کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێلژیک/ بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خۆپیشاندانی یادی دوو ساڵەی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی

19:07 - 25 خەرمانان 2724

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان لە مەیدانی مەهسا ئەمینی لە شاری ئێتربیک لە وڵاتی بێلژیک بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایانگرانی حیزبی دێموکرات و چەندین حیزب و ڕێکخراوی ئێرانی بە بۆنەی دووهەمین ساڵوەگەری شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵات و ئێران خۆپیشاندانێکی هاوبەش بە هاوکاریی "حیزبی چەپی ئێران و کۆماریخوازانی سێکۆلار دێموکرات و شەبەکەی زن، زندگی، آزادی لقی بێلژیک بەڕێوەچوو. 

دەسپێکی خۆپێشاندانەکە بریتی بوو لە خوێندنی سروود و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب کە لەلایەن کاک سەعدوون بەهرامییانەوە ئامادە کرابوو پێشکەشی بەشداربووان بکرێت .

ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاوڕێکی کورتی لە شەهیدکرانی ژینا و دەسپێکی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات و دواتر پەرەسەندنی بۆ هەموو شارەکانی ئێران کرد و باسێکی لە جینایەتەکانی ڕێژیم لە هەمبەر خۆپێشاندەران کرد.

هەروەها لە بەشێک لە پەیامەکەیدا باسێکی لەسەر سیاسەتە درووستەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژانی بەردەوامی شۆڕشی ژینادا کرد کە بوو بە هۆکاری ترسی زێدەتری ڕێژیم لە حیزبی دێموکرات و خۆشەویستیی ئەو حیزبە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات و مووشەکبارانی بارەگاکانی ئەو حیزبە هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامیی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و ئێران کە هەتا ئێستاش بەردەوامە و بە تایبەت کاردانەوەی ئەو شۆڕشەی لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری  لە ئێران کرد کە بەشداریی خەڵک لەم هەڵبژاردنە لە کەمترین ئاستی خۆیدا بوو.

دوای بڵاوکردنەوەی چەندین سروود داوا لە هەر یەک لە لایەنە ئێرانییەکان کرا کە پەیامەکانی خۆیان لە بابەت شەهیدکرانی ژینا و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پێشکەشی بەشداربووان بکەن.

جێگای ئاماژەیە کە لەلایەن مامۆستا بەها ئیبراهیمییەوە پیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەبۆنەی دووهەمین ساڵی شەهیدبوونی ژینا بڵاو کرابووەوە پێشکەش بە خۆپێشاندەران کرا.

لە درێژەی چالاکییەکاندا سروودی بژی حیزبی دێموکرات بڵاو کرایەوە .

خۆپێشاندان بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەلایەن خاتوونێک لەسەر بارودۆخی ئێستای نێوخۆی ئێران و گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی سیاسی کۆتایی هات .