کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی سی و دووهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی

20:29 - 25 خەرمانان 2724

هاونیشتمانیانی کوردستان!

  ٢٦ی خەرمانانی ئەوساڵ ٣٢ ساڵ بەسەر تێرۆری دوکتور سادق شەڕەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات؛ فەتاح عەبدولی، نوێنەری حیزب لە ئورووپا؛ هومایون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی، کەسایەتیی سیاسیی ئێرانی و دۆستی حیزبی دێموکرات بە دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێ. شەوی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی دوکتور سادق و هاوڕێیانی لە شاری بێرلینی پێتەختی ئاڵمان دوای بەشدارییان لە کۆنگرەی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و بە فەرمانی ڕێبەرانی تێرۆریستی تاران تێرۆر کران. ئەوان لە کاتێکدا درانە بەر دەستڕێژ، کە سەرقاڵی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئێران و تاوتوێکردنی ڕێگەکانی هاوئاهەنگیی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە پێناو وەدیهێنانی ئازادی و دێمۆکڕاسیی بۆ گەلانی ئێران بوون.

 دوکتور سادق لە بارودۆخی دژواری دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوودا، ئەرکی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی گرتە ئەستۆ و توانی نەک وەک میراتگری ڕاستەقینەی دوکتور قاسملوو خەباتی شۆڕشگێڕانەی حیزبی دێموکرات بە لێوەشاوەیی و لێهاتوویی خۆی درێژە پێ بدات، بەڵکوو شوێنپەنجەی تایبەتیی خۆیشی بەسەر بەڕێوەبەریی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو سەردەمدا بەجێ بێڵێ. دوکتور سادق حیزبی دێموکراتی لەو شڵەژانە سیاسی و ئیدئۆلۆژییە پاراست کە بە دوای ڕووخانی دیواری بێرلین و هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تووشی بزووتنەوە ڕزگاریخواز و چەپەکان ببۆوە.

 دوکتور سادق وەک یەکێک لە بەرجەستەترین کەسایەتییە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی خاوەن پێگەیەکی بەهێز بوو لەنێو چالاکانی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەریی ئێران، بەشێوەیەک کە لەو ماوە کورتەی ئەرکی سکرتێریی حیزبی دیمۆکڕاتی لە ئەستۆ بوو؛ هەوڵێکی زۆری دا لەپێناو کۆکردنەوەی لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەر ئەوەش یەکێک لەو هۆیانە بوو کە کۆماری ئیسلامی بڕیاری تێرۆرکردن و سڕینەوەی بدا.

 دوکتور سادق لە هەلومەرجێکدا ئەرکی ڕێبەریی حیزبی کەوتە سەر شان، کە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ناوچەیی و جیهانی ڕوویان دا بوو و کاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، ناوچە و جیهان دانابوو. کۆتاییهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێڕاق و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتانەدا دۆخێکی نوێی هێنابووە ئاراوە کە بەردەوامیی تێکۆشانی پێشمەرگانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوڕووی پرسیاری جیددی کردبۆوە و ئەو نیگەرانییەی لای تێکۆشەرانی کورد دروست کردبوو کە بۆ جارێکی دیکە شۆڕشی کورد ببێتە قوربانیی سات و سەودای وڵاتانی ئێران و عێڕاق. لەو هەلومەرجەدا دوکتور سادق بە هاوکاریی ڕێبەریی حیزب ڕۆڵێکی گەورەی لە پتەوکردنی بنەما سیاسی و شۆڕشگێڕییەکانی حیزبی دێموکرات گێڕا و ورە و ئیمانی حیزبی دێموکراتی بە بەردەوامیی خەبات لەپێناو داوا ڕەواکانی گەلەکەماندا بە بەرزی هێشتەوە.

دوکتور سادق لە وێژمانی سیاسیی خۆی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکاندا زۆر بە ڕاشکاوی پێداگریی لەسەر مافە نەتەوەییەکانی کورد دەکردەوە و مەرجی حیزبی دێموکراتی بۆ چوونە نێو هەر هاوپەیمانەتییەک بە دانپێدانانی ڕەسمیی لایەنەکان بە مافە نەتەوەییەکان دەبەستەوە. دوکتور سادق لە پەنا گرنگیدان بە مەسەلەی نەتەوایەتی و خۆپاراستن لەو شەپۆلە بە تەوژمە سۆسیالیستییە جیهان‌نیشتمانییەی بەتایبەت لە دەیەی ٦٠ بەسەر کەشی سیاسیی کوردستاندا قورسایی دەکرد، بڕوامەندیی قووڵی خۆی و حیزبەکەی بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی نەدەشاردەوە.

ئۆگران و وەفادارانی ڕێگای شەهیدانی کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ!

 تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەگەڵ ئەوەی زەبرێکی گەورە بوو لە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دیمۆکرات بەتایبەتی و خەباتی گەلانی ئێران بۆ ئازادی درا، لە هەمان کاتدا بوو بە هۆی ئەوەی بۆ یەکەم جار پەروەندەیەکی حوقووقی و قەزایی دژی کۆماری ئیسلامی بکرێتەوە و تێیدا بە بڕیارێکی ئازایانە و بێوێنە، دادگایەکی ئورووپایی بەرپرسانی هەرە پایەبەرزی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار بناسێنێ. کۆماری ئیسلامی بەر لە تێرۆری دوکتور سادق، زۆر کەس لە چالاکانی سیاسی و ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی لە وڵاتانی ئورووپاییدا تێرۆر کردبوو، لە کاتێکدا سەبارەت بە هیچ‌کام لەو تاوانانەدا بەرەوڕووی بەرپرسیارەتی نەکرابۆوە. بۆیە حوکمی دادگای میکۆنووس و بە تاوانبار ناساندنی ڕێبەرانی ڕێژیم لە هەر دوو ڕەهەندی سیاسی و حوقووقییەوە گرینگ و جێگای تێڕامانە و بە دەسکەوتێکی گەورە بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازان دادەنرێت.

 سەرەڕای دەسبەسەر کردن و سزادانی ژمارەیەک لە بکەران و پلانداڕێژەرانی تێرۆری میکۆنووس، ئەو پەروەندەیە هەتا ئێستاش بە کراوەیی ماوەتەوە و بڕیاردەران و تاوانبارانی سەرەکیی ئەو تاوانە هەتا ئێستا سزای تاوانەکانیان وەرنەگرتوە. بەپێی حوکمی دادگا بڕیاری گرتن بۆ عەلی فەللاحیان، وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکات دەرچووە و ناوبراو نەک هەر هەتا ئێستاش لە بەردەم دادگا ئامادە نەبووە، بەڵکوو بەرپرسیارەتیی جۆراوجۆری لەنێو ڕێژیمدا پێ دراوە. لە لایەکی دیکەوە دادگا، خامنەیی (ڕێبەری مەزهەبیی حکوومەت)، ڕەفسەنجانی (سەرکۆمار) و ویلایەتیی (وەزیری کاروباری دەرەوە) وەک بڕیاردەرانی سەرەکیی تێرۆری میکۆنووس ناساندوە و ئەوەش وایکردوە لەڕووی قەزاییەوە پەروەندەی ناوبراوان لە دادگادا بە کراوەیی بمێنێتەوە و دادگا ئەرکدارە بەوەی لە کات و ساتی گونجاودا تاوانباران بکێشێتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو پەروەندەیە یەکلا بکاتەوە. لەو پێوەندییەدا هیواخوازین بە کاروتێکۆشانی هەمەلایەنە و لە هەلومەرجی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا جارێکی دیکە هەوڵەکان بۆ وەگەڕخستنەوەی پەروەندەی مێکونووس و بە ئاکام‌گەیاندنی یەکجارەکیی بخرێتەوە گەڕ.

خەڵکی خەباتکاری ئێران و کوردستان!

 بەهێزی و جیددیەتی حوکمی دادگای میکۆنووس، کۆماری ئیسلامیی ناچار کرد تا ڕادەیەکی بەرچاو بۆ ماوەی چەندین ساڵ خۆ لە تێرۆری جیابیران و چالاکانی سیاسی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت وڵاتانی ئورووپا بپارێزێ. هاوکات پەروەندەی میکۆنووس و حوکمی دادگا لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ئاسەواری جۆراوجۆری لێ کەوتەوە و کاریگەریی لەسەر ڕادەی مەشرووعیەتی ڕێژیم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانا. بۆ یەکەم جار دادگایەکی بێلایەنی ئورووپایی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی بە تاوانبار ناساند و ئەوەش ڕاستەوخۆ بە واتای بردنە ژێر پرسیاری مەشرووعیەتی کۆی سیستەمی سیاسیی ئێران بوو، بە شێوەیەک کە سەرجەم وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای میکۆنووس باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران کشاندەوە. ئەم بڕیارە بە سزادانی کۆی حاکمییەتی سیاسیی ئێران دادەنرێ و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر پچڕانی پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمێکی نابەرپرس و سەرەڕۆ کە دەستدرێژی کردۆتە سەر بەها جێگیرەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک دەستدرێژی بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان لە دەرەوەی دادگا، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی و پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتی ئاڵمان.

 لەگەڵ ئەوەی سات و سەودای سیاسی و بازرگانیی وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و گرتنەبەری سیاسەتی گفتوگۆی ڕەخنەگرانە بووە هۆی ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا باڵوێزەکانیان بنێرنەوە تاران و پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئاسەواری ئەو سزایانە وەک پاشخانێکی تاریک لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا ماوەتەوە و لە وێستگەی جیاوازدا کاریگەری لەسەر هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر کۆماری ئیسلامی دادەنێ. جموجۆڵەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، وەک بڕیاری پارلمانی ئورووپا بۆ خستنە نێو لیستی تێرۆری ئەو یەکیەتییە و لێدوان و هەڵوێستی کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئورووپایی لەو بارەوە بەرهەمی لاسارییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و یەک لەوان تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەو ڕێژیمەیە کە لە دادگای میکۆنووسدا بە ڕاشکاوی پێداگریی لەسەر کراوە.

 کۆماری ئیسلامی بە تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات بە تایبەت دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی نەک هەر نەیتوانی ئیرادە و بڕوای حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەبات لە پێناو وەدیهێنانی داوا ڕەواکانی لاواز بکا، بەڵکوو ئەویندارانی قاسملوو و شەڕەفکەندی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێداگرتر و بە هەنگاوی پتەوتر بەرەو ئامانجەکانیان ڕێگا دەبڕن. بزووتنەوەی جەماوەریی ژن، ژیان، ئازادی، نەورۆزی جامانەکان و دووجار بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی کوردستان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و سەرکۆماری لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئاماژەی بەهێز و ڕاشکاوی لە وەفاداری بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی شەهیدی تێدا بەدی کرا.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵیادی تێرۆری شەهیدانی میکۆنووس، بەتایبەت دوکتور سادق شەرەفکەندی، ڕێبەری شوێندانەری خەباتی نەتەوەیی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێداگری لەسەر بنەما نەگۆرەکانی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد دەکاتەوە و هیوادارە زۆر نەخایەنێ کە سەرانی ڕێژیمی تاوانکار و مرۆڤ کوژی کۆماری ئیسلامی لە دادگایەکی عادڵانەی گەلانی ئێراندا بە سزای تاوانە بێ سنوورەکان بگەن.

 لە ٣٢ ساڵەی تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانیدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکیان و ڕێزدەگرین لە خەبات و باوەڕیان بە ئازادیی گەلی کورد و باقی گەلانی ئێران.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی