەیە هونەرمەندان هومایون عەزیزی و شێرکۆ مەریوانی بە پێشکەش کردنی سروود بەشداریان لە رێورەسمەکە دا کرد.
ناوی ئەو حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ کە بە هاوبەشی ئەو خۆپێشاندانەیان ڕێک خستبوو بریتین لە:
• حیزبی دێموکراتی دێموکراتی کوردستانی ئێران
• نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات – کۆمیتەی نۆروێژ
• کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
• کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
• پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک
• پارتی ئازادی کوردستان ـ پاک
• پارتی سەربەستی کوردستان
• یەکیەتی دێموکراتی کوردستان
• کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ کنک
• ڕێکخراوی یاری کورد