کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەڕێوەچوونی سێمینارێک بە بۆنەی ساڵوەگەڕی یادەکانی مانگی خەرمانان!

17:31 - 25 خەرمانان 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، کۆمیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ یادی شەهیدان دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی مووشەکبارانی بنەکانی حیزب و هەروەها دووهەم ساڵڕۆژی شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی سەقزی لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ و دەستپێکی "شۆڕشی ژینا" پێکهێنا.

سێمینارەکە دوای بەخێرهێنانی بەشداران لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە "ئارەزوو حیسامی" بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و پاشان یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بە بۆنەی دووهەمین ساڵی دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە لایەن "نەبەز عەلیدووست" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی سوید خوێندرایەوە.

پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەلایەن "ڕێناس محەممەدیان" ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە، لەلایەن "ئەحمەد کارئامووز" هاوسەرۆکی کەنەکە پێشکەش کرا.

ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوە پەیامیان بۆ سێمینارەکە ناردبوو؛

پارتی دێموکراتی کوردستان

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک

ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق ئێران

لە کۆتایی بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا هۆنراوەیەک لەلایەن "جەزا شابازی" ئەندامی حیزب بۆ یادی شەهیدانی بێڕلین پێشکەش کرا.

بەشی دووهەمی سێمینارەکە بۆ کۆڕگێڕانی ئەو سێمینارە تەرخان کرابوو کە بەڕێزان خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی جێگری سەرۆکی ژنانی سۆسیالیست ئێنترناسیۆناڵ و دوکتور هاشم ئەحمەدزادە مامۆستای زانکۆ بوون.

خاتوو گوڵاڵە باسێکی گشتیی لەسەر ڕووداوەکانی مانگی خەرمانان پێشکەش کرد و پەرژایە سەر ئەو ڕووداوانەی مانگی خەرمانان و گوتی ئەوەی من وەک خاڵی هاوبەش دەبینینم ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لانیکەم لە دوو ڕووداودا لە تێرۆریستانی نێودەوڵەتی کەڵکی وەرگرتووە.

لە باسی شۆڕشی ژینادا گوتی:"ئەوانەی لەسەر شەقام بوون، ئەوانەی لەو شۆڕشەدا بەشدار بوون لە بواری جوغرافیاییشەوە جیاواز بوون وەک کوردستان و بەلووچستان و ... جیاوازی شۆڕشی ژینا لەگەڵ جارانی پێشوو ئەوەبوو کە ئەمجارە خەڵک دروشمی ڕێفۆرمخوازییان نەدەدا، بەڵکوو داوای ڕووخانی ڕێژیمیان دەکرد.

شۆڕشی ژینا ئەوانەی دەرەوە و دیاسپۆڕای هێنایەوە مەیدان و چالاکانە لە هەموو ڕێپێوانەکاندا بەشداریمان دەکرد.

ناوبراو باسی لە جیاوازیی داخوازییەکانی خەڵکی نێوخۆ و  دەرەوە کرد و گوتی: "کە خەڵکی سەر شەقامەکان لە پێشەوەی هێزە سیاسییەکان بوون. ناوبراو لە باسی شەهیدانی میکۆنۆسدا گوتی:" کاتێک باسی میکۆنۆس دەکەین ئامانج تەنیا یادکردنەوەی ڕووداوێکی تاڵ نییە، بەڵکوو بۆ زیندووی ڕادەگرین؟

دواتر نۆرە گەیشتە دوکتور هاشم ئەحمەدزادە مامۆستای زانکۆی ئوپسالا لە سوید. ناوبراو باسێکی تێر و تەسەلی لەبارەی شۆڕشەکانی کورد و ڕێبەرانی ئەو شۆڕشانە، چارەنووسی ئەو شۆڕشانە و سەرکردەکانیان پێشکەش کرد. باسی پیلانی دووبارە و چەندبارەی دوژمنانی کوردی بۆ لەداوخستنی ڕێبەرانی کورد کرد و ڕوونی کردەوە کە بەشێکی زۆری ئەو پیلانانە بە دەستی کورد ئەنجام دراون، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ڕێبەرانی کورد ئاگاداری فێڵ و تەڵەکەکانی ڕێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندان، کەچی بۆ خۆشیان تووشی داوی چێندراوی دوژمنان دەبنەوە.

کۆڕگێڕ باسی لە پێگەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەو ڕێبەرانە لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا کرد و گوتی: "دوژمن باش دەزانێ کێ لەناو دەبات و بۆچی لەناوی دەبات، بەڵام ئەوەی ناتوانێ لەنێوی بەرێ پێگەی ئەو ڕێبەرانە لە مێژووی گەلی کورددایە. ناوبراو پێی وابوو ئێستا کە ناتوانین ئەوەی ڕووی داوە بیگێڕینەوە پێویستە مێژووی ڕابردوومان وەربگرینەوە و بە ئاگاداربوون لەو مێژووە، ئێستا بکەینە هی خۆمان و کاریگەریمان لەسەر دروستکردنی داهاتوو هەبێت.

دواتر نۆرە گەیشتە بەشدارانی سێمینارەکە و پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان لەمەڕ باسی گۆڕگێڕەکان خستنە ڕوو، کە لەلایەن ئەوانەوە وەڵام درانەوە.