دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لە گۆڕەپانی "سێرگێل" لە ناوەندی شاری ستۆكهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید، خۆپێشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ئازادیی زیندانییانی سیاسی و دووهەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ژینا، بەڕێوە چوو.
لەو خۆپێشاندانەدا وێڕای نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە ئێرانی و كوردستانییەكانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕێژەیەكی بەرچاو لە ئازادیخوازانی نەتەوە جیاوازەكانی ئێران و كەسایەتییە سیاسییەكان بەشدار بوون و پەیامیان خوێندەوە.
كۆمیتەی سویدی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمیتەی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە پەیامێكی هاوبەش بەشداریی ئەو خۆپێشاندانەیان كرد كە لەلایەن "هیوا حاجی ڕەسووڵی" برای یەكێک لە شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا، شەهید "محمد حاجی ڕەسووڵی"، خوێندرایەوە.
لە پەیامەكەدا هاتبوو؛ كە لە یادی دوو ساڵەی ڕاپەڕینی ”ژن-ژیان-ئازادی”دا یاد لە تەواوی ئەو قارەمانانە دەكەینەوە كە بە پێشڕەویی ژنان و كچانی ئازا و چاونەترس ڕووبەڕووی دوژمنێكی دڕندە و خوێنمژ وەستانەوە و بەوەش دەسپێكی كۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی ڕێژیمێكی تۆتالیتاریستی ئیسلامیی سیاسییان هێنایە كایەوە.
هەروەها لە كۆتایی پەیامەكەشدا هاتبوو كە ئێمە وەک كۆمیتەی سویدی حیزبی دێموكرات و ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی سەرتاسەریی ڕۆژی یەكشەممە ٢٥ی خەرمانان دەكەین كە لەلایەن جووڵانەوە مەدەنییەكانی نێوخۆی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوە.